ئەوی کە دوای سەدان ساڵ خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری و رەها بوون لە بن دەستی نەتەوەی کورد خەباتی بۆ دەکات، بە شێوەیەکی گشتی دەگریتەوە بۆ یەک موڕاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەوەیش خاوەن ئیرادەی خۆیی بوونە.

گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەگەر لە کۆبەندێکی گشتیدا بخەین بەر باس و لێکۆڵینەوە، جیا لە پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەتی بچوک لە ناوچەکەداهیچ شتێکی دیکە لە پڕۆژەی سیاسەتی جیهانییەوە بە دی ناکەین، کە ئەوەش دەتوانێت هۆکاری سەرەکی، بوون و مەیلی زلهیزەکان بێت بۆ دەست تێوەردان بە مەبەستی داهاتی هەر چی زیاتر بۆ خۆیان لە ئەگەری گۆرانکارییەکانداو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر، لەوانە بەدیموکراتیزە کردنی رۆژهەلاتی ناوەراست، کە بێ گومان براوەی یەکەمی ئەم گۆڕانکاریانە هەر چەند کە نەتەوە بندەستەکان سوودی لێوەردەگرن، بەڵام زلهێزە جیهانییەکانن.

دیارە لە گۆرانکارییانەدا ناکرێ کارداونەوە و بەرهەڵستکاری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەبەر چاو نەگیردرێت، بەڵام سەرەڕای پێداگری ئەوان بۆمانەوە لە سەر دەسەڵات و درێژەدان بەحکومڕانی و پاوانخوازییەکانیان، ئەم رەوڕەوەیە بە رەو پێش دەچێت و ناچار دەکرێن مل بە ویست خواستێک بدەن کە پێچەوانەی بیر و باوەڕیانە.

 ئەم بیرو باوەڕەی ئەوان بە شێوەیەکی گشتی تەنیا ناگەرێتەوە بۆ ناخی دەسەڵاتداران و حکومڕانانی ئەم ناوچەیە و کاربەدەستەکانی هەر لە کۆنەوە تا ئیستا، بەڵکوو کاریگەری قوڵی کلتووری هەیە کە کاری کردووەتە سەر تاکی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکان، بە تایبەت بە باری پۆزێتیڤەوە بۆ نەتەوە باڵادەستەکان و پێچەوانەکەشی بۆ بندەستەکان.

بە جۆرێک کە تاکێکی فارس لە راگەیاندنەکانی حیزبە کوردییەکانەوە، باس لە یەک پارچەیی وڵاتێک دەکات کە پێکهاتووە لە لانیکەم شەش نەتەوە، بەڵام بێ شەرمانە سەرجەمیان بە پاشکۆی نەتەوە و وڵاتی خۆی دەزانێت، ''کەچی ئێستاشی لەگەڵ دابێت،  حیزبە کوردییەکان ئەوانەی خۆیان بە دەم راستی گەلی کورد ''لێردەدا مەبەست لە رۆژهەلاتی کوردستانە''، دەزانن و هیچ لایەنێکی دیکە لە ناخیانەوە بە فەرمی ناناسن و دەهۆڵی حیزبی یەک و دوویان هەڵگرتووە'' هیچ کاردانەوەیەکیان لەم بارەیە نەبووە و بە تەواوی مل کەچی وێراجێکی فارسی ئێرانی وەک ''نوریزادە'' بوون.

 ئەم زاڵ بوونە لە بواری کلتوورییەوە دەگەرێتەوە بۆ باوەڕ بە خۆ بوون، کە بەداخەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا بە رادەیەکی زۆرو، تەنانەت لە ئاستی سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانیشدا بوونی نییە و، دوای دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان خۆیان بە پاشکۆی داگیرکەرانی کوردستان دەزانن.

هەر چەند کە لە رەواڵەتدا حاشای لێدەکەن و کۆمەڵێک باس و خواست دێننە پیش کە هیچ گرنگییەکی نەتەوەیی نییە جیا لە خۆ قەناعەت پێهێنان، کە ئەمەش بەرژەوەندییەکەی تەنیا دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتداران و حکومڕانانی ئەو ولاتانەی کە بە درێژایی چەندین سەدەیە خاکی پیرۆزی کوردستانیان پێوە لکێندراوە و، هەر جارەو بە شیوازێک، هەر لە دەورانی ''سەفەوییەکانەوە بگرە تا سۆفیەکان'' ئەسبی مورادی خۆیانی تێدا تاو دەدەن .

خولیای بە دەسەلاتگەیشتن بە رادەیەک کاریگەری کردووەتە سەر بیر و باوەری تێکۆشەرانی رۆژهەڵات کە دەرگای حیزبی و تەنانەت ماڵەکانیشیان بۆ ترک و عەرەب و فارس کراوەیە، بە جۆرێک کە ئەمسالی ''نوریزادە'' و لایەنگرانی بە ناو بزووتنەی ''سەوز'' و ''سەلتەنەت تەلەبەکان وهتد. . . ''، سەرکردایەتی حیزبە بە ناو پیشکەوتنخوازەکان، کە لە راستیدا تەقلیدییەکانی رۆژهەلاتی کوردستانن، بە پشتیوانی بیر و باوەڕی خۆیان بۆ یەک پارچەیی ئێران دەزانن، بە دڵنیاییەوە ئەمە لە وشیاری سیاسی و تێگەیشتووی دوور مەودای لایەنە سیاسییەکانی کوردەوە سەرچاوەناگرێ، بەڵکوو هەقیقەتێکی تاڵە کە لە زمانی فارسەکانەوە دەیبیستین.

پێویستە حیزب و لایەنەسیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لەو راستییە تێبگەن:

 یەکەم، کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لە ترک و عەرەب و فارس و پاشکۆی هیچ نەتەوەیەک نییە

دووهەم، تا جوغرافیا بوونی هەبێت کوردستان لە گەڵ ترک و عەرەب و فارس هاوسنوورە ولەم ناوەندەدا تێکۆشان دەکات بۆرزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی و پاشکۆی هیچ ولاتێک نییە

سێهەم، ئەگەر ئەو حیزبانە پییانوایە لەئەگەری مانی جوغرافیای سیاسی ئێستای ئێراندا، لەکاتی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانن شەریکە بەش بن لە تاران، ئەمە خەیاڵێکی دەست پێرانەگەیشتووە، بە سەرنجێکی سەرپێی لە هەلومەرجی ئێراقی فیدڕاڵ ئەوە دەر دەکەوێت کە حیزبی سیاسی کوردی تەنیا لە سەر خاک و نیشتمانەکەی خۆی دەتوانێ بگات دەسەڵات، ئەڵبەتە بۆ ئەوانەی کە خۆلیای دەسەڵاتن.

کەوابوو پێویستە خۆیان لەگەڵ ئەم واقیعە ساغ بکەنەوە و واز لەو تەحلیلە هەڵەیە بێنن کە چون چوار دەوری سنووری جوغرافی سیاسی کوردستان پێکهاتووە لە وڵاتانی ترک و عەرەب و فارس، ناکرێ باسێک لە سەر بەخۆیی کورد بکرێت یاخۆ ئەگەر باسێک لەم پەیوەندییەدا بێتە ئاراوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەرەزیان لیبنیشێت و خۆیان پێ لە هەموو ترک و عەرەب و فارسێک ناوەند پاریزتر بێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەوە دەبێت داگیرکەرانی کوردستان بن کە ئەگەر کورد خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی سەر بەخۆیی خۆی بێت لەرزیان لێبنێشێت.

 

لە کۆتاییدا ئەگەر باوەڕتان بە کیانێکی سەربەخۆیی کوردی نییە لەمە زیاتر لە ژێر ناوی کوردایەتیدا کۆمەلانی خەڵکی کوردستان بە چەواشەدا مەبەن، درەنگ یا زوو سەربەخۆیی مافی هەر نەتەوەیەکە و کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی ئەم جیهانە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و مێژووش سەلماندوویەتی هیچ هێزێکی دەرەکی و ناخۆیی ناتوانێت ئەم ئیرادەیەی لێ زەوت بکات.

22/4/2014