ماوەیەکە گوتاری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی ناو بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو ئاراستەی لێک تێگەیشتن و نزیک بوونەوە لە گەڵ هێزە بە ناو دیموکراتیکەکانی ئێران و تەنانەت ناساندنی دیموکراسی بە جەغزی نەگبەت واتە داگیرکارانی کوردستان دەڕوات.

دیارە باوەڕ مەندی بە دیموکراسی و هەوڵدان بۆ پەرە پێدانی پەیوەندی و دۆستایەتی لە تەک لایەنە دیموکراتیکەکان وێڕای تەعریف و تایبەتمەندی خۆی ، هەر کەس و لایەنێک سەربەخۆیە کە چۆن هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات .

بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەبینین کە سەرجەم بزووتنەوە رزگاریخوازەکان لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بێت ئەم درووشمانە لە پەیڕەو و پرۆگرامەکانیاندا دەبینرێت ، ئەمە تەنانەت تایبەت نییە تەنیا بە بزووتنەوە رزگاریخوازەکان، بەڵکو سەرجەم وڵاتانی جیهان بە عیلمانی و ئایینی و هتد.....و تەنانەت دیکتاتۆڕ و داگیرکارانیش ئەم ئیدیعایە دەکەن، لەم نێوەندەدا ، ئێران، ترکیە ، ئێراق و سووریە بۆ ئێمەی کورد نموونەیەکی باشن ، کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ ئەزموونی ژیانی دەیان و سەدان ساڵەی ئێمەی کورد لە ژێر دەسەڵات و حکومڕانی ئەواندا.

نەتەوەی کورد لە هەر دوو حاڵەتدا وێڕای ئەوەی کە ئینکارو بێ ناسنامە کراوە، بۆ سەرکوت کردنی لە هەمبەر هەر دەنگ هەڵبڕێن و نارەزایەتی و داوایەکی ڕەوا بە دەیان تۆمەت و بوختانیشی خراوەتە پاڵ و ، رووبەرووی دەیان کارەساتی مێژووی و دژە مرۆڤانە بووەتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ کات داگیرکارانی کوردستان چ ئایینییەکان لە سەردەمانی کۆندا و چ عیلمانییەکان لە سەردەمی نوێدا، خۆیان پێی دەسەڵاتدار و حکومڕانێکی نادیموکراتیک و دژی دیموکراسی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە پێی سەردەم خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ئەم درووشمانە زانیوە.

بۆیە دەتوانین بڵێن لەم ناوەندەدا نەتەوەی کورد تایبەتمەندی و ئەزموونی خۆی هەیە سەبارەت بەم درووشمانە، ئەگەر درووشمی دیموکراسی ونزیکبوونەوە لە گەل لایەنگەلێکی ناکورد و بە ناو دیموکراتیک ئاوات وخەونی چەند کەسایەتی یاخۆی لایەنێکی سیاسی روژهەڵاتی کوردستان بێت و، بە هەر فیکەیەکی لەم چەشنە درووشمانە بێنە سەما، ئەوە مێژووی خەباتی کورد و تاوانە دژە مروویەکانی داگیرکارانی کوردستان لە ژێرناوی ئەم درووشمانەدا ئاوێنەی راستەقینەی ئەم خەون و خەیاڵەن .

رەنگە بە زیادە خاهی و ئێغراق بێتە ئەژمارە ، بەڵام ئەمە راستییەکە هەر وەک چۆن نەتەوەیەکی زیاتر لە چل ملیۆنی خاوەن دەسەڵاتی سیاسی خۆی نییە، بە دڵنیاییەوە هیچ لایەنێکی دیموکراتیک سەبارەت بە پرسی کورد لە نێوان نەتەوەکانی داگیرکاری کوردستاندا بوونی نییە.

ئەو هەوڵ و کۆششانەی بە تامەزرۆییەوە بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە لایەنە نا کوردەکانی ئێران دەدرێت، ئەگەر بە باری پڕکردنەوە یاخۆ نەهێشتنی بۆشاییەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بشکێتەوە، ئەو بەدڵنییایەوە بەشێکی بەرچاو لە خەسارەکانی خەباتی رەوای نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان چارەسەر دەکرێت.

ئەگەر ئامانج، رزگاری نەتەوەییە، ئەوە پێویستە حیزب ولایەنەسیاسییەکان وەک کەرەستەیەک کەڵکیان لێوەربگیردرێت بۆ بە ئامانج گەیشتن و، لەم پەیوەندییەشدا بە هەواهەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی بۆ هەڵبگیردێت وبە قەناعەتەوە کاری بۆ بکرێت، بە شێوەیەک کە بزووتنەوەکە کاریگەری هەبێت بە سەر کۆمەڵگەی کوردەواری لە رۆژهەڵات ، بەداخەوە سەرە ڕای ئەوەی کە نەتوانراوە ئەم کاریگەرییە درووست بێت، بە پێچەوانەوە دووچاری دابڕانێکی بەرادەیەک یەکجارەکی هاتووین لە تەک کۆمەڵگەکەی خۆماندا، بە دڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئەمە یەکێک لە پرۆژە سیاسییەکانی رێژیمی ئێرانە سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا کەڵکی لێوەردەگیردرێت و، هەر کات حکومڕانانی ئێران ویستبێتیان توانیویانە بۆشاییەکانی بزووتنەوەی کورد لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەکار بێنن کە رێکەوتننامەی '' جەزایر'' یەکێک لە نموونەکانە ، یاخۆ لە سەردەمی ئێستادا دەبینین کە چۆن رێژیمی ئێران کاریگەری هەیە بە سەر بزووتنەوەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و هەر بەم شێوەیەش کاریگەری هەیە بە سەر کۆمەڵێک کەس ولایەنی سیاسی رۆژهەڵات و، تەنانەت باشووری کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی کە بەفەرمی وەک حکومەتێکی ناوچەیی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە وبەرادەیەکیش وڵاتانی جیهانی ناسراوە، بەڵام دەورو رۆڵی ئێران لەم هەرێمەشدا لە کەس شاراوە نییە ، بۆیە دەتوانین بڵێن ئێران لە نێوان داگیرکارانی کوردستاندا بەهێزترینیانە کە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەرووی بووەتەوە.

بە لە بەر چاوگرتنی ئەم راستییانە سەرەڕای ئەوەی کە پەیوەندی لە تەک لایەنە ناکورد و ئێرانییەکانی دژ بەری کۆماری ئیسلامی ناشەرعی و دوور لە عورفی سیاسیی نییە، بەڵام وەک پێویستییەکی خەباتی نەتەوەیی لە یەکەم هەنگاودا پێوستە ئەم هەوڵانە بۆ یەکریزی ناو ماڵی کورد بێت، حاشا لەم واقعە ناکرێت بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە ماوەی ئەم 36 ساڵەدا ، وێرای ئەوەی کە نەیتوانیوە بۆ چەند ساتێکیش لە پێناو خەباتی رەوا و بەرژەوەندییە باڵاکاندا ریزەکانی خۆی یەک بخات، جیا لە شەڕی ناوخۆیی بەردەوام دووچاری لێکترازان و ئینکارکردنی یەکدی بوون، ئایا ئەمە کاریگەری قوڵی کۆماری ئیسلامی نییە بە سەر بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان؟

ئایا ئەم لایەنە ناکورد و بە ناو دیموکراتیکانەی کە باسیان لێوەدەکرێت، ناکرێ مۆرەی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تایبەت لە دەرەوەی ئێران بن؟

ئایا موحسێن سازگارا کە یەکێک لە دامەزرینەرانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە لە ئیستادا رۆڵی نەیارێکی رێژیم ناگێڕێ؟

لێرەدایە کە دەتوانین بڵێن نزیک بوونەوە لە لایەنە ئێرانییەکان دەسپێکی لاوازی و پڕش وبڵاوی حزیبەکانی رۆژهەڵات بووە کە بێ گومان ئەمەش تەرفەندێکی سەردەمیانەی رێژیمە کە بە مەبەستی تایبەت خۆی نەیارەکانی خۆی دیاری دەکات.

ئەم باروودۆخە نابەسامانییە تابە کەی دەتوانێت دەوام بێنێت، هەر وەک دەبینین حیزبەکانی رۆژهەڵات تادێت لاواز و لاوازتر دەبن، ئایا تەحەمولکردنی ئەم باروودۆخە تەنیا لە پێناو پاراستنی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان دایە ؟

بێگومان لەم باروودۆخەی ئێستادا کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات دووچاری قەیرانێکی مەترسیدار بووە ، لە راستیدا بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خۆشی گرفتی هەیە.

کەوابووهەوڵدان بۆ خۆدەرباز کردن لەم قەیرانەی ئێستا پێویستییەکەی هەنووکەییە نەک هەوڵدان بۆ نزیک بوونەوە لە تەک لایەن گەلێکی ئێرانی کە بە دلنیایەوە لە دوا رۆژیشدا هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نابێت و بە دژی نەتەوەی کورد دەوەستنەوە.

25/5/2014