ئەگەر تا دوێنی کورد بە مەبەستی رزگاری نەتەوەیی، شۆڕشی یەک لە دوای یەکی بەرپا دەکرد و، لەو پێناوەشدا هاونیشتمانانی ئەم نیشتمانە داگیر کراوە ئەنفال و کیمیاباران دەکران و، رووبەرووی کۆچی زۆرە ملی و دەیان ئازاروئەشکەنجەی نامرۆڤانە دەبوونەوە، ئەوە لە ئیستادا دەبینین کە دوای دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی ئەم بەشە لە نیشتمانەکەمان، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دوای راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی حکوومەتی بەعسی لەناچوو و، سەرکەوتنی شۆڕشی جەماوەری، بە هۆکارگەلێک بەشداری بکات لە بونیاتنانەوەی عێراقێکی نوێ و فیدڕاڵیدا و،  لە پەسەند کردنی دەستووری نوێ عێراق و حکوومەتی ئیشتراکیدا دەوری خۆی ببینێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەبینین فکرییەتی حکوومەتی ناوەند دەربارەی نەتەوەی کورد بە شێوازێک هەر وەک خۆی ماوەتەوە و، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکووبگرەکوشندەترلە جاران و بە مۆدێل و سیستمێکی نوێ لەهەوڵی قوتدانی ماف و سامانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان دایە، کە بەڵگەش بۆ ئەم مەبەستە پشت گوێخستن و جێ بە جێ نەکردنی مادەی 140ی دستووری ئێراق کە کێشە وگرفتی ناوچە دابڕێندراوەکان بەو مادەیە چارەسەر دەکرێت کە بریتییە لە، "خانەقین، موسڵ و کەرکووک" کە شۆڕشی زۆر مەزنیان کراوەتە قوربانی و، 51 لە 100ی سنووری جوگرافی سیاسی باشووری کوردستان پێک دەهێنێت و، تائێستاش سامانە سرووشتییەکانی لە لایەن حکوومەتی ناوەندی ئێراقەوە بە تاڵان دەبردرێت.

کەوابوو دەتوانینین بڵێن زەحمەتە ناوەندەدەسەڵاتدارەکانی داگیرکەرانی کوردستان ئەوەیان بۆ هەزم و قەبوڵبکرێت کە کورد بە هاوبەشی خۆیان لە داهات و حکوومڕانیدا بزانن، ئێمەی کورد پێویستە ئەوراستییە لە بەر چاو بگرین کە، ناوەندی دەسەڵاتداری داگیرکەرانی کوردستان هیچکات کوردیان وەک نەتەوەیەک پێ قەبووڵ نەکراوە، ئەوەی کە دوای رووخانی رێژیمی بەعس لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، لە راستیدا ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی کۆمەڵە هۆکارگەلێکی دەرەکی وناوخۆیی و، بە پێچەوانەی ویست و خواستی سەرانی ئەو کات وئێستای حکوومەتی ناوەندی ئێراق بوو، ئەم مودێلە حکوومڕانییەی ئێستا، لەراستیدا سەپێندرا بە سەر حیزب و لایەنەسیاسییەکانی ئێراق کە حکوومەتیان بۆپێکهێنرا و لە ئیستاشدابە ئێراقی نوێ باسی لێوە دەکرێت .

 بەدڵنییاییە ئەگەر حکوومەتی ئێراق ئەو کات لە بونیاتنانەوەی ئێراقی نوێدا ئەو توانا و هێزەی ئێستای هەبووایە، هیچ کات دانی بە مافی کورد دا نەدەنا و ئەو مۆدیلە حکوومڕانییەی پەسەند نەدەکرد.

 کورد لەم ماوەیەدا دەستووری نوێی ئێراقی کردووەتە بنەمای پێکەوەژیان و ئیستاشی لەگەل دابێت خۆی بە پابەندی بنەما دەستوورییەکان دەزانێت، بەڵام دەبینین کە حکومەتی ناوەند بۆ سەپاندنی هێژمۆنی خۆی بە سەر هەرێم کوردستاندا، هەر ساڵە و چەندین بیانووی نایاسایی و بێ بنەما لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا بە هەرێمی کردستان دەگرێت کە، نموونەی هەر زیندووی بڕینی بەشە بووجەی هەرێمی کوردستانە.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ناوەندی ئێراق لە دەستووری نوێیدا دانی بە ماف و هەق و هقووقی کورد وەک نەتەوەیەک ناوە و سنووری جوگرافیای باشووری کوردستانی بە فەرمی ناسیوە.

بەلەبەر چاوگرتنی ئەم راستییە کە عەرەب و فارس و ترک هیچکات کورد بە براو و هاوبەشی خۆیان نازانن و مێژووش ئەمەی سەلماندووە، پێویستە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لەم بارەیەوە هەنگاوێکی جیددی بنێن و لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بڕیارێکی یەک لایی کەرەوە بدەن.

دیارە لەم ناوەندەدا کۆمەڵە فاکتەرێک هەیە کە سیاسەتمەدارانی کورد بێ گومان ئەوەند بەئەزموون هەن کە، یەکەم: رێگا نەدەن لە واها کات و ساتێکدا دراوسێ داگیرکەرانی کوردستان کەڵکی نامەشرووعی لێ وەرنەگرن و، هاوکات هەلی رەخساو بقۆزنەوە و ئاواتی لە مێژینەی ئەم نەتەوەیە بەهێنانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان بۆ باوەشی نیشتمان و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بێننە دی.

بێ گومان لە وەها کاتێکدا کۆمەڵێک گرفت دێتە ئاراوە، بەڵام پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەو راستییە بزانن لە ئەگەری هەر بڕیارێکی هاوشێوە وەک هەمیشە کە چۆن لەکاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمهاباد و کۆڕەوەکەی ٩١یەک سیاسەتمەداران و شٶڕشگێران و کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان باوەش و دەرگای ماڵەکانی بۆ هێزی پیشمەرگە و هاونیشتمانە ئاوارەکانیان کردبووە، ئەو دیسانەوەش هاوپشتی بڕیاری هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەمە جیا وەک ئەرکی نەتەوایەتی، فەلسەفەی سیاسی - کۆمەڵایەتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان وادەخوازێت کە وەک هەمیشە گرێدراوی یەکتربن لە یەک رووح و دووجەستەدا.

8ی مارسی 2014