به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌ڵێت، باندێكی دزی‌‌ و كوشتنیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ له‌ چوار كه‌س پێك هاتوون، ئێستایش دووان له‌و گرووپه‌ ده‌ستگیر كراون و دووانه‌كه‌ی‌ دیكه‌یش په‌یوه‌ندییان به‌ تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ كردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هه‌ولێر لیوای مافپه‌روه‌ر (عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ هۆبه‌ی ڕاگه‌یاندنی پۆلیس به‌ڕێوه‌ چوو ڕایگه‌یاند، كه‌سێك كه‌ پله‌ی‌ ملازمی‌ یه‌كی‌ له‌ سوپای‌ عێراقدا هه‌بووه‌، به‌ یارمه‌تیی‌ سێ‌ كه‌سی دیكه‌، پێنج تاوانی ئه‌نجام داون كه‌ چواریان دزیكردن بوون له‌ هه‌ولێر و تاوانێكی‌ كوشتنیشیان له‌ دهۆكدا ئه‌نجام داوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا، لیوا (عه‌بدولخالق) ئاماژه‌ی دا، "ڕووداوه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بوون، له‌ ڕۆژی‌ (9-9-2013) -دا، تۆمه‌تباری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌گه‌ڵ سێ‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ی‌ دیكه‌دا هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر و چه‌ند لاپتۆپ‌ و مۆبایلێكیان له‌ پێشانگه‌ی‌ ئۆتۆمبێلدا بردووه‌، له‌ مانگی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵیشدا دزییان له‌ كۆمپانیایه‌ك كردووه‌ كه‌ بڕێك پاره‌ له‌ناو قاسه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌دا بووه‌".

ده‌شڵێت، تاوانی‌ سێیه‌م له‌ (5-10-2014) ـدا بووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ دووه‌م ڕۆژی‌ جه‌ژن و (20) ملیۆن دینار و (100) مسقاڵ زێریان له‌ ماڵێكدا دزیوه‌، دزیی چواره‌میشیان له‌ ئه‌وانی دیكه‌ جیاواز بووه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ دزیكردندا به‌ چه‌كوش له‌ ژنی‌ ماڵه‌كه‌یشیان داوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هه‌ولێر، پێوه‌ست به‌و تاوانه‌ی‌ له‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌ دهۆكدا ئه‌نجامیان داوه‌، ڕوونی كرده‌وه‌، تاوانباری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ هاوكاریی‌ سێ‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ی‌ دیكه‌، له‌ بازاڕی گۆڕینه‌وه‌ی‌ دراودا چاودێریی‌ كه‌سێكیان كردووه‌ كه‌ (4000) دۆلاریان لێ سه‌ندووه‌ و پاشان كوشتوویانه‌.

 (عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت) گوتیشی، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ و تۆمه‌تبارێكیان له‌و گرووپه‌ چواركه‌سییه‌ ده‌ستگیر كردوون، دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی‌ دیكه‌یش چوونه‌ته‌وه‌ مووسڵ‌ و په‌یوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.