بۆ هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن خۆیان گێل ئه‌كه‌ن و به‌بێ ویژدان بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌و قه‌ت ناوێرن باسی حزبی شیوعی بكه‌ن یان نایانه‌وێ و خۆیان دوور ئه‌خه‌نه‌وه‌و وه‌ك زانراوه‌ ویژدان بۆ مرۆڤی پاك و خاوێن نیشانه‌ی ئازایه‌تی و جوامێری و پیاوه‌تییه‌و هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن كه‌ دێنه‌گۆ به‌ ئاره‌زووی خۆیان ئه‌په‌یڤن و چی باشه‌ ئه‌وان كردوویانه‌و چی خراپه‌ ئه‌یده‌نه‌ پاڵ كه‌سێك یان لایه‌نێكی ترو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی تێكشكان و نشوشستییه‌كانی خۆیان ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خوێنی گه‌شی پێشمه‌رگه‌كانیان له‌ گه‌ڵ خوێنی ئاڵی پێشمه‌رگه‌ی حزبێكی تر تێكڵاوو ئاوێته‌ بوو بێت و!، قه‌ت باسی ناكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ كه‌ راستییه‌كان ئه‌شارنه‌وه‌هه‌میشه‌ جێی شه‌رمه‌زاری و گومانن.

كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ قسه‌ بكه‌ێن، به‌ڵێ ئه‌مرۆ واده‌ی ئه‌وه‌ هاتووه‌ وه‌ك شایه‌د حاڵ {شاید عه‌یان} چیتر نه‌وه‌ستین و، هه‌ركه‌س و لایه‌ن و حزبێك له‌لای خۆیه‌وه‌ بجوڵێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ر یه‌ك له‌ گۆشه‌ نیگایه‌ك سه‌یری ئه‌و تاوانه‌دێزه‌ بكات.

 ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی چه‌په‌ڵ و گڵاو وبه‌دناو بوو له‌ قوولایی وناخی شۆڤه‌نیستانه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی بۆگه‌نه‌كه‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌و، وه‌ك هه‌یشومه‌و كۆلێرا بڵاوبووه‌وه‌ بۆ له‌ناو بردنی گه‌لی كوردستان به‌ كیمیاباران و، په‌یره‌و كردنی سیاسه‌تی جینۆسایدو، ده‌مێك بوو حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ عێراق و رژێمی فاشی نه‌خشه‌و پلانیان دارشتبوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوان و كرده‌وه‌ به‌دناو قیزه‌وه‌نه‌و، ئه‌وه‌ بوو ده‌ستیان كرد به‌ زه‌نجیره‌یه‌ك پرۆسه‌ی گڵاو له‌ ژێر ناوی (الانفال) له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1988 دا ده‌ستی پێكرد به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر سه‌رگه‌ڵوو به‌رگه‌ڵو تا سه‌ره‌تای مانگی سیپته‌مبه‌ری (تشرینی یه‌كه‌م) ی هه‌مان ساڵی خایاند.

كاتێك مرۆڤ ئه‌یه‌وێت له‌ سه‌ر ئه‌نفال بنووسێت ئه‌كه‌وێته‌ ناو گێژاوێكی بیروو هه‌ڵچوون و دڵه‌راوكێ و نازانێت باسی كام چمكی ره‌شی ئه‌و پرۆسه‌ پر له‌ تاوانه‌ بكات، ئایا ئه‌توانێت راستییه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ درندانه‌یه‌ی به‌عسییه‌ خوێنرێژه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان بخاته‌روو، نووسین له‌ سه‌ر ئه‌نفالی به‌دناو كارێكی پیرۆزه‌، به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ زۆر ئاڵۆزه‌، چونكه‌ به‌ چاوی خۆم تراژیدیاو ناخۆشی گه‌له‌كه‌م بینی و، هه‌ر گه‌لی قاره‌مانی ئێمه‌یه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ درنده‌و چه‌په‌ڵه‌ی به‌عسیانی گرت و، توانی به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خوێ بكات و، من وه‌ك شیوعی و پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی (شایه‌د عه‌یانم) و، لێره‌دا ئه‌مه‌وێت هه‌ندێ رووداو بخه‌مه‌روو، رووی رژێمه‌كه‌ی چه‌ته‌كانی به‌غدا ره‌ش بكه‌م.

سه‌ره‌تای زستانی ساڵی 1988رژیمی دیكتاتۆری هێرشێكی به‌ربڵاوی كرده‌ سه‌ر هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له‌ سه‌رگه‌ڵوو به‌رگه‌ڵو له‌ دۆڵی جافایه‌تی و رادیۆی ئیزگه‌ی به‌غدا هه‌واڵێكی دڵته‌زێنی به‌ سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی دوژمنی بڵاوكرده‌وه‌:(اكملت قواتنا المسلحه‌ عملیات الانفال الاولی)، به‌ڵێ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی رژێم به‌ سه‌ركه‌وتوویی پرۆسه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نفالی ته‌واو كردو، دۆڵی جافایه‌تی كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی رژێم.

باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی – كه‌ركوكی حزبی شیوعی عێراق له‌ دێی ئه‌ستێلی سه‌روو بوو، هه‌روا به‌تالیۆنی {4} ی گه‌رمیان له‌ نزیك دێی باوه‌كر له‌ گه‌رمیان، به‌تالیۆنی {7} هه‌ورامان له‌ دێی شیوی قازی، به‌تالیۆنی {9} ی سلێمانی له‌ دێی كه‌سنه‌زان و به‌تالیۆنی {15} قه‌ره‌داع له‌ دێی كۆشك بوون و، پاش هه‌واڵه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ یه‌كسه‌ر مه‌ڵبه‌ندی سڵێمانی و كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداو بریار درا: هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئه‌بێ خۆمان كۆبكه‌ێنه‌وه‌و، هه‌واڵی گرتنی دۆڵی جافایه‌تی زه‌نگی ترسناكه‌و جه‌خت له‌ سه‌ر پاراستنی ناوچه‌كه‌ كراو هه‌ندێ بریارو ئامۆژگاری تری بڵاو كرده‌وه‌ له‌وانه‌: پێویسته‌ هێزه‌كانی حزب بایه‌خ بده‌ن به‌ وریایی و، خۆ ئاماده‌ كردن بۆ رووداوی كتوپر، كۆ كردنه‌وه‌ی هه‌واڵ سه‌باره‌ت به‌ جموجوڵی رژێمی فاشی به‌غدا، بیركردنه‌وه‌ له‌ شوێنی گونجاو بۆ باره‌گاكانی حزب و گواستنه‌وه‌ی ئازووقه‌ و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی زیاده‌و شتومه‌كی پێویست، هه‌ندێ بریاری تر له‌ باره‌ی پاراستنی كادیرو گشت هاورێیان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركردن بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ له‌ باره‌گاكانی حزبدا ئه‌ژین و، په‌یوه‌ندی كردن به‌ لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌و دانانی پلان بۆ به‌رگری كردن له‌ ناوچه‌كه‌.

حزبمان، حزبی شیوعی به‌ هۆێ گرتنی شارۆچكه‌ی قه‌ره‌داغ به‌ هاوكاری لایه‌نه‌كاتی تر له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بوو، رۆژانه‌ لاوانی نوێ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌هاتن و رێكخراوه‌كانی حزب بته‌وتر ئه‌بوون و، ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ پاش گرتنی شارۆچكه‌ی نه‌وجول و گرتنی ره‌بیه‌و مۆڵگاكانی دوژمن له‌ ده‌ورو به‌ری كه‌لار و به‌رلووت و باوه‌نورو ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌كانی گه‌رمیان و هتد. . . له‌ لایه‌ن حزبمانه‌وه‌ زیاتر به‌تین و به‌تینتر ئه‌بوو، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ گرتنی ئه‌و شوێنانه‌ بووه‌ هوێ چاككردنی باری ئابووری مه‌ڵبه‌ندو به‌تالیۆنه‌كان و رێكخراوه‌كانی حزب، ئه‌وه‌ش له‌ رێی گرتنی ئۆتۆمبێل و تراكتۆرو كه‌ره‌سه‌ی په‌یوه‌ندی (اتصالات) وه‌ك جهازی لاسلكی راكاڵ و هه‌روا چه‌كی هه‌مه‌ جۆر قورس و سووك و، به‌ دیل گرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ربازو جاشی رژێم و چڵكاوخۆران و ئه‌ندامانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی.

له‌ پاش گرتنی دۆڵی جافایه‌تی رژێمی به‌عس ماوه‌یه‌ك كش و مات بوو، بۆیه‌ بریاردرا ده‌ست به‌ چالاكی عه‌سكه‌ری بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو مه‌فره‌زه‌یه‌ك به‌ سه‌ركرداتی به‌رپرسی عه‌سكه‌ری مه‌ڵبه‌ند هاورێ جه‌وهه‌ر ره‌وانه‌ی گه‌رمیان كرا به‌ نیازی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی شارۆچكه‌ی (جه‌باره‌) و، له‌ پاشاندا بیر كردنه‌وه‌ له‌ چۆنێتی گرتنیداو، من له‌ گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌كه‌ چووم بۆ ئه‌وه‌ی باری ناوچه‌كه‌ له‌ رووی بوون و نه‌بوونی شتومه‌كی پێویست و خوارده‌مه‌نی بۆ رۆژی ته‌نگانه‌ بزانم ده‌ست ئه‌كه‌وێت یان ده‌ست ناكه‌وێت و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سوود له‌ هاورێیانی گه‌رمیان وه‌ربگرم و، پاش ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كان مه‌فره‌زه‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تی گه‌رایه‌وه قه‌ره‌داغ‌.

له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی هه‌ورامان كه‌ توانیان به‌وپه‌ری وریایی و سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ رۆژی تاوانه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ شێرانه‌ له‌ ناو سوپا داگیركه‌ره‌كان و جاشه‌ رووره‌شه‌كان به‌بی زیان خۆیان ده‌رباز بكه‌ن هاورێیان: ئه‌بو لینا و جه‌وهه‌ر و ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب چوون بۆ دێی شیوی قازی، له‌ نیوه‌شه‌ودا نامه‌یه‌ك له‌ هاورێیانی ره‌بیه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ر شاخی میریاسی كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رووی دێی نه‌وتی به‌رامبه‌ر به‌ بورجه‌كه‌ی نێوان سلێمانی قه‌ره‌داغ گه‌یشت و، له‌ نامه‌كه‌دا هاورێیان ئه‌ڵێن هه‌ست به‌ جموجوڵی دوژمن ئه‌كه‌ین، دیاره‌ ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ و گڵاو لێره‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات، هاورێیان یه‌كسه‌ر خۆیان كۆ كرده‌وه‌ چونكه‌ بۆچوونی هاورێیانی سه‌رشاخیان به‌ راست زانی.

به‌ڵێ له‌ شه‌وی 22/23 – 3 – 1988 قۆناغی دووه‌م له‌ ئه‌نفالی چه‌په‌ڵی رژێمی دیكتاتۆری خوێنرێژ ده‌ستی پێكردو ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م قۆڵ (میحوه‌ر) بوو، هاورێیانی دلێرو ئازا به‌رنگاری هێرشه‌ درندانه‌كه‌ی سوپای عێراق بوونه‌وه‌و، شه‌ریش تا ئه‌هات گه‌رمتر ئه‌بوو، له‌م قۆڵه‌دا دوو رۆڵه‌ی دڵسۆزی خاك و نیشتمان ژیان و خوێنی گه‌شیان به‌ گه‌ل و نیشتمان و حزب پێشكه‌ش كردو، ئه‌و دوو قاره‌مانه‌ شه‌هیدان بارام حه‌مه‌ ره‌زا هه‌ورامی و شوان محه‌مه‌د عه‌بدول {شوانی حه‌مه‌ قتوو} ی گۆرانیبێژ بوون.

له‌ مه‌ڵبه‌ند له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كورتدا له‌ گه‌ڵ هاورێ جه‌وهه‌ر به‌رپرسی عه‌سكه‌ری و ده‌سته‌یه‌ك له‌ كادیری حزبی و عه‌سكه‌ری بریاردرا هه‌ریه‌ك له‌ هاورێیانی به‌رپرس به‌ ئیشوكاری خوێ هه‌ستێ به‌بێ وه‌ستان و، پێویسته‌ هه‌ر هه‌موو خۆ ئاماده‌ كه‌ن بۆ رووداوی قورسو ناخۆش و، ده‌ست كرا به‌ گواستنه‌وه‌ی ئازووقه‌و شتومه‌ك له‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ به‌ره‌و قۆپییه‌كان و، به‌ هوێ ئه‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌كی دیل و سه‌ربازو چڵكاوخۆری به‌عس لامان مابوونه‌وه‌ هه‌رچی هه‌بوو به‌ زووترین كات گوێزرایه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئۆتۆمبێل و تراكتۆره‌كان.

دوژمنی ترسنۆك بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ برۆخێنێت كیمیابارانی دێی سێوسینانی كردو 69 هاوڵاتی له‌ مناڵ و ئافره‌ت و په‌ككه‌وته‌ شه‌هید و نزیكه‌ی 93 برینداری لێكه‌وته‌وه‌و، دوژمن قۆڵه‌كانی شه‌ری زیاد كردو، پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێكه‌وه‌ له‌ قۆڵه‌كانی كه‌ڵۆش و قلاقایمز رووه‌و ده‌ربه‌ندیخان به‌ره‌نگاری دوژمن بوونه‌وه‌و له‌م شه‌ره‌دا عه‌بدوللای مامه‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیؤنی {7} ی هه‌ورامان و عادل ره‌ش به‌رپرسی سیاسی هه‌مان به‌تالیۆن بریندار بوون.

دوژمن به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك، فرۆكه‌ی جه‌نگی، كۆپته‌ر، پیلاتۆز، تانك و تۆپ شێتانه‌ و به‌وپه‌ری درندانه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی ئه‌داو، بڵیسه‌ی ئاگرو دوكه‌ڵ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌رز ئه‌بووه‌و، سه‌ره‌رای قاره‌مانێتی و ئازایه‌تی دانێشتوانی ناوچه‌كه‌و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كان دوژمنی فاشی هاته‌ پێشه‌وه‌و، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بریاریاندا چیتر شه‌ر له‌و قۆڵانه‌ نه‌كه‌ن و هه‌وڵ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ شه‌ری نوێ یان خۆ دزینه‌وه‌و روو له‌ شوێنێكی تر بكرێت.

رۆژێكی خۆش و پرشنگدار وه‌ك 31/3/1988 جه‌ژنی له‌ دایكبوونی حزبی شه‌هیدان، حزبی شیوعی پێویست به‌ ئاهه‌نگگێران و شایی ئه‌كات، به‌ڵام داخ و هه‌زار داخ دوژمنی گومرا به‌ كرده‌وه‌ی چه‌په‌ل شایی ئه‌كاته‌ شیوه‌ن، به‌ڵێ له‌م رۆژه‌ پر سه‌روه‌رییه‌دا به‌ زۆر خێزانی هاورێیانمان به‌ره‌و شاره‌كان نارده‌وه‌و، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لێره‌ بووترێت هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌و هاوریمان نارده‌وه‌و هه‌موویان به‌ رێكوپێكی گه‌یشتن جگه‌ له‌ هاورێی قاره‌مان سه‌لاح حه‌سه‌ن {مامۆستا خالد} و كه‌س نه‌یزانی چ ده‌ستێكی گڵاو دای به‌ گرتن و، له‌ پاش ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ حزب رایگه‌یاند كه‌ مامۆستای نه‌مر شه‌هید كراوه‌و، له‌م رۆژه‌ مه‌زنه‌دا خۆمان كۆكرده‌وه‌و شه‌و رووه‌و گه‌رمیان كه‌وتینه‌رێ، دیلی زۆرمان لابوو، هه‌ر دیلێك شتێكی هه‌ڵگرتبوو وه‌ك سنوقه‌ فیشه‌ك، گولله‌ی (ئار بی جی RBG) و هتد. . له‌ پاش سێ رۆژ گه‌یشتینه‌ باره‌گای به‌تالیۆنی {4} ی گه‌رمیان له‌ ده‌ورو پشتی دێی باوه‌كرو، یه‌كسه‌ر ده‌ستكرا به‌ دابه‌شكردنی هێزه‌كان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌داو، بریاردرا نه‌خۆش، پیرو په‌ككه‌وته‌، ئافره‌ت و منداڵه‌كانیان ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی شوان و كۆیه‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ شوێنی قایمتر بۆ لای هاورێیانی پشده‌رو رانیه‌ له‌ دۆڵه‌ كوگا بكرێن، بۆیه‌ هه‌رده‌سبه‌جێ خرانه‌ ناو تراكتۆر به‌ره‌و جاده‌ی نێوان كه‌ركوك – سلێمانی و كه‌وتنه‌رێ و، مه‌فره‌زه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵیاندا چوو تا ده‌وروبه‌ری دێی ته‌كییه‌ و ئاغجه‌له‌رو، چاوساغ فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ هاورێی ئازاو نه‌به‌ردو تێكۆشه‌ر ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن {مامۆستا ئه‌نوه‌ر} بوو، كه‌له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1984 بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌‌تالێۆنی {9} سلێمانی له‌ بنكه‌ی بانی شاری شاخی سه‌ركه‌شی سورێن وپاشان له‌ لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی به‌غدا شه‌هید كرا.

به‌ هوێ بار گرژی ناوچه‌كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك به‌ره‌و شارو شاروچكه‌كان ئه‌چوون و، هه‌موو رۆژێك به‌ چاوی خۆمان كاره‌سات و تراژیدیای هاوڵاتیانمان ئه‌دی، منداڵه‌كان به‌جێ ئه‌مان، پاش ماوه‌یه‌ك دایكان قژی خۆیان ئه‌رنی و به‌ قیژه‌وگریان هاواریان ئه‌كردو ئه‌یانووت كوا مناڵه‌كانمان، خوایه‌ دوژمن له‌ ناو به‌ره‌و، به‌ هوێ سه‌رگه‌ردانی و چۆڵكردنی دێهاته‌كان هیچ جۆره‌ خوارده‌مه‌نییه‌ك به‌ تایبه‌ت ئاردو برنج و شه‌كرو چاو رۆن ده‌ست نه‌ئه‌كه‌وت و، ئه‌وه‌ش له‌ به‌تالیۆنی {4} ی گه‌رمیان هه‌بوو كه‌م بوو به‌شی چه‌ند رۆژێكی ئه‌كرد، وه‌ك پێشتر باسمان كرد ئێمه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ند هه‌رچی خوارده‌مه‌نی و ته‌قه‌مه‌نی هه‌بوو هێنرابوونه‌ قۆپی قه‌ره‌داغ بۆ رۆژانی ره‌ش و له‌ رووی لۆجیستیكییه‌وه‌ پێویستییه‌كی بایه‌خدارو گرنگه‌، بۆیه‌ پاش گفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ هاورێیاندا بریاردرا مه‌فره‌زه‌یه‌كی چاپوك ره‌وانه‌ی قۆپییه‌كانی قه‌ره‌داغ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت شتومه‌ك و خوارده‌مه‌نی بشارێته‌وه‌و، كاتێ له‌ قه‌ره‌داغ بووین به‌ ئاگاداری هاورێیان جه‌وهه‌رو حه‌مه‌ ره‌شید قه‌ره‌داغی چه‌كی زێده‌و ته‌قه‌مه‌نیمان شارده‌وه‌و، مه‌فره‌زه‌كه‌ بریتی بوو له‌م هاورێیانه‌: پێشمه‌رگه‌ی ئازاو چوست و دلێر مه‌جید دوكانی {پاشان له‌ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێندا شه‌هید بوو}، عمر مه‌حمود هه‌ڵه‌بجه‌یی، جوتیار، حه‌مه‌ بچكۆلی دێی دیوانه‌ و حه‌مه‌ی حزب و هه‌ورامان {له‌ راپه‌رێنه‌ شكۆداره‌كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان شه‌هید بوو} جێی ئاماژه‌یه‌ وه‌ك كارێكی مرۆڤدۆستانه‌ بریاردرا دیله‌كان ئازاد بكرین.

له‌ رۆژی 6/4/1988 هاورێیان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ به‌ لاسلكی ئاگاداری هاورێیان ئه‌بو لینا و جوهه‌رو حه‌مه‌ ره‌شیدیان كرد كه‌ دوژمن نیازی هێرشكردنی هه‌یه‌ و، بۆ به‌یانی 7/4 دوژمن له‌ قۆڵی دێی تاڵاو هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجامداو، له‌ رۆژی 9/4 هێرشه‌كه‌ی رژێمی فاشیست گه‌یشته‌ بناری گل و تازه‌شارو ئاوایی شیخ حه‌مید، له‌و شه‌ره‌دا خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌ف و خۆراگری گه‌رمیان و، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی حزبی شیوعی و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌رنگاری هێرشی نامه‌ردانه‌ی به‌عسییان بوونه‌و، دوژمنی له‌رزۆك به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك : فرۆكه‌ی جه‌نگی، پیلاتۆز، كۆپته‌رو تانك و تۆپی جۆراوجۆر دیهاته‌كانی ئه‌كوتاو درێژه‌ی به‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌داو له‌ ئه‌نجامدا {2} هاوڵاتی و {8} پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی و {13} پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ خوێنی گه‌شیان شانازی و سه‌ربه‌رزیان بۆ كوردو كوردستان تومار كردو شه‌هید بوون. .

له‌ قۆڵه‌كانی تره‌وه‌ هێرشه‌كانی رژێمی دیكتاتۆری به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ئه‌هات و جه‌نگاوه‌رانی شیوعی و یه‌كێتی و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی گه‌رمیان بوونه‌ به‌ربه‌ستێكی پۆڵایین و ئه‌چوون به‌ گژ هێزه‌كانی دوژمن كه‌ په‌یتا په‌یتا هێزه‌ لووت شكاوه‌كانی ئه‌كێشایه‌وه‌و هێزی نوێی ئه‌هێنا و، پێشمه‌رگه‌و هێزی میللی و جه‌ماوه‌ر {هێزی به‌رگری} هێدی هێدی به‌ره‌و قه‌ره‌داغ ئه‌كشایه‌وه‌و، خه‌ڵك تێكرا به‌ ته‌واوه‌تی كۆستی كه‌وتبوو، هه‌موو به‌ یه‌ك ده‌نگ و له‌ سه‌ر یه‌ك ئاواز هاوارو سكاڵایان ئه‌كردو، ئه‌یانووت به‌ گرتنی زنجیره‌ شاخه‌كانی قه‌ره‌داغ پشتمان شكا، ئه‌ی دادو بێداد به‌ره‌و كوێ برۆێن؟ چ بكه‌ێن؟ پێشمه‌رگه‌ چاره‌یه‌كمان بۆ بدۆزنه‌وه‌، نامانه‌وێت بچینه‌ لای رژێمی به‌دكاری به‌عس، ئێمه‌ سه‌رمان لێشێواوه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ عاستی ئه‌و داوایه‌ بێده‌نگ ئه‌بوو، چونكه‌ كاره‌سات و تاوانه‌كه‌ جگه‌ر بر بوو.

ئێمه‌ له‌ دێیه‌كی گه‌رمیان بووین، پێشمه‌رگه‌یه‌كی حزب، هاورێ {كامه‌رانی مام ئه‌سكه‌نده‌ر} لێم نزیك بووه‌وه‌و وتی: هاورێ بۆچی فرمێسك ئه‌رێژیت؟ وتم هاوری گیان باوكم و برام مردن فرمێسكم نه‌رشتوه‌ به‌ڵام ئه‌مرۆ له‌ ناخه‌وه‌ ئه‌گریم، ته‌ماشاكه‌ بزانه‌ چ قه‌یرانێكه‌و، ئه‌و ئافره‌ته‌ چۆن قژی خۆی ئه‌رنێ و، ئه‌وه‌تا ئه‌ڵێت كوا مناڵه‌كه‌م، كوا كۆرپه‌كه‌م؟ به‌ قوربانتان بم مناڵه‌كه‌م دیار نییه‌، مێرده‌كه‌م و براكه‌م سێ چوار رۆژه‌ چوون بۆ شه‌ر تا ئێستا دیاریان نییه‌، كامه‌ران گیان بزانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ چۆن ووروژاوه‌، وا به‌ چاوی خۆت ئه‌بینی هێزه‌كانی ئێمه‌ و حزبه‌كانی تر ده‌ره‌قه‌تی هێزه‌كانی دوژمن نایه‌ن و ئه‌وان هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكیان هه‌یه‌و، دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ له‌ كیمیاباران ئه‌ترسن، له‌ به‌ر ئه‌م شتانه‌ فرمێسك ئه‌رێژم.

له‌ دێیه‌كی تر بووین، دێیه‌كی چۆڵ و هۆڵ، خواردن و نان نه‌بوو، من و هاورێیان ئه‌بو لینا و بێستونی لاسلكی خه‌ریكی دانانی ئارێلی جیهازی په‌یوه‌ندی (اتصالات) بووین و ژنێكی پیر خۆی له‌ قور هه‌ڵكێشابوو به‌ گریان هات و داوای كرد پێشمه‌رگه‌كان بچن به‌ هانایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌برێك یان راستر چاڵێك بۆ كوره‌ شه‌هیده‌كه‌ی هه‌ڵكه‌نن، ژنه‌كه‌ شیوه‌نی ئه‌كردو به‌ سۆزه‌وه‌ كوركه‌ی و گه‌رمیانی ئه‌لاوانده‌وه‌: هه‌ی وه‌ی شێره‌ كوره‌كه‌م رۆ، گه‌رمیانم رۆ، هه‌ی وه‌ی شێره‌ فریام كه‌ون، هه‌ی وه‌ی شێره‌، له‌ راستیدا نازانم پێشمه‌رگه‌كان چوون به‌ هانایه‌وه‌ یان نه‌!، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵی دانانی جیهازه‌كه‌ بووین، ئه‌مه‌ ته‌نها وێنه‌یه‌كی تاڵه‌‌، هه‌زاران وێنه‌ی تاڵتر هه‌یه‌و، هه‌ر وێنه‌یه‌ك له‌و رووداوانه‌ی ئه‌نفالی بۆگه‌ن شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌زاران لاپه‌ره‌ی له‌ سه‌ر بنووسرێته‌وه‌و بكرین به‌ فلیمی جۆراوجۆری سینماو، رۆژانیش زۆری به‌ ده‌مه‌وه‌ ماوه‌و گه‌له‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌كه‌مان قه‌ت ئه‌و تراژیدیایه‌ و تاوانه‌ له‌ بیر ناكات.

جارێكی تر گه‌راینه‌وه‌ قۆپی قه‌ره‌داغ {قۆپی نیرامسین} و یه‌كسه‌ر به‌بێ گوێدان به‌ هیلاكی و ماندیبوون ده‌ستكرا به‌ نان كردن و دابه‌ش كردنی شیرو په‌نیرو و قتوو گۆشت و قتوو ماسی و شه‌كرو چاو، به‌شی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دراو، هه‌روا به‌شی رۆڵه‌ دلسۆزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ نه‌یانویست بچنه‌ لای دوژمن دراو، به‌ ده‌نگی به‌رز وتمان چیتان ئه‌وێت بیبه‌ن و منه‌تی نییه‌و ماڵی حزبی شیوعی و پێشمه‌رگه‌یه‌.

بریاردرا ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكریت، به‌ڵام حزبمان بریاری مانه‌وه‌ی {2} مه‌فره‌زه‌یدا، مه‌فره‌زه‌ی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ هاورێیا": ره‌ووفی حاجی محه‌مه‌دی گوڵانی {هاوری جه‌وهه‌ر} به‌رپرسی عه‌سكه‌ری مه‌ڵبه‌ندی سڵیمانی – كه‌ركوك، مه‌جید دوكانی، هاوكار جه‌لال ئه‌بو شوارب {جوتیار}، عه‌لی پوره‌ سوێبه‌، بیستونی لاسلكی له‌ گه‌ڵ جیهازه‌كه‌ی و، مه‌فره‌زه‌ی دووه‌م هاورییان: حسه‌ین ره‌حیم {هه‌ژار}، بایزی سه‌ید باقی، ئه‌وره‌حمان فه‌ره‌ج {لاله‌} و عه‌تا صالح سه‌رۆچاوه‌ {دڵشاد} و، جێی داخه‌ مه‌فره‌زه‌ی دووه‌م له‌ لایه‌ن چڵكاوخۆرانی رژێم به‌ شێوه‌یه‌كی نامه‌ردانه‌و نا مرۆڤانه‌ شه‌هید كران و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان و هه‌ڵسان به‌ سووتاندنی ته‌رمه‌كانیان.

حزبه‌كان بریاریاندا بۆ په‌رینه‌وه‌ له‌ رێگای سه‌ره‌كی سلێمانی – كه‌ركوك بكرین به‌ (3) ره‌طڵ (به‌ش) و هه‌ر به‌شێك له‌ قۆڵێكه‌وه‌ بپه‌رێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی شوان و، به‌شه‌كه‌ی ئێمه‌ مه‌ڵبه‌ندو به‌تالیۆنی {7} ی هه‌ورامان و هه‌ندی له‌ هاورێیانی رێكخراوه‌كان و به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی به‌شه‌ره‌فی ناوچه‌كانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ و برینداره‌كان له‌ گه‌ڵ هێزێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی شیخ جه‌عفه‌ر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌و هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی ئازاد قه‌ره‌داغی و، بریاردرا هێزه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌ قۆپییه‌وه‌ بكه‌وێته‌رێ رووه‌و بازیان و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ دێی جافه‌ران تێپه‌رببین و، پاشان هه‌ر هێزێك په‌نایه‌ك بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ خوێ حه‌شار بدات بۆ ئه‌وه‌ی تووشی شه‌ر نه‌بین چونكه‌ دوژمنی گومرا به‌ دوای پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌ و، هه‌روا بریاردرا شه‌وی ئاینده‌ له‌ كاتژمێری 7 ی ئێواره‌ هێزه‌كان له‌ دێی قازان قایه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌.

وه‌ك كات و شوێن ده‌ستنیشانكران له‌ كاتی دیاریكراودا هێزه‌كان گه‌یشتنه‌ دێی قازان قایه‌ له‌ قه‌ره‌داغ جگه‌ له‌ هێزه‌كه‌ی پارتی و، له‌ ماوه‌یه‌یه‌كی دوورو درێژ چاوه‌روان بووین به‌ڵام هێزه‌كه‌ی پارتی نه‌هات، بۆیه‌ بریاردرا چیتر چاوه‌روان نه‌بین و پاش (2) كاتژمێر كه‌وتینه‌رێ و، له‌ دێی مێوڵێ كه‌ زانرا ناتوانین له‌ جاده‌ی سلێمانی – كه‌ركوك بپه‌رێنه‌وه‌ بریاردرا له‌ دێی مێوڵێ به‌رامبه‌ر به‌ دێی سۆڵه‌ی دێی لێژه‌ بمێنینه‌وه‌ تا شه‌و.

له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمیر (11) ی پێش نیوه‌رۆ له‌ پر بوو به‌ گاڵه‌ گاڵ و هه‌راو بگره‌ بگره‌و پاش چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك شێره‌كانی به‌تالیۆنی {7} ی هه‌ورامان چه‌كدارێكیان ده‌ستگیر كردو، چه‌كداره‌كه‌ جاش بوو، وتی دوو كه‌س بووین من گیرام و ئه‌وی تر هه‌ڵهات و له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ركه‌وت كازێوه‌ی ئه‌و رۆژه‌ هێزێكی گه‌وره‌ له‌ سوپاو چاش به‌ پاڵپشتی تانك و تۆپ له‌ سه‌ربازخانه‌ی ""السلام"" و ده‌ربه‌ند بازیان هاتوون به‌ مه‌به‌ستی گرتنی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌م دوو كه‌سه‌یان بۆ چاوساغی (استطلاع) ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن عوسات (العصاة) هه‌یه‌ یان نییه‌و، وتی: جاده‌ی سلێمانی و كه‌ركوك ته‌نراوه‌و وریا بن و له‌وانه‌یه‌ ئێستا تۆپ بارانی ئه‌م ناوه‌ بكه‌ن.

ئێمه‌و براده‌رانی یه‌كێتی بریارماندا خۆمان له‌ دوژمن دوور بخه‌ینه‌وه‌و به‌ره‌و سه‌ر شاخ برۆین، به‌ڵام لامان سه‌یر بوو بۆچی دوژمن ته‌قه‌ ناكات یان تۆپ ناهاوێژێت ؟ ئێواره‌ درنگ زانیمان هێزه‌كانی رژێم (4) پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی كوردستانیان‌ ده‌ستگیر كردووه‌و، ئێمه‌ ویه‌كێتی قسه‌ی چاشه‌كه‌مان سه‌لماندو به‌ راستمانزانی كه‌ وتی جاده‌ی سلیمانی و كه‌ركوك ته‌نراوه‌ بۆیه‌ بریاردرا به‌ره‌و دووا بكشێنه‌وه‌، به‌ڵی گه‌راینه‌وه‌ بۆ دێی ته‌نگیسه‌رو، له‌وێشه‌وه‌ چووین تا گه‌یشتینه‌ نێوان ته‌نگیسه‌رو دێی داری كه‌لی و، بریاردرا له‌وێ تا ئێواره‌ بمێنینه‌وه‌و، ئه‌و شوێنه‌ روته‌ن و بێ دارو ده‌وه‌ن بوو، له‌ رووی عه‌سكه‌ریشه‌وه‌ بێ كه‌ڵك و بێسوود بوو، یه‌كێك ئه‌توانێت خوێ حه‌شار بدات، به‌ڵام چۆن چۆنی ژماره‌یه‌ك هێسترو گوێدرێژ بشارێته‌وه‌؟.

ئه‌و رۆژه‌ رۆژێكی دژوارو سه‌خت و ناخۆش بوو، ئێمه‌ له‌ رووی ژماره‌وه‌ زۆر بووین و، بریندارمان هه‌بوو نه‌مان ئه‌توانی ده‌ستبه‌رداری هێسترو گوێدرێژه‌كان بین، جێگاكه‌مان رووته‌ن بوو، له‌ سه‌رووی ئێمه‌وه‌، واته‌ سه‌ری شاخ سوپای عێراق و جاش ره‌بییه‌یان دا ئه‌نا‌و سه‌نگه‌ریان لێئه‌داو، له‌ خواریشه‌وه‌ هه‌مان سوپا ئاگرو گریان خستبووه‌ ناو دێی سه‌رزه‌ل و، دووكه‌ڵ به‌رز ئه‌بووه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ ناخه‌وه‌ ئه‌سووتاین و دوژمن زاڵ بوو، ئێواره‌ درنگ كه‌وتینه‌رێ و شه‌و به‌ ناو ئه‌ڵلایی له‌ جاده‌ی سلێمانی – كه‌ركوك په‌رینه‌وه‌و بۆ ناوچه‌ی شوان، پاش چه‌ند رۆژێك له‌ دێی سه‌رچنارو، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ر له‌ نوێ ده‌ستكرا به‌ دابه‌شكردنی هێزه‌كانی حزب و چۆنێتی په‌رینه‌وه‌ بۆ لای هاورێیانی كۆیه‌و هه‌ولێر، ئێمه‌ كه‌ گه‌یشتینه‌ دۆڵی سماقوڵی یه‌كسه‌ر به‌ هاوكاری هاورێیانی به‌تالیۆنی {31} ی ئازار هاورێ ئه‌بو لیناو برینداره‌كان و ئافره‌تان و برێك له‌ هاورێیانی تر ره‌وانه‌ی دۆڵه‌ كۆگا كران و، ئێمه‌ش له‌ ئاوه‌گرد باره‌گایه‌كی نوێمان داناو، هاوكات هاورێیانی كۆیه‌ ئاگاداریان كردین كه‌ دوژمنی ترسنۆك كیمیابارانی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌و، دێی گۆپته‌په‌ زیانێكی زۆری پێگه‌یشتووه‌و شه‌هیدیان زۆره‌و، هه‌روا حزبمان و یه‌كێتی شه‌هیدیان هه‌یه‌ و، هاورێیانی به‌تالیۆنی {7} ی هه‌ورامان به‌ هوێ ئه‌و باره‌ تازه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و گه‌رمیان گه‌رانه‌ته‌وه‌.

حزبی شیوعی عێراق له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی به‌دناودا كۆمه‌ڵێك شه‌هیدی قاره‌مانی دا وه‌ك ئه‌م نه‌مرانه‌: جه‌وهه‌ر، ئه‌بو ڤیان، مولازم سامی، مامۆستا ئه‌نوه‌ر، مامۆستا خالد، مه‌جید دوكانی، ماجد عه‌لی خه‌لیفه‌ و كۆمه‌ڵێكی تر، ئیدی پۆچی و له‌ به‌رچی هه‌ندێ كه‌س (دۆست نه‌ دوژمن) ئه‌یانه‌وێت راستییه‌كان بشارنه‌وه‌.

نه‌مرێ بۆ‌ گه‌ڵه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌كه‌مان، نه‌مری بۆ شه‌هیدانی حزب و بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی.

مردن و سه‌رشۆرێ بۆ دوژمنان. .

14/4/2014