خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ دیوانه‌شیعری (بڵاچه‌یه‌ک درز ده‌خاته‌ تاریکه‌شه‌ویته‌مه‌نم)ی فه‌رهادشاکه‌لی‌

ده‌روازه‌:

ئه‌فراندن و نووسینی شیعر چه‌ند سه‌ختن‌، قسه‌کردن له‌مه‌ڕ شیعر و هه‌وڵدان بۆهه‌ڵاواردنی شیعر له‌ ناشیعر، به‌ مه‌به‌ستی خولقاندنی ده‌قێکی ڕه‌خنه‌یی ودۆزینه‌وه‌ و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی پرده‌کانی نێوان نووسه‌ر/ ده‌ق / خوێنه‌ر،سه‌ختترن!

خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی شیعری، ئه‌گه‌ر له‌ فه‌زایه‌کی ته‌ندروستدا ئه‌نجام بدرێتو خوێنه‌ر ئامادییه‌کی ڕۆحی، زه‌ینی و ۆشنبیریی بۆ تێگه‌یشتن له‌ پرۆسه‌یخوێندنه‌وه‌ هه‌بێت، ده‌شێت فه‌زایه‌ک بۆ خوێنه‌ر بخولقێنێت که‌ له‌وێدا به‌رهه‌میتێڕامان و تێهزرینه‌کانی له‌ "ده‌ق" بچنێته‌وه‌ و به‌و خاڵه‌ ئامانجدارانه‌یبگه‌یه‌نێت که‌ کرده‌ی "خوێندنه‌وه‌" ده‌یانخوازێت.

خوێندنه‌وه‌، له‌ کن خوێنه‌ری زیره‌ک، کرده‌یه‌کی له‌خۆڕا و هه‌ڕه‌مه‌کی نییهو پێوه‌ستی چه‌ند ڕێسایه‌کی نه‌بینراون که‌ ده‌شی له‌ زه‌ینی خۆێنه‌ردا و پێشده‌ستپێکی هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، ئاماده‌ییان هه‌بێت.سه‌لیقه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قێکیباڵا بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌، دیارده‌یه‌کی خۆڕسک نییه‌ که‌ لایخوێنه‌رێکی گریمان بوونی هه‌بێت و لای ئه‌وی دی نه‌بێت! ئه‌م سه‌لیقه‌یه‌هه‌ڵقوڵاوی پاشخانێکی فیکری و مه‌عریفییه‌ و پێبه‌ستبوونی خوێنه‌ریش به‌ تیور ومیتۆده‌کانی خوێندنه‌وه‌وه‌، واته‌ هه‌ڵبژاردنی تیورێک که‌ ئازادییه‌کی بێسنووریله‌ بواری بیرکردنه‌وه‌دا، بۆ گه‌یشتن به‌ لایه‌نه‌ نهێن و شاراوه‌کانی ده‌ق بۆمه‌یسه‌ر بکات، ڕۆڵێکی گرنگ له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروستداده‌گێڕێ.

ده‌قی شیعریی باڵا، خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی و تیژپه‌ڕ هه‌ڵناگرێت و ئه‌گه‌روه‌هامان کرد، ئیدی ناتوانین له‌ سروشتی باڵاییی ده‌قی داهێنراو بگه‌ین وپێکهاته‌کانی شیکار بکه‌ین، که‌ له‌ به‌رده‌مکارێکی وه‌هایشدا ناتوانا وده‌ستوه‌ستاو بووین، ئیدی له‌ بینین و هه‌ستپێکردنی مانا و وێنه‌ سیحراوییه‌کانیشیعر، زه‌ینخاڵی و مایه‌پوچ ده‌بین.

ده‌قی شیعریی باڵا کامه‌ ده‌قه‌ و چۆن ده‌توانین ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌ ده‌قێکببه‌خشین و به‌وی دیکه‌ نا؟ به‌ دیوێکی تردا، ئه‌و ڕه‌گه‌ز و کاراکته‌رانه‌ی که‌ده‌توانن پێناسه‌ی شیعربوون به‌ ده‌قێکی نووسراو بده‌ن، چین و چلۆنیانده‌ناسینه‌وه‌؟

ڕه‌نگه‌ شیعرناسان و توێژه‌رانی هونه‌ری شیعر، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆک بن که‌ زمانبناخه‌ و بنچینه‌ی ڕۆنانی ته‌لاری ده‌قی شیعرییه‌ و ئه‌و که‌ره‌سته‌ و ئاتاژه‌یه‌که‌ داروپه‌ردووه‌کانی دیکه‌ی سازکردنی شیعری له‌سه‌ر داده‌نرێن، به‌ڵام زمانناسینو زمانزانینی شاعیر به‌ ته‌نها ناتوانن ده‌قێکی باڵامان بۆ بخولقێنن و ئه‌ووێنانه‌مان نیشان بده‌ن که‌ ئێمه‌ ده‌یانخوازین و چاوه‌ڕێیان ده‌که‌ین.

ده‌شێ کارایی له‌ زانستی زمان و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌نباری زمان لای نووسه‌ر، بۆنووسینی وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی مه‌رج بن، باڵام زمانی شیعر (ڕێساکانی ڕێزمان و ڕێنووسی لێ وه‌ده‌ر نێی) ناچێته‌ نێو بازنه‌ی زانستی زمانه‌وه‌،به‌ڵکه‌ سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شاعیردا هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌کاربردنیئه‌و وشه‌ و "دال"انه‌ی زمان که‌ میتافۆره‌کان ده‌خولقێنن، ئه‌و وشه‌ به‌ ڕیتم وموزیک بارگاوییانه‌ی که‌ له‌سه‌ر سه‌کۆی زه‌ینی خوێنه‌ر سه‌ما ده‌که‌ن و بۆقووڵاییه‌کانی کرده‌ی چێژوه‌رگرتن په‌لکێشی ده‌که‌ن.

لێره‌وه‌، له‌ هونه‌ری به‌کاربردنی زمان و نهێنه‌کانییه‌وه‌ که‌ ده‌بنه‌مه‌کۆی ته‌وزیفکردنی "بیر" له‌ فۆڕم و ئیستاتیکیی شیعردا، له‌ ده‌رکه‌ی دیوانیشاکه‌لی وه‌ ژوور ده‌که‌وین..

ناساندن:

دیوانی (بڵاچه‌یه‌ک درز ده‌خاته‌...)ی فه‌رهاد، کۆکردنه‌وه‌ و له‌چاپدانه‌وه‌یچوار کۆمه‌ڵه‌شیعری پێشتر چاپکراون که‌ تاڵێک له‌ تیشکی بیر و دنیابینی، زمان ومیتافۆڕه‌کانی، عه‌شقی مه‌عشوق و سووتانه‌کانی پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستن و خوێنه‌ر له‌خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست به‌ قووڵیی ئه‌زموون و جوانیی سه‌لیقه‌ی شاعیر بۆپێکه‌وه‌گرێدانی پاژه‌کانی پرۆسه‌ی خولقاندنی شیعر ده‌کات...دیوانی شیعر که‌ زۆرجاران وا ده‌بێ کۆکردنه‌وه‌ و پێکه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی چه‌ند کۆمه‌ڵه‌شیعر بێت و له‌زه‌مه‌ن و زه‌وینی جیادا نووسرابن، به‌ڵام ئه‌م کۆکردنه‌وه‌یه‌ ناکرێت بێ نه‌خشه‌ وهه‌ڕه‌مه‌کی بێت.مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، ساحێبی "دیوان" و خاوه‌نی ته‌لارێکی بڵندیقه‌شه‌نگ، پلانێکی نه‌خشه‌سازیی لێکچوویان هه‌یه‌..هه‌رتکلا هه‌موو ئه‌زموونیجوانکاریی خۆیان بۆ ڕۆنانو پێکڕاگرێدانی به‌شه‌کانی موڵکی خۆیان به‌ گه‌ڕ ده‌خه‌نو هه‌وڵ ده‌ده‌ن باشترین باڵانسو هارمۆنیای شته‌کان، که‌ره‌سه‌کان، ڕه‌نگه‌کان وبیره‌کان بخولقێنن.فه‌رهاد، له‌ هه‌ڵبژاردن و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و چوار کۆمه‌ڵه‌شیعره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی "خاوه‌نی چوار موڵک" بێت و دیوانی هه‌بێت، وه‌هایکردووه‌!

دیوانی فه‌رهاد، دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال پێشه‌کیی بۆ نووسیوه‌، پێشه‌کییه‌که‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی پڕ مه‌عریفه‌یه‌ له‌ ڕوانگه‌ی فیکری سۆفیزم و دال ومه‌دلووله‌کانیه‌وه‌..د.محه‌مه‌دکه‌مال، میژووی سه‌رهه‌ڵدانی سۆفیزم، بیر، ڕێباز،چه‌مک و تێگه‌یشتنه‌ جیاوازه‌کانی سۆفییه‌ دیار و ناوداره‌کانی له‌ سه‌رده‌م وقۆناخه‌ جیاکاندا شی کردوونه‌ته‌وه‌ و باسێکیشی له‌ مێژووی ته‌سه‌وف له‌ کوردستانداکردووه‌.پێشه‌کییه‌که‌ به‌و وردی و وردبینییه‌وه‌، ده‌روازه‌یه‌که‌ بۆ تێگه‌یشتنله‌ دنیای بیری سۆفیزم و بێ ئه‌م زانیارییانه‌ش، تێگه‌یشتن له‌ ته‌سه‌وف و شیعرێکیاخود دیوانه‌شیعرێک که‌ تیشکی ئه‌م ڕێباز و بیره‌ی لێ ده‌ڕژێ، کارێکیمه‌حاڵه‌.

دیوانی "بڵاچه‌یه‌ک..." 157 شیعری کورت و درێژی له‌ خۆ گرتوون‌ که‌ مێژووینووسینیان له‌ نێوان ساڵانی 1978 و 2005دایه‌..

_ کۆمه‌ڵه‌ شیعری ژێ، 35 شیعر و له‌ به‌راییی دیواندا جێگای گرتووه‌.

_ کۆمه‌ڵه‌شیعری "نیگاری تۆ له‌ دیواری زیندانه‌که‌م هه‌ڵده‌کۆڵم"، 33 شیعر،لاپه‌ڕه‌کانی 175 بۆ 222.

_ کۆمه‌ڵه‌شیعری "هه‌موو ڕازی من ئاشکرایه‌ و هه‌موو ئاشکرای تۆ ڕاز"، 49شیعر، لاپه‌ڕه‌کانی 225 بۆ 316.

_ ئه‌م چرایه‌ دڵم ڕووناک ده‌کاته‌وه‌ و ته‌مه‌نم ده‌سووتێنێ، دواکۆمه‌ڵه‌شیعری دیوانه‌که‌یه، 40 شیعره‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌کانی 317 بۆ 390دا جێکه‌وتوون.

له‌ سه‌رجه‌می شیعره‌کانی شاکه‌لیدا، که‌متر وا ده‌بینین که‌ شیعرێکڕه‌گه‌زه‌کانی شیعربوونی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی قه‌رز بکات، ئه‌مه‌ش به‌ مانایئه‌وه‌یه‌ شیعر و حاڵه‌ته‌کانی خولقاندنی شیعر لای فه‌رهاد، زاده‌ی نیگه‌رانییه‌ڕۆحییه‌کان و تێڕامانێکی قووڵی ئاوه‌زئامێزه‌ بۆ هه‌موو دیارده‌ و شته‌کان،ڕیشه‌کانی ده‌قی خولقێنراو له‌ قووڵاییه‌کانی بیر و پاشخانێکی مه‌عریفییگشتلایه‌ندا ڕۆ ده‌چن و پێویستییه‌کانی بوونی خۆیان دابین ده‌که‌ن.

((با بێ ده‌نگی پڕ ئاوازت، با ده‌نگت بێ،

با هه‌ناسه‌ت له‌ دووره‌وه‌ مێشکی ماندووم سه‌رخۆش بکات،

با به‌ ئاسته‌م بکرێته‌وه‌ گوڵهه‌ناری ده‌مولێوت.

با بێ ده‌نگت...!

به‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری ئه‌مشه‌وما

نه‌رمه‌بارانی دڵداری ببارێنه‌!)) (بۆنی باران، ژێ، ل 56)

دووری و لێکدابڕان له‌ ئه‌وی دی، تاسه‌ی بیستنی ده‌نگێک، ده‌نگێک جیا له‌ده‌نگه‌کانی تر، هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ دووره‌وه‌ که‌ پێشتر، له‌ ساته‌وه‌خته‌سه‌خته‌کاندا، مێشکێکی ماندووی مه‌ست کردووه‌ و ئێستا ئیدی به‌رامه‌ی ناگات،گوڵهه‌ناری ده‌مولێوێک که‌ به‌ چاوی خه‌یاڵ وێنای ده‌کات و تمه‌ننا ده‌کات به‌ئاسته‌م بکرێته‌وه‌..تامه‌زرۆی ده‌نگێک، ئه‌گه‌ر بێت، ده‌شێ نه‌رمه‌بارانی دڵداریبه‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری شه‌وێکی شاعیردا ببارێنێ! ئه‌م وێنه‌ بزۆکانه‌ی‌‌ده‌نگ" که‌ پڕاوپڕن له‌ جوانی و هارمۆنیایه‌ک له‌ ڕه‌نگ، وه‌زیفه‌یه‌کیان پێده‌به‌خشرێت که‌ وه‌زیفه‌ی به‌ سه‌فرکردنی مه‌وداکانی دابڕان‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆپێکگه‌یاندنی زه‌مه‌ن و شوێن له‌ خه‌یاڵی شاعیردا، سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان تابه‌یه‌کگه‌یشتنی دڵدار و دولبه‌ر، له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌کاندا که‌ زمانده‌یاننه‌خشێنێت!

له‌ درێژایی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌دا، که‌ مێژووی 28ی 5ی 1978ی له‌ بندادانراوه‌ و له‌ هامبۆرگ نووسراوه‌، تێده‌گه‌ین که‌ شیعرێکه‌ له‌ سه‌ره‌تاکانیئه‌زموونی شیعریی فه‌رهاد له‌ تاراوگه‌دا و ئیدی ترس، ته‌نهایی،نیگه‌رانی ودڵه‌ڕاوکێکانی ژیان ده‌بنه‌ ڕایه‌ڵه‌کانی بینای شیعر..

((شه‌وی دڵدارێکه‌ ته‌نێ

هه‌رچی مه‌رگی سه‌رزه‌وییه‌

وه‌کو پۆلیس ڕاوی ده‌نێن و نایگه‌نێ...))

هاوده‌ردێ، هاوخه‌مێ له‌ نیشتمانه‌وه‌ بێته‌ ئێره‌ و (قۆزاخه‌ی خه‌ونه‌کانیبکاته‌وه‌)...فه‌رهاد، جوانیی هه‌موو دارستانه‌کانی ئه‌وروپا سوکنایی ناداتێ وچاوڕێی

(کچه ‌دملی،

کچه ‌ڕووبار،

کچه‌ زازاییی گوڵهه‌نار...) ده‌کات و له‌ شه‌وێکی نامۆییدا، تاسه‌باری بۆنێکیتا‌یبه‌ته‌..

(بۆنی دارستانت پێیه‌،

بۆنی شار و گوندی کوردستانت پێیه‌...)

عیشق چ حه‌قیقی بێت و چ مه‌جازی، له‌ دابڕاندا ڕۆحی شاعیر هه‌ڵده‌قرچێنێ وده‌یکاته‌ سۆفیی خه‌رابات و باده‌ی شیعری پێ ده‌خولقێنێ..فه‌رهاد، له‌سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونه‌کانی تاراوگه‌دا، جارێ له‌ بازنه‌ی بیری سۆفیزمنه‌که‌وتووه‌ و ئه‌و له‌ شیعری "بۆنی باران" و چه‌ند شیعری دیکه‌ی "ژێ"دا، وێڕایشیعربوونی ده‌قه‌کان و باڵایی زمانه‌که‌ی، سۆفیی کۆڕی زیکری جوانییه‌له‌ده‌ستچووه‌کانی نیشتمان و یاده‌وه‌رییه‌کانییه‌تی.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ئه‌زموونی شاعیردا، تێمای شیعر، زمانی شیعر،ته‌کنیک وهونه‌ری ته‌لارسازیی شیعر، چڕیی وێنه‌ و میتافۆڕه‌کان به‌ جێگایه‌کی دیکه‌ ده‌گه‌نو شیعر لای فه‌رهاد بوونه‌وه‌رێکه‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ی تاریکییه‌وه‌، ئه‌وداڵیڕووناکاییه‌ و به‌ره‌و ڕۆشنایی هه‌ڵده‌کشێ..

(کێوی دڵم

به‌ تیشکی ئاشناییت ڕۆشن که‌وه‌!

دڵ و گیان

ده‌که‌مه‌ به‌رده‌بازی ڕێگه‌که‌ت.

وای، که‌ بێتۆیی چ ساڵانێکی شه‌وه‌زه‌نگه‌،

وه‌ی که‌ شاری گیان

بێ یادی تۆ،

چ گۆڕێ، چ گۆڕستانێکی بێده‌نگه‌.) ( شیعری کێوی دڵ، نیگاری تۆ..،بڵاچه‌یه‌ک ‌..، ل 196

‌مه‌ودای نێوان "کێوی دڵ" و "بۆنی باران" ده‌ ساڵان ئه‌زموونی شیعرییه‌ و له‌مزه‌مه‌نه‌دا، هه‌موو شته‌کانی شیعر گۆڕدراون، تێما، بیر، زمان، وێنه‌ و خوازه‌کان..لێره‌دا، فه‌رهاد سۆفیی فیکر و دیابینییه‌کی دیکه‌یه‌، لێره‌دا، خه‌م ونیگه‌رانییه‌کان، دابڕان و تاسه‌ی پێکه‌گه‌یشتن و توانه‌وه‌، جوانییه‌کانی نشتمانده‌به‌زێنن و مه‌ودایه‌کی گه‌ردوونی له‌ خۆ ده‌گرن..

شاعیر، له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و ئاشناێتییه ڕۆحییه‌ی له‌ گه‌ڵ(مه‌عشوق، خالیق، خوادا) هه‌یه‌تی، چاوه‌ڕێیه‌ کێوی دڵی به‌ تیشکی ئه‌و ڕۆشن بێته‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش، هه‌م دڵو هه‌م گیان ده‌کاته‌ به‌رده‌باز...دڵ که‌ له‌ فیکری سۆفییه‌کاندا، کانییڕۆشناییه،‌ ساتێ وه‌کو "کێو" بڵنده‌ و چه‌ند پله‌یه‌کی‌ "په‌یژه‌ی تیشک" سه‌رکه‌وتووه‌ و به‌ هیوای یه‌کگرتن و توانه‌وه‌یه‌ له‌ "ڕۆشناییه‌ئه‌به‌دیه‌که‌"دا.

له‌ خوێندنه‌وه‌یدیوانی "بڵاچه‌یه‌ک.."دا، منی خوێنه‌ر، هه‌نگئاسا، شه‌یدایمژینی شیله‌ی زمان، له‌ گوڵی شیعرێکه‌وه‌ بۆ گوڵه‌شیعرێک، له‌ خه‌رمانه‌ی مانگیوێنه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ڕۆژنه‌ی شیعرێکی سه‌رڕێژ له‌ ڕووناکایی که‌ له‌ تاریکاییته‌مه‌ندا "چۆڵه‌چرا"یه‌ک پێ ده‌کات، ده‌فڕم و له‌ جامۆڵکه‌ی کۆپله‌یه‌کدا، چۆڕیکزمان ده‌خۆمه‌وه‌ و دڵی تاسه‌باری شیعرم ئۆخژن ده‌کات..له‌ خوێندنه‌وه‌دا، دڵم له‌کوپه‌ی کۆنه‌شه‌رابێک"ی تیشکبار هه‌ڵده‌کێشم و حه‌رفه‌کان له‌ زه‌ینمداداده‌گیرسێن، داگیرسانیش مانایه‌ک به‌ تاریکایی "شاری دڵمان" ده‌دات و پێمانده‌ڵێ:

له‌ گه‌ردووندا، گه‌ردوونێک که‌ په‌رژینی تاریکایی لێمانی ده‌شێرێته‌وه‌، کانیتیشک و کانیی هومێدێک بۆ بێهومێدان هه‌یه‌ و هه‌ر هێنده‌ت گه‌ره‌که‌، تۆ به‌ عیشقیپه‌یکه‌ری تیشکینه‌وه‌، له‌ شاتیشکی ڕووناکایی بڕوانیت، خۆت فێری ئه‌م پرۆسه‌سه‌خته‌ی توانه‌وه‌ له‌ عیشقدا بکه‌یت..عیشقی هه‌موو جوانییه‌ باڵاکان.

نۆڤه‌مبه‌ری 2010

ستۆکهۆڵم _ سلێمانی

*