دیلی زنجیر چۆن چۆنی كه‌یف و سه‌فا بكات . . ؟!

داری شكاو له‌ كوێ‌ ده‌توانێت ببێته‌ كۆڵه‌كه‌ . . ؟!

(مه‌وله‌وی )

جه‌ده‌لی ئیمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ مرۆڤ ئازاده‌ یان ئازاد نیه‌ ؟ سه‌رپشكه‌و هه‌ڵبژاردنی هه‌یه‌ یان نیه‌تی ؟

هه‌ڵبژاردن ئاكام و به‌رئه‌نجامی ئازادی یه‌، ئازادیش ئاكام و به‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ .

به‌راشكاوی بلێم، مرۆڤ ئازاد نی یه‌، مرۆڤ به‌ درێژایی سه‌ده‌كان ئازادی خۆی فرۆشتووه‌، مرۆڤ هێواش هێواش خۆی به‌ند كردووه‌، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ پێناو ژیانی خۆیدا یاساو بنه‌مای داناوه‌، ئازادی خۆی وه‌لاناوه‌، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ئایین و ئایدۆلۆژیای هێناوه‌ته‌ نێو ژیانی خۆیه‌وه‌، ئازادی خۆی له‌ ده‌ست داوه‌ ئه‌و كاته‌ی مرۆڤ پێوه‌رو به‌هاكانی داهێنا، ئیدی هه‌ڵبژاردنی بۆ نه‌مایه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن هه‌میشه‌ هاوه‌ڵی ئازادی یه‌، ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ له‌به‌ندی ئایدیاو باوه‌ردا ڕاوه‌ستاوه‌، هه‌ڵبژاردنی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌، ناكرێت به‌ره‌و تراویلكه‌كانی ژیان برۆین، له‌ هه‌مان كاتدا باوه‌ڕمان به‌ ئازادی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت !!

كام ئازادی و كام هه‌ڵبژاردن ؟ هه‌ڵبژاردنی ئێمه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌ ؟ له‌ پێشه‌وه‌ بۆیان هه‌لبژاردوین !! 

واته‌ ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت : ئایا له‌ پێشه‌وه‌ بۆیان هه‌لبژاردوین . . ؟ّّ!

ئیمه‌ له‌ ژیاندا ناچار به‌ هه‌ڵبژاردنین، له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی ژیاندا ده‌بێت ده‌ستبه‌رین بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌وه‌ی ده‌یكه‌ین ده‌بێت هه‌لببژیرین، ئیمه‌ هه‌موومان له‌به‌رده‌م هێرشی به‌هاكانداین !!

ئه‌مڕۆ شه‌ڕ له‌ نێو به‌هاكاندایه‌ !! خه‌بات له‌سه‌ر به‌هاكانه‌ !!شه‌ڕله‌ سه‌ركه‌وتن و باڵاده‌ستی به‌هاكانه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئیمه‌ قوربانی ئه‌م شه‌ڕه‌ین .

ده‌توانین بڵێین به‌هاكان، له‌پێناو سه‌قامگیر بوون و جیگیربوونی خۆیاندا، ئێمه‌ به‌خت ده‌كه‌ن !!

ئیمه‌ش له‌م پرۆسه‌یه‌دا كه‌م و زۆر ناسه‌رپشكانه‌ كارده‌كه‌ین ! به‌ ڕواڵه‌ت سه‌رپشكین ! ئێمه‌ خۆمان فریو ده‌ده‌ین، نه‌له‌گه‌ل خۆماندا راستگۆین و نه‌له‌گه‌ل كه‌سانی دی دا، هه‌ندێ‌ جار بێئاگاین له‌گه‌ڵ خۆمان و خه‌لكیدا راستكۆ نین !!

كه‌وتوینه‌ته‌ ڕێگایه‌ك له‌م ڕێگایه‌شدا به‌ پیچی ده‌سه‌ڵات و پشتگیری خاوه‌ن ده‌سه‌لاته‌كان و ده‌سه‌لاتداران ئه‌سپی خۆمان تاو ده‌ده‌ین، به‌ تۆپزی ده‌ژین، به‌ تۆپزی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ل خه‌ڵكی تردا هه‌یه‌، به‌ تۆپزی كه‌سانی تر ده‌كه‌ینه‌ قوربانی سوودوبه‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆمان، ئه‌مه‌ ناو ده‌نێین ژیان !!

تا ئه‌و كاته‌ی ئازاد نین، سه‌رپشك نین، ئه‌وكاته‌شی سه‌رپشكین، ئازاد نین، به‌ پێی ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شمان، هه‌ڵبژاردنێكی بێ‌ هه‌لبژاردنه‌، هوشیاری ئیمه‌ پێشوه‌خت دیاری كراوه‌، ناتوانین بلێین هوشیاری و زانایی ئیمه‌ له‌سه‌رو به‌هاو پێوه‌دانگه‌كانی ژیانه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ دیلی ترسگه‌لێكی نادیارین، دیلی ته‌وه‌هوماتێكین كه‌ ژاین له‌ توڕه‌یدا به‌سه‌رماندا سه‌پاندوویه‌تی، ئه‌م ترسانه‌یش ئازادی و هه‌ڵبژاردنی لی زه‌وت كردوین، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ دڕندانه‌ یه‌كتری ناخوێنینه‌وه‌، ئه‌م به‌رده‌وامبونه‌ له‌ نه‌خویندنه‌وه‌و نادیده‌گرتنی یه‌كتر به‌رئه‌نجامی نه‌زانینی ئێمه‌یه‌، ئه‌و نه‌زانینه‌ی كه‌ نه‌بوونی ئازادی یه‌، ئه‌و ئازادییه‌ی كه‌ دروستكه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌، كۆیله‌ین و به‌ دوای ئازادی دا ویڵین، ئیمه‌ ده‌زانین كه‌ دیل كراوین دیلی نه‌زانین !!

به‌ هاتنی رق و كینه‌و حه‌ساده‌ت ئازادیمان خسته‌ لاوه‌، به‌ هاتنی چاودێری و به‌راورد كردن و خۆبینین و خۆناسین ئازادیمان خسته‌ لاوه‌، به‌ وه‌لا خستنی ئازادی بۆ هه‌میشه‌ هه‌ڵبژاردنمان له‌ ده‌ستدا، به‌ وه‌لا خستنی ئازادی ژیانمان گۆڕی بۆ جۆره‌ یارییه‌ك، به‌رده‌وامبوونی ئه‌م یارییه‌شمان ناوناوه‌ ژیان !!

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.