گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غداد و ڕێك نه‌كه‌وتنی لایه‌نێك بۆ دیاریكردنی ته‌نها كاندیدێكی گونجاو، وه‌ موئامه‌ره‌كردن له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، ، گه‌وره‌ترین شكست و بێده‌ره‌تانی كورد بوو له‌ ساڵی (2014) دا. له‌به‌ر (3) هۆ:

یه‌كه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌خشكه‌یی، له‌كاتێكدا پانزه‌ ڕۆژ به‌رله‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ ئینعاش بوو، به‌په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئێمه‌ داڵده‌ده‌ری عیزه‌دوری و لانه‌ی تیرۆریستان بوین، وتمان: جارێكی تر ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌غداو، مادده‌ی 140 كۆتایی پێهات و ئیتر باسی ناكه‌ینه‌وه‌، كارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ڕاپرسی بكه‌ین و به‌س ئه‌وه‌ مابوو فووی پیا بكه‌ین و ئیعلانی بكه‌ین. . پێشوتر هه‌رخۆیان له‌كاربه‌ده‌ستانی كورد له‌به‌غدا ئه‌یانگوت: ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌و هه‌موو شت به‌ده‌ست دیكتاتۆریه‌تێكی شیعه‌وه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌موو وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌به‌غدا بوون نه‌یانئه‌زانی بودجه‌ی هه‌رێم بڕاوه‌!!. هه‌ینێ كاك نێچیرڤان چووه‌ به‌غدا زانیتی حكومه‌تی مه‌ركه‌زیی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌!. ئێستا چ له‌مه‌سه‌له‌كه‌ گۆڕاوه‌، وا به‌ته‌وژم و گوڕوتینێكه‌وه‌ په‌لاماری كورسی ئه‌ده‌نه‌وه‌ له‌به‌غدا. . له‌وه‌ئه‌چێت مافی چاره‌ی خوَنوسین له‌ مه‌وسوعه‌ی جه‌ماعه‌تدا بریتی بێت له‌ ڕاكردن به‌دوای پاره‌و ئیمتیازاته‌كانی به‌غدادا.

دووه‌ه‌م: گشت كه‌سێك، گشت توێژێك ئه‌زانێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ناو كورددا، به‌ده‌نگدانی خه‌ڵك بوایه‌، ئه‌وا زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌نگه‌كان بۆ به‌رهه‌م ساڵه‌ح ئه‌بوو. ته‌نانه‌ت به‌ڕێز فواد مه‌عسوم له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2010) بۆ په‌رله‌مانی عێراق به‌ده‌نگی خه‌ڵك ده‌رنه‌چو بو، تاڵه‌بانی به‌ قبوڵ خاس بردیه‌ به‌غداو كردیان به‌سه‌رۆكی لیست، جگه‌له‌مانه‌ یه‌كێتی ته‌نیچكی نامۆ نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌ومانان. . ئه‌وه‌ بۆیه‌كه‌مجاریشه‌ بۆ ئێمه‌ی توێژه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان و خه‌ڵكیش به‌ئاشكرا ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌: پشتگیری خه‌ڵك له‌زۆربه‌ی هاوكێشه‌كاندا نایخوا، دیموكراسییه‌ت و نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ قسه‌یه‌كی قۆڕه‌و هیچی تر. . له‌م ناوچه‌یه‌ ئێران ئه‌یخوات. بگره‌ بۆ مێژووش ئه‌مه‌ ئامرازێكی گرنكه‌. لانی كه‌م هوشیاری كردینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مجاره‌ش كورد یه‌كڕیز نییه‌و له‌نیوه‌ی ڕێ ئه‌بێت به‌ده‌م و قاڵه‌یان. . یان ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ له‌ولاوه‌ فیكه‌یه‌ك لێ هه‌ڵه‌داتی خه‌ون و خه‌یاڵت به‌تاڵه‌كاته‌وه‌.

سێهه‌م: دروستكردنه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق جارێكی تر به‌ده‌ستی كورده‌كان، ته‌نهاو ته‌نها بۆخاتری پاره‌و ئیمتیاز، ئه‌مجاره‌ باجێكی قورسی مێژوویی به‌دواوه‌یه‌، له‌به‌ر زۆر هۆكار. ساده‌ترینیان ئه‌وه‌یه‌، داعش لاوازكردن و گرتنی به‌غدای به‌ئامانج گرتووه‌، له‌ملاوه‌ كورده‌كان كه‌ تا دوێنێ ئه‌یانگوت: ئێمه‌ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ناكه‌ین و به‌شدارنین له‌م جه‌نگه‌ تایه‌فییه‌. ئه‌مڕۆكه‌ به‌ده‌ستی ئێران و قاسمی سوله‌یمانی سه‌رۆك كۆمارێكی لاوازی كورد دائه‌نرێت. ده‌بێت بزانین داعش كورد نییه‌ پلان و پیلانی نه‌بێت. بچن به‌دواداچون بكه‌ن بۆ مه‌شق و ئامانج و نه‌خشه‌كانیان له‌ ساڵی (2007) ه‌وه‌ تا ئێستا.

بۆیه‌ جێی ترسێكی گه‌وره‌یه‌، له‌مه‌ولا داعش هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی توند تر بكات دژی كورد، هه‌ر نه‌بێت له‌ساده‌ترین كاردانه‌وه‌یدا، هه‌زاران قاعیده‌و شانه‌و خه‌ڵكی نوستویان له‌ناو ئه‌م هه‌رێمی كوردوستانه‌ هه‌یه‌.

ئێستا به‌رهه‌م ساڵه‌ح، له‌ناو قاعیده‌و كه‌وادیری ناوه‌نجی حزب و كۆی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كاندا، جه‌ماوه‌رێكی به‌تینی هه‌یه‌، ، له‌ 17ی شوبات ئێمه‌ ڕائیدی خۆپیشاندانه‌كان بوین، تاقه‌ كه‌سێك ئاماده‌گی ده‌ربڕیبێت بۆئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك گفتوگۆ بكات ئه‌و بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وكات و ئه‌مجاره‌شیان له‌گه‌ڵ پارتی، ئیشه‌كه‌یان لێكرد به‌شه‌ڕی شه‌خسی و شه‌خسه‌نه‌كردن، ئه‌گه‌رچی 9 سه‌عات له‌ناوپه‌رله‌ماندا وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارانی دایه‌وه‌. . . له‌وكاته‌ی ئێران به‌زۆر ئه‌یویست یاری به‌ده‌نگی خه‌ڵكی كوردوستان بكات، ده‌ستكاری ئه‌نجامه‌كانی ئه‌كرد له‌عێراقیش، جه‌ماعه‌تێك له‌ئه‌لبیسه‌كه‌ی سوله‌یمانی خه‌ریكبون ده‌نگه‌كان بۆ یه‌كێتی زیاد بكه‌ن و، ده‌ستكاریی سندوقه‌كان بكه‌ن، به‌رهه‌م ساڵه‌ح گوتی: دۆڕاندن ناخۆشه‌، خۆ دزینه‌وه‌ له‌بڕیاری خه‌ڵك شه‌رمه‌زارییه‌. یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی (2) جار خۆیان له‌بڕیاری خه‌ڵك دزییه‌وه‌:جارێكیان به‌رهه‌م ساڵه‌حیان پشتگوێ خست، جارێكیان به‌بێ هۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غدا.