له‌ رۆژی دروستبوونی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاو وڵاتانی تره‌وه‌ و سه‌ره‌رای هه‌وڵه‌كانی رژێمی توركیای تیرۆریست بۆ خۆ دزینه‌وه‌و خۆده‌ربازكردن له‌و هاوپه‌یمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ چاره‌ی له‌ جیهاندا زیاتر ره‌ش ئه‌بێت و هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ ریسوایی و شكستخواردن و یارمه‌تیدانی چه‌ته‌كانی داعشی دۆستی كه‌ منداڵانی ساوا سه‌ر ئه‌برن یان گولله‌ بارانیان ئه‌كه‌ن وئه‌یانكوژن. .

توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ درۆكردن و نكوڵیكردن له‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ داعشدا هه‌بێت و، جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی ولایه‌ته‌كانی ئه‌مریكاو، جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا تورکیای تیرۆریستیان تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاریی داعش و گروپە توندره‌وه‌كانی دیكه‌ ئه‌كات ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ رۆژانه‌ میدیا جیهانییه‌كان به‌ڵگه‌ی زیاتر له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌و، به‌رپرسانی بریتانیا راپۆرته‌كانی بی بی سی پشتراست ئه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ توركیا "جیهادی" و كه‌سانی داعش و كه‌ره‌سه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و بێته‌ل ره‌وانه‌ی سوریاو عێراق ئه‌كات.

دۆژمنانی گه‌لی كوردو كوردستان له‌ مێژه‌وه‌ ته‌راتێن ئه‌كه‌ن و به‌ ئاره‌زوو سه‌ربه‌ستانه‌ به‌ناو شاره‌كانی كوردستان هاتووچۆ ئه‌كه‌ن و، وه‌ك بڵێت ئه‌م خاكه‌ هی ئه‌وانه‌و، زۆر لووتبه‌رزانه‌‌ ئه‌رواننه‌ خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌و، وا دیاره‌ له‌ بن هه‌نگڵیان چه‌ندین نه‌خشه‌ی گڵاویان شاردووه‌ته‌وه‌و، كه‌مه‌ كه‌مه‌ ناچار ئه‌بن ئاشكرای بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ش پشتگیریان لێئه‌كه‌ن سه‌رشۆرانه‌ نه‌خشه‌كانیان جێبه‌جێ ئه‌كه‌ن و تا ماون به‌ زه‌بوونی و ژێرده‌سته‌یی ئه‌ژین.

له‌ كوردستان و زۆر نزیك له‌ ئاژانسی نه‌ته‌وه‌یی كه‌سانی میتی توركی خۆیان مه‌ڵاس داوه‌و، له‌ ژێر په‌رده‌وه‌ ژیرانه‌ به‌ نه‌رم و نیان پرۆگرامه‌ ژه‌هراوییه‌ دارێژراوه‌كانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و، بۆ نموونه‌ هێرش ئه‌كه‌نه‌ سه‌ر رێککەوتننامە ستراتیژییه‌كه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ هه‌یه‌ و جاروبار ئه‌مرێت و پاشان زیندو ئه‌كرێته‌وه‌و، ئه‌م گه‌مه‌یه‌ بووه‌ته‌ جێی پێكه‌نینی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ترو، زۆر جار كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی كادیران و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و دوو حزبه و،  تەنانەت هەندێک جار داوای هەڵوەشانەوەشی کراوه‌‌.

كۆبانێ ئه‌و شارۆچكه‌ قه‌شه‌نگ و ره‌نگینه‌ی كوردستان كه‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤه‌نیسته‌كان وبیری عروبه‌ی بۆگه‌نیان ناوی "عین العرب"یان لێناوه‌ بوه‌ته‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی رژێمی توركیاو سه‌رۆكه‌ تیرۆییسته‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و، كۆبانێ دونیای هه‌ژاندو، میدیای كوردی و جیهانی وسه‌ركرده‌ و ئه‌فسه‌رانی پایه‌ به‌رزو سیاسه‌تمه‌دارانی سه‌رسام كردو، هه‌موو كوردان ئه‌زانن شه‌رڤانانی ئازاو قاره‌مان و شێره‌ژنانی چاونه‌ترس توانیان سه‌ری بڵندی كورد بڵندتر بكه‌ن و، له‌ به‌رخودانێكی پاڵه‌وانانه‌ی گه‌وره‌و، له‌ داهێنانێكی بێ وێنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ درنده‌ترین گروپی خوێنرێژ له‌ مێژوودا و، به‌ پشتگیری و یارمه‌تیدانی ئاشكرای رژێمی توركیای تیرۆریست بجه‌نگێن و سه‌ریان پێ شۆر بكه‌ن و، وا په‌نجا رۆژه‌ له‌ پێناوی ئازادی و رزگاریدا كۆبانێ بوه‌ته‌ چه‌قڵی چاوی نه‌یاران و داگیركه‌ران و میتی توركی و ناحه‌زان.

كۆبانێ ته‌نها نییه‌و، به‌ پێی میدیاكان و دۆستانی كورد بووه‌ته‌ هێماو ناسنامه‌ی گه‌لێك و، زوربه‌ی كوردان به‌ شانازییه‌وه ئه‌ڵێن كۆبانێ بووه‌ته‌ ره‌مزی یه‌كبوون و یه‌كریزی و، هه‌موو كوردی كۆكردووه‌ته‌وه‌و یه‌كیانی خستتووه‌، به‌ڵام لێره‌دا به‌داخه‌وه‌ پێویسته‌ بڵێن هێشتا كوردان زۆریان ماوه‌ ده‌ست له‌ یه‌خه‌ی یه‌كتری هه‌ڵگرن و، باشتر وایه‌ به‌ناوی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نیوان پارتی و یه‌كێتی كۆبانێ مه‌كه‌نه‌ قۆچی قوربانی خواستی حزبه‌كان و ملشكاندنی یه‌كترو، ئه‌بێ خه‌می گه‌وره‌ی هه‌ر تاكێكێ كوردی شه‌ریف و دڵسۆز رزگاركردنی كۆبانێ بێت.

كۆبانێ تاجی سه‌ره‌و سومبولی دراوشاوه‌یه‌و، خه‌ون و خواستی دوژمنانی بێفه‌رو چه‌په‌ڵ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست له‌ گۆرناو، تا ئێستا شه‌رڤانانی پاڵه‌وان و شێره‌ ژنانی ئازاو،  به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی كوردستان ژیانی خۆیان ئه‌به‌خشن و به‌ خوێنی ئاڵیان مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌نووسنه‌وه‌ و، ناهێڵن كۆبانێ بكه‌وێت و، با میتی توركی به‌ره‌و زبڵدانی مێژوو بروات و، كۆبانێ هه‌موو كات كارتێكی فشاره‌ لە دژی رژێمی خوێنرێژی توركیای فاشست و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی.

ده‌مێكه‌ رژێمی توركیای تێرۆریست له‌ هه‌وڵی بێوچاندایه‌ بۆ داگیركردنی كۆبانێ و، خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا شارۆچكه‌یه‌كی خنجیلانه‌ی كوردستان له‌ سێ لاوه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعش به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك گه‌مارۆ دراوه‌ و توانیویه‌تی شكست به‌ دوژمنان بێنێت و، له‌ هه‌مان كاتیشدا سوپا ترسنۆكه‌كه‌ی توركیا و عه‌ربستانی سعودی و قه‌ته‌ر به‌ناو "سوپای ئازاد" له‌ ترسانا كه‌وتنه‌ راكردن و به‌ره‌و باوان بوونه‌وه‌و بۆ مۆڵگاكانیان له‌ توركیا گه‌رانه‌وه‌.

كۆبانی جێی شانازی و سه‌ربه‌رزی و سه‌روه‌رییه‌،  بژی كۆبانێ،  مردن وسه‌رشۆری بۆ دوژمنانی گه‌ل و نیشتمان.

4/11/2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.