گرتنه‌وه‌ی شه‌نگال به‌ پێی ئه‌و پلان و ته‌ختیته‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ندازیارو نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو، ته‌می گومان و خه‌می هه‌موو هاونیشتیمانیانی ره‌وانده‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌ مانگی (8/2014) خوێنێكی زۆر له‌ كاره‌ساتێكی كۆمه‌ڵكوژیدا له‌ شه‌نگال له‌لایه‌ن گروپی تیرۆریستی ده‌وله‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام ( داعش ) ڕژێنرا، زۆرێك له‌ برایانی یه‌زیدمان رفینران و وه‌كو كۆیله‌یه‌ك له‌ بارزاره‌كاندا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌كرا، به‌شێكیشیان بوون و مانه‌وه‌یان له‌ ژیاندا نادیاره‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌موو كوردانی له‌ كوردستانی كه‌وره‌و ده‌ره‌وه‌ ولاتان و جیهانی هێنایه‌ هاوار، هیرشی گروپی تیرۆریستی داعش زۆرینه‌ی خاكی ژێر نفوزی پارتی داگیر كرد، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ جه‌له‌ولا و له‌ كركوك واته‌ هه‌موو شه‌ڕی یه‌كێتی له‌ مه‌ساحه‌یه‌كی پێنج كیلۆمه‌تریدا بوو، به‌ڵام پارتی به‌یه‌كجار زۆرینه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا بوو له‌ چوار مانگی رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان باجێكی زۆر قورسی دا، خه‌درێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ پارتی كرا، وه‌ موزایه‌ده‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر پارتیدا كرا، تانه‌و توانج و تۆمه‌ت و بوختانێكی زۆر بۆ پارتی هه‌لبه‌سترا، له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆی و ده‌ره‌كی دا پارتی وه‌كو تاوانباریك سه‌یر ده‌كرا، باری سه‌رشانی پارتی زۆر قورس بوو، چونكه‌ له‌لایه‌ك موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌سه‌ر پارتیدا ده‌كرا، له‌لایه‌كی تریش سه‌رۆكی پارتی كه‌ جه‌نابی ( سه‌رۆك بارزانی ) یه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشه‌، لیره‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ژێر باری :

یه‌كه‌م / به‌شێكی زۆر له‌ خاكه‌كه‌ی داگیر كرابوو .

دووه‌م / خه‌ڵكێكی زۆر به‌ نزیكه‌ی 500 هه‌زار ئاواره‌ی یه‌زیدی روویان له‌ پارتی كردبوو .

سێیه‌م / به‌رپرسیاره‌تی شكسته‌كه‌یش له‌ ئه‌ستۆی پارتیدا بوو، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئاماده‌ نه‌بوو په‌نجه‌ی به‌رپرسیاره‌تی بۆ درێژبكرێت، به‌ڵام پارتی نه‌خۆی دزییه‌وه‌ به‌ڵكو زۆر به‌ جورئه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و شكسته‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ .

وه‌لێ‌ ئیستا گرنگه‌ كه‌ چیتر ینك و یه‌په‌گه‌ سیرچێك به‌ هه‌ڵویست و لێدوان و كۆی مماره‌سه‌ی كاری سیاسییان دا بكه‌ن، واز له‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی و بوختانی سیاسی و درۆی سیاسی بهێنن، هه‌موومان ده‌زانین ئازادكردنی شه‌نگال به‌ ( 150 ) شه‌رڤانی یه‌په‌گه‌ ناكرێت و خۆتان مه‌كه‌ن به‌ گالته‌جار، شكست و هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی نایه‌ته‌وه‌ مایه‌ !!

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ پێی پلان و به‌رنامه‌و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوو زیاتر له‌ ده‌هه‌زار پێشمه‌رگه‌و له‌شكرێكی گه‌وره‌و مه‌ركه‌زێكی ئۆپراسیۆنی پێكهیناوه‌، له‌سه‌روی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ گرنگییه‌كه‌ی رۆڵ و به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا، بوونی سه‌رۆك بارزانی له‌ چیای شه‌نگال خواكوڕكێكی تره‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌سه‌رجه‌م چین و تویژه‌كانیه‌وه‌ دلخۆش بوون و ئومێدێكی تریان هاته‌وه‌به‌ر، بوونی سه‌رۆك بارزانی له‌ شه‌نگال و سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌كه‌ بۆ خۆی دڵدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ هه‌م بۆ كوردان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌، هه‌میش بۆ یه‌زیدی و شه‌نگالیه‌كان .

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.