ناو بەناو چەند ساتێک بۆ رابردوو دەگەڕێمەوە، چەند وێستگەیەک لە رابردووى خۆم دەموەستێنێ، ناشزانم بۆچى لە رووى کاتەوە وێستگەى کورتن، بەڵام لە رووى یادەوەرییەوە زۆر درێژخایەنن. هەن زۆریان لە خزمەت بووم، زەمەنیان زۆر بردم، بەڵام لە یادەوەریدا ناموەستێنن، رامناجفرێنن، تەزووم بە لەشدا ناهێنن بە جۆرێک لە بنى پێمەوە بێت و لە تەوقى سەرمەوە بچێتەدەر! هێندێکیش پێچەوانەن! ئێستاش ئەم مەتەڵەم بۆ حەل نەبوو، بەڵام واى بۆ دەچم هەستێکى مەعنەوییه و شیکاركردنى پێویستى بە وزەیەکى رۆحيى گەورە هەیە. 

ساڵى 1992 له هەولێر پێم خستە نێو مزگەوتێکەوە، کە دواتر ناوى مزگەوتەکەم زانى، ئەوەى ئێستاش لە خەیاڵم مابێ، دەرگایەکى گەورەى هەبوو، پێچەوانەى ئەو مزگەوتەى نزیک ماڵمان کە دەرگایەکى یەک دەرى وەک دەرگا یەک دەريیەکەى ماڵى ئیمە بوو، حەوشێکى زۆر گەورەى نەبوو، بەڵام چەند درەختێک لە حەوشەکە بوون، تەواو نازانم دارى پرتەقاڵ بوو یان سەوزایى موتک بوو، بە دەستى لاى چەپەوە دەرگای ژوورێک هەبوو، من خۆم لەناو کۆمەڵە زانایەک بینییەوە، کە چووینە ژوورەوە هەر چوار لاى ژوورەکە زاناى ئایینى بوون، لە ژوورەکەدا ئەوەى زۆر سەرنجى راکێشام و لەبیرم ناچێتەوە، لە سەرینگانى ژوورەکە (کە دواتر زانیم حوجرەیە) دەستە کتێبێک کە خۆى لە 20-30 کتێب دەدا لە شێوەى ریزکردنى کتێبى رەفەى کتێبخانە لەسەر زەوى ریزکرابوون، (کە ئەمە بۆ من یەکەم جار بوو، کتێبخانە هەبێ و کتێب لەسەر عەرز بن، دواتر زانیم ئەو کتێبانەن بۆ پرسە هەنوکەییەکانن و کتێبى بەردەستن) لەم دیوى ریزە کتێبەکەوە مەلایەکى ریش سپى باڵامامناوەندى نزیک لە بەژن کورتێک دانیشتبوو، کە من یەکەم جاربوو ئەم شێوازە ببینم و چوار دەوریش هەمووى مەلا بوون. بیرمە من لەلاى خوارەوە دانیشتبووم، بەلام تەواو لەبیرم نییە دەستى مامۆستام ماچ کرد یان نا؟ چونکە مەلایەکان هێندە زۆر بوون بۆ منداڵێکى شەرمنى وەک من، سەخت بوو تەوقە لەگەڵ هەمووان بکەم، یان بە تەنێ نزیک ببمەوە لە مامۆستا!
گفتوگۆو گەنگەشەکان بەردەوام بوون، ناوەڕۆکى دانیشتنەکەم بیرنەماوە، بەڵام ئەوەم هەر لەبیرە کە لە دانیشتنە زیاتر لە دوو سعاتییەکە وەرەس بووم و هاتمە حەوشەکە، لە گەڵاى سەوزى درەختى حەوشەکە بترازێ هیچ شتێکى ناو حەوشەکەم نایەتەوە بیر، رەنگە گرفتەکەش لەوە بێت ئەوە بۆ 22 ساڵ دەچێت، هێشتا ڕێم نەکەوتۆتەوه ئەم مزگەوتە، ئەگەر چەند ساڵێک دواتر بچومایه، دڵنیابووم زۆربەى یادەوەرییەکانم دەهاتەوە بیر، بەڵام دڵنیام دواى ئەم ماوە زۆرە، ئێستا مزگەوتەکە گۆڕاوە.
رۆیشتنەکەشم لەبیرماوە، بە پێ لەوێوە هەتا بن قەڵات هاتین، ئەوەى لە مامۆستایەکان وەبیرم بێنۆ، تەنیا مامۆستا عەبدوڵڵاى هەرتەلى بوو لە مزگەوتى گەرەکى تەعجیل لایدا، کە دواى پێنج ساڵ لەو مێژووە زانیم کە ناوبراو مەلاى مزگەوتى تەعجیلە!
ئەم یادەوەرییانە بۆ منداڵێکى وەک منى دانیشتووى شەقڵاوە، هەمیشە لە مێشکم دەهات و دەچوو، کەم رێ کەوتنە هەولێرو بەبیرنەهاتنەوەى شوێنى مزگەوتەکەش گرفتێکى دیکە بوو! ناو بەناو ناوم دەبیست، بەتایبەتى ئەوەى زۆرتر سەرنجى بۆ لاى خۆى راکَێشام، لە شوێنێک خوێندمەوه کە مامۆستا بۆتە ئەندامى گفتوگۆى تێزى دکتۆرایەک لەسەر مەحوى، ئەو خەبەرەش هێندەى تر شەیداى کردم. تا ساڵى 1999 دواى کردنەوەى مزگەوتى گوندێکى سەر بە قەزاى شەقڵاوە، وێنەیەکى جەماعیم کەوتە دەست، بۆ دووەم جار ئەم زانا ریش سپى و نوورانیيە لە ناوەراستى دە دوانزە زانادا راوەستابوو، ئەوم لەکن غەریب نەبوو، دواى پرسیارکردن: مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا فەرهادیم هاتەوە بەرگوێ، ئەوجا وەک ئەوەى هەنگوینم لە دارێ دیتبێتەوە، یادەوەریم دەستى بە جوڵە جوڵ کردو هەموو شریتەکەم لە مێشکم لێدایەوە. .
رۆژ هات و رۆژ چوون، لە بەشى کوردى کۆلیژى ئاداب وەرگیرام، پێشتر لە پێنجى ئامادەیى حەزى شیعرى کلاسیک لە کەللەى دابووم و چەند وتاریکم لە شێوەى نیمچە لێکۆڵینەوە لەسەر هەندێ رەمزو وشەى دیارى ناو شیعرى کلاسیکى کوردى بڵاوکردبۆوەو کە بژارکردن بوو لە گەڕان لە نزیکەى سى و پێنج دیوانى شاعیرانمان، کە هاتمە زانکۆ و چاوم بە کتێبخانە کەوت و ئەم هەموو دیوانەى شیعرى کلاسیکیم کەوتە بەرچاو، ئەوجا تێگەیشتم ئەوەى من کردبووم، شتێکى زۆر سادە بووەو زۆر دیوان هەبووە هەر ناویشم نەبیستووە، بۆیە بەدواى دیوانان دەگەڕام، هەندێک دیوانم لە بن دیوارى قەڵاتێ کڕین، کە کەم رۆژ هەبوو پێیدا تێپەڕم و چاوێکى تێ نەگێڕم!
رۆژێک لە پڕ چاوم بە چاپێکى بێ بەرگى شێوەى نامیلکەیەک کەوت بە ناوى (مێرغوزارى حوزنى فەرهادى) و هەروەها کتێبى (کەلەپوور بەشکردن)، دیسان شریتى یادەوەریم لێدرایەوەو لەبەر خۆشویستى کلاسیک و یادەوەرى مامۆستا، بێ سێ و دوو کڕیمن و شەوێ مێرغوزارەکەم خوێندەوەو بۆ راپۆرتى یەکێک لە دەرسەکانیشم کردە کەرەستە. هەر لەو هەفتەیە بوو، ناوى مامۆستایەکى بەشى خۆمانم کەوتە بەرچاو ئەویش مامۆستاى بەڕێز (د. ساجیدە عەبدوڵڵا فەرهادى) بوو، دیسان بە پرسیار زانیم ئەم عەبدوڵڵا فەرهادییە مامۆستاى گۆرینە، دواى ئەوەى د. ساجیدە ساڵێک دەرسى پێ وتین، بە دەرفەتم زانى دواى ئەو ساڵە ئەو وێنەیە جەماعیەى مامۆستا عەبدوڵڵا کە لە خۆشناوەتى گرتبووى، لەگەڵ نووسینى ناوى ئەو کەسانەى لەگەڵ مامۆستا وێنەیان گرتبوو، بدەمەوە دەستى و لە ئەرشیفى مامۆستا هەڵیبگرن.
شتێک ئێستاش لەلام بووەته کەسەر، دەمزانى مامۆستا نەخۆشە و هەر دەمەویست ئەو یادەوەرییە زیندووبکەمەوە، بەڵام مەرجێکم لە مێشکى خۆم دانابوو، ئەویش ئەوەبوو کە هێندە سەرسام بووم بە تەمەنى پڕ زانستى مامۆستاو ئەو خزمەتە بەرچاوەى لە بوارى نووسین هەیبووە، گفتم دابووە خۆم، کە دەبێ دیدارێکى دوورو درێژى ژیاننامەیى لەگەڵ مامۆستا سازبکەم و بە کتێبێک لە داهاتوو بڵاوى بکەمەوە، بەڵام ئەوەندەى دەمکرد زاتى ئەوەم نەدەکرد لە دڵى خۆمدا دەموت: تەماشا هێمنى ناکەى! عەیب نییە توخوا هێشتا هەر لە ئەلف و بێیانى، لە بەرامبەر ئەو زانایە دابنیشى؟ دواتر هەر لەوان ساڵان بەڕێز د. عاتف-یشم ناسى، یەک دوو جار درکاندم کە پێمخۆشە بچمە خزمەت باوکى، بەڵام ئەو کە باسى نەخۆشیى و بێ تاقەتى باوکى دەکرد، سارددەبوومەوە. ئیدى هەر خۆشم نەمزانى کات چۆن غاریداو خەبەرى وەفاتی رایچڵەکاندم و ئەو کەسەرەى هەر لە دڵم هێشتەوە!!!
بۆیە تەنیا ئەوەم لەدەست دێ بێژم: ئەم رۆحە مەعنەوییەى مامۆستاو نمونەکانى، ئەستەمە دووبارە بببنەوە، پێویستە بەرهەم و خزمەتەکانی رامانبچڵەکێنێ و هانمان بدا، هیچ نەبێ ئەو رێگاى کاروانى زانستە بەرنەدەین، ئەگەر هەر رێبوارێکى ماندووش بین.
میهرەبانى خوا بەقەد مێرغوزارەکانى کوردستان بەسەر رۆحى مامۆستا عەبدوڵڵا فەرهادیدا وەک لێزمە بارانى بەهاران دابارێ!!!

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.