یه‌كه‌م: چه‌ند له‌نوكته‌ ئه‌چێت، وڵاتێك سه‌دا په‌نجای خه‌ڵكه‌كه‌ی كرێچی بن، 2 مانگ جارێك مووچه‌یان بدرێتی، شووققه‌و ڤیه‌للا له‌سه‌ر زه‌وی به‌لاش، به‌ 20 ده‌فته‌رو 80 ده‌فته‌رو 120 ده‌فته‌ر بێت!!. من زۆرجار ئه‌ڵێم به‌خوا ئه‌و هیتله‌ره‌ چاك خه‌ڵكی ناسیوه‌!!.

دووه‌م: باشه‌ ئێمه‌ په‌رله‌مانمان بۆ چییه‌، خۆ له‌4 ساڵی ڕابردوو له‌بری یاساده‌ركردن، یاساكانی په‌كخستوه‌، له‌بری چاودێری ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی بكات، خۆی پێویستی به‌ چاودێرییه‌!!. ئه‌وا ساڵیكیشه‌ ڕۆشنبیره‌ هه‌لپه‌رسته‌كانی دوێنی، كه‌خه‌ڵك وای ئه‌زانی ئه‌مانه‌ جه‌هه‌نم تووڕ ئه‌ده‌ن و فیرده‌وسی نه‌بڕاوه‌ دێنن، مووچه‌ وه‌رئه‌گرن و كارو ده‌وامیشیان نییه‌!.

سێهه‌م: هه‌ندێك له‌مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و هه‌ندێكی ده‌وروبه‌ریشیان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌كته‌بی سیاسیی و ئه‌و دارایی و په‌یوه‌ندیی و ناسه‌روه‌رییانه‌، هه‌موو موڵكی ماڵی باوكیان بێت، بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌، به‌س ئه‌وان خاوه‌نی نین، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی بوون چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ لێی، یان له‌كه‌ناره‌وه‌ چاوه‌ڕێی هاتنه‌دی خه‌ونی چاكبونی ده‌كه‌ن. سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌شه‌رقا به‌گشتی حزب نانی كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌دات!. زۆرجار بیستراوه‌ فڵانه‌ ماڵ هه‌رنانی ئه‌و حزبه‌ ئه‌خۆن!!!.

چواره‌م: ئه‌وا نزیكه‌ی 90 ڕۆژه‌ سه‌یری یه‌ك كه‌ناڵی ئاسمانی كوردیم نه‌كردووه‌، ساڵێكیش زیاتر یه‌ك میدیای ئه‌هلیم نه‌خوێندۆته‌وه‌، له‌دوای ڕۆشتنی كه‌مال ڕه‌ئوف له‌ هاوڵاتی، بابه‌ته‌كانی ئێمه‌یان سانسۆركرد، به‌ئیعازی گۆڕانی ئاخر زه‌مان و ئاخر زه‌مانی گۆڕان (ئه‌ی چۆن ئێمه‌ كوڕی شاره‌كه‌ نین!) بۆیه‌ هاوڵاتی بم خوێنێته‌وه‌ نای خوێنمه‌وه‌. ئینجا ڕۆژنامه‌ یه‌ومییه‌كانی حزب ئه‌وا هه‌ر نای خوێنمه‌وه‌. . خۆشیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هیچ بێ زانیاری نیم و بگره‌ زیاتریش له‌وان!.

پێنجه‌م: ئه‌ڵێن له‌كۆندا وتراوه‌، "له‌م گوێیه‌یه‌وه‌ ئه‌ڕوات، له‌و گوێیه‌ی تریه‌وه‌ ده‌رئه‌چێت!". ئه‌مه‌ كورده‌ نه‌ك كاره‌ساتی دوێنی و پێرێ، سه‌عاتێكی تری بیره‌چێته‌وه‌، ئێمه‌ به‌وه‌ش مه‌منونین له‌م گوێیه‌یانه‌وه‌ بڕوات له‌وه‌ی تره‌وه‌ ده‌رچێت، به‌ڵكو هه‌ر ڕێگه‌ناده‌ن بچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی تۆزێكی تیا جێ بمێنێت!!.

ئه‌م 5 خاڵه‌، كورتكراوه‌ی پێنج ووتاره‌، به‌قه‌ولی خۆیان هینه‌كانمان درێژه‌و، زۆر ئه‌چینه‌ ناوقووڵاییه‌وه‌و، ووشه‌ی قورس نابێت به‌كار بێت و، هیوادارم ته‌نها ئه‌م چوار بچێته‌ ژووره‌وه‌، واز ناهێنین تا نه‌یكه‌ینه‌ ژووره‌وه‌.