هه‌ر له‌و رۆژه‌ی طارق الهاشمی كۆنه‌به‌عسی ناسراوی رژێمه ‌شۆڤه‌نیسته‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین و سه‌رۆكی قاودراوی حزبی ئیسلامی عێراقی عروبه‌و "جێگری" سه‌رو‌ك كۆمار كه‌له‌لایه‌ن    ده‌زگاكانی دادو دادپه‌روه‌ری به‌تومه‌تبارو كوشتنی نیاره‌كانی ناوی ده‌ركردو هاته‌ كوردستان و بووه‌ "میوان" ی به‌رپرسان باری ئاڵۆزی و گرژی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌و رۆژ له‌دووای رۆژ رووه‌و خراپه‌ ئه‌روات.

به‌ڵێ "میوانه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی" به‌رپرسانی كوردستان له‌پاش كوشتن و تومه‌تباركردنی له‌لایه‌ن دادگاوه‌وه‌ چووه‌ توركیاو ئه‌م جاره‌یان بووه‌ میوانی هه‌تیوه‌كانی ئه‌تاتورك و حزبی دادو گه‌شه‌پێدانی ئیخوان ئه‌لموسلمین و، له‌لایه‌ن وڵاتانی وه‌هابی و سه‌له‌فی وئیخوانچییه‌كان به‌تایبه‌ت سعودییه‌و قه‌ته‌ر بانگهێشت كراو چه‌ندین نه‌خشه‌ی گڵاوی بۆ به‌ربه‌ره‌كانی نیاره‌كانی مۆركردو پاره‌و سامانێكی خرایه ‌به‌رده‌ست بۆ بووژاندنه‌وه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ گۆرنراوو     ده‌ستتێوه‌ردان له‌كاروباری عێراق و هاندانی سوننه‌كان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی رژێمی تایفه‌گه‌ری مالكی وشیعه‌و عه‌مامه‌به‌سه‌ره‌كان.

طارق هاشمی و سه‌رجه‌م به‌عسییه‌كان و عه‌ره‌به ‌قه‌ومچییه‌كان وهه‌ڵاتوانی پارێزگاكانی سوننه‌نشین به‌ناو ""شورشگیرانی"" هۆزه‌عه‌ره‌بییه‌كان روویانكرده‌هه‌ولێر {پایته‌ختی كوردستان} و به‌گه‌رمی له‌ لایه‌ن به‌رپرسان پێشوازییان لێكراو له ‌باشترین هوتێلی شار نیشته‌جێكران و پاره‌و پولیان بۆیان هه‌ڵرشت بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌و گه‌شتگوزارو هاتووچۆو خۆپۆشته‌كردن چونكه‌ ئه‌مانه‌هه‌رهه‌موویان (میوانی به‌رپرسانن) و ئه‌بێ له‌سه‌ر گیرفان و گوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ران و  خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ماوه‌ی ‌دوو سێ مانگه‌ هیچ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ په‌ره‌ به‌ ژیانیان بده‌ن و، به‌رپرسان واته‌نی ئه‌وان له‌ ناو كه‌سوكارو ماڵی خۆیان ئه‌ژین.

به‌پاره‌ی سعودییه‌و قه‌ته‌رو وڵاتانی كه‌نداوو یارمه‌تیدانی وڵاتی ئه‌رده‌ن و توركیاو به‌عسییه‌كان و طارق الهاشمی و هه‌ندێ ده‌ستوپه‌یوه‌ندی ترو، به‌ نه‌خشه‌و به‌ پاڵپشتو یارمه‌تیدانی ئه‌مریكا سه‌ر له‌نوێ بزووتنه‌وه‌ی سه‌رلێشێواوی (داعش) كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ دامه‌زرا بوو زیندوو كرایه‌وه‌و، توركیا بوو به‌ مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی داعش و، طارق الهاشمی بوو به‌پرد له‌نێوانی ئه‌نقه‌ره‌و هه‌ولێرو وڵاتانی ترو، په‌یوه‌ندییه‌كانی چروپرو گوروتینێكی گه‌رمی به‌خۆوه‌ دی و، به‌عسییه‌كان و  سه‌رۆك هۆزه‌عه‌ره‌به‌كانی به‌سه‌ر ئه‌كرده‌وه‌و، له‌گه‌ڵیاندا نه‌خشه‌ی گڵاوو چه‌په‌ڵیان دائه‌رشت.

هه‌ر له‌م سو‌نگه‌یه‌وه‌و له‌ سایه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له‌كاروباری عێراق و كوردستان و ره‌فتاری به‌كرێگیراوه‌كانیه‌وه‌و له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵداو له‌ ژیر ئاڵای ره‌ش و دروشمی: لا ئیلاه محه‌مه‌د ره‌سول الله داعش هێرشی كرده‌سه‌ر شاری موسل و سوپاكه‌ی نوری المالكی   سه‌رۆك وه‌زیران و پولیسه‌كانی به‌عسیی رووره‌ش ئه‌سیل النجیفی پارێزگار هه‌ڵاتن و داعش له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا شاره‌كه‌ی خسته‌ژێر كه‌نترۆڵی خوێ و، ده‌ستیان كرد به‌راونان و كوشتنی خه‌ڵك.

به‌ڵێ داعش هه‌لی بێهێزی سوپاو پۆلیسی له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا قۆزته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی درندانه‌و ترسناك كه‌وته ‌گرتن و تێهه‌ڵدان و كوشتنی خه‌ڵكی سڤیلی بێده‌سه‌ڵات به‌گشتی و، كریستانه‌كان به‌تایبه‌تی و، له‌و باره‌یه‌وه ‌مه‌رجی سنووردانی بۆ مه‌سیحییه‌كان داناو، له‌وانه‌ پێویسته‌ ببن به‌"موسلیم" واته‌بێنه‌ ناو ئاینی ئیسلام و به‌ پێچه‌وانه‌وه (واتا ئه‌گه‌ر نه‌بن به‌ موسلیم) ‌ئه‌كوژرێن" یان له‌بری ئه‌وه ‌باج بده‌ن یان شاره‌كه كه‌ جێی باب و باپیرانیانه‌ به‌جێبهێڵن و، پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كچیان هه‌یه ‌له‌موجاهیدین، واته ‌درنده‌كانی داعش ماره‌یان بكه‌ن و، لای ئه‌م ئیسلامانه‌، به‌ پێی شه‌رع ژنێك له رۆژێكدا بوێ هه‌یه‌ حه‌وت یان هه‌شت شوو بكات، ئه‌ویش به‌پێی : جیهاد النكاح (جیهادی سكسی)، به‌ داوای لێبوردن له‌و (ژنانه‌) هه‌ر وه‌ك چۆن ژماره‌یه‌ك گه‌ماڵ (سه‌گی نێر) دووای دێڵه‌سه‌گێگ ئه‌كه‌ون، ئه‌مانه‌ش به‌نۆره‌ژنان له‌خۆ ماره‌ئه‌كه‌ن و، لای ئه‌و توندڕه‌وه‌‌ بێ شه‌ره‌ف و حه‌رامزادانه‌جگه‌ره‌كێشان حه‌رامه‌، به‌ڵام ده‌ستدرێژیی سێكسی به‌پێی "شه‌رعی" خه‌لیفه‌ی رووره‌ش حه‌ڵاڵه‌و، ئه‌م جۆره ‌نیكاحه‌ (قه‌حپه‌بازی) یه‌ له‌لای داعش و به‌ره‌ی ئه‌لنوصره‌و سوپای به‌ناو "ئازاد "ی سوریا باوه‌و، به‌و په‌ری سوكایه‌تییه‌وه‌ره‌فتار له‌گه‌ڵ ژنان ئه‌كه‌ن.

له‌ كاتێ داعش شاری موسڵی گرت و، شه‌رو پێكدادان له‌ گه‌رمیان و جه‌له‌ولا هه‌بوو، هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی كوردستان یه‌كسه‌ر به‌بێ هیچ شیكردنه‌وه‌و له‌یه‌كدانه‌وه‌یه‌ك و به‌و په‌ری دڵنه‌وایه‌وه‌و به‌ په‌له‌ وتیان داعش كاریان به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ نییه‌و په‌لاماری ئێمه‌ ناده‌ن و!، ئه‌م به‌رپرسانه‌ به‌ خۆشێیه‌وه‌ ئه‌یانووت "وڵاته‌" دراوسی نوێكه‌مان به‌ درێژایی 1050 كیلومه‌تر سنووری له‌ گه‌ڵ كوردستان هه‌یه‌" وا دیاربوو به‌ پێ نه‌خشه‌ گڵاوه‌كانی پشتی په‌رده‌وه‌ وایان دارشتبوو كه‌ نابێت داعش په‌لاماری كوردستان بدات، به‌ڵام واده‌ركه‌وت جانه‌وه‌ره‌كانی داعش زۆر لاسارن و گوێ به‌ كه‌س ناده‌ن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان هێرش ئه‌كه‌ن.

به‌ڵێ، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی ئه‌مساڵدا جانه‌وه‌ره‌كانی داعش (ده‌وڵه‌تی ئێسلامی) هێرشی كرده‌ سه‌ر شاری شه‌نگاڵ و ده‌وروبه‌ری و، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بوو، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵاتن و، داعش به‌ ئاسانی ده‌ستی گرت به‌ سه‌ر شه‌نگاڵ و زوممارو به‌نداوی موسڵ وپاشان شاری مه‌خموورو گوێرو دیبه‌گه‌و، له‌ شه‌نگال داعش ویستی به‌ حوكمی شمشێری ژه‌نگاوی ده‌ستیان ئاینی ئیسلام به‌ سه‌ر ئێزدییه‌كان بسه‌پێنن و، ئه‌وانیش به‌و كرده‌وه‌یه‌ قایل نه‌بوون، بۆیه‌ ئه‌نفالی دانیشتوانیان كردو، داعش به‌ شێوه‌یه‌كی درندانه‌ هه‌زارانی كوشت وهه‌زارانی گرت و زیاتر له‌ هه‌زار ژن و كچی بردو به‌پێی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ری هاونیشتمانی ئه‌و ژن و كچانه‌ شه‌ره‌فی كوردستانن.

ئامرلی شاروچكه‌یه‌كی بچوكه‌و دانیشتوانی به‌ {13} هه‌زار مه‌زه‌نه‌ ئه‌كرێت توانیان (75) رۆژ به‌رنگاری داعش ببنه‌وه‌و بێ نان و بێ ئاو و بێ ده‌رمان و ده‌یان منأل و پیرو په‌ككه‌وته‌ بوونه‌ قوربانی به‌ڵام" ئه‌وان به‌ چه‌كی سووك خۆیان و شه‌ره‌فی خێزان و خاكه‌كه‌یان پاراست.

سه‌یره‌ پێشمه‌ركه، هه‌زاران پێشمه‌ركه‌ ته‌قه‌ له‌ دوژمن نه‌كات و، ئاسك ئاسا هه‌ڵبێت و را بكات و جێ بۆ دوژمنان چۆڵ بكات، به‌ڵێ پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵاتن و بوونه‌ هوێ گرتن و كوشتن وبردنی ژنان و كچانی ئێزدییه‌كان و ئه‌مه‌ش له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن رژێمێكی خوێنمژی كوردو كوردستان كیمیا باران كراو خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ناو چوون، به‌ڵام له‌ شه‌نگاڵ به‌ هوێ پێشمه‌رگه‌ی پارێزه‌ر خه‌ڵك و ژنان له‌ ناو چوون و، تا ئێستا خه‌ڵك به‌ شاخی شه‌نگاڵه‌وه‌ ماوه‌و چاره‌سه‌ریان بۆ نه‌كراوه‌.

به‌ پێی قاسم شه‌شۆ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قاره‌مان ناوی ئه‌بات، ده‌ستی خیانه‌ت له‌ ناو به‌رپرسانی پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌ و، ئه‌گینا مه‌حاڵه‌ پێشمه‌ركه‌ هه‌ر بۆ ئاگادار كردنه‌وه‌ی یه‌كتری ته‌قه‌یه‌ك یان دوو ته‌قه‌ نه‌كات و، دیاره‌ جۆرێك له‌ رێككه‌وتن له‌ نێوان تۆركیاو به‌رپرسه‌ باڵاكانی كوردستان هه‌بووه‌و، باشترین به‌ڵگه‌ش قسه‌ی یه‌كێك له‌و (3) كه‌سه‌ كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بانگهێشت كرابوون (بۆ پیرمام – صلاح الدین) كاتێ وتی: من تومه‌تبار كراوم و، تاوانی من نه‌بووه‌و، ئه‌گه‌ر بچمه‌ سه‌ر شاشه‌ (مه‌به‌ستی شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌) هه‌موو شتێك روون ئه‌كه‌مه‌وه‌. .

به‌رامبه‌ر به‌م كوشتاره‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌ی ئێزدییه‌كان به‌رپرسانی كوردستان بێده‌نگن و كه‌س خوێ به‌ خاوه‌نی ناكات و، ته‌نها به‌رێز مه‌سعود بارزانی به‌ نیازه‌ لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێك بھینی و، ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ وه‌ستانی ناوێت و لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بێسووده‌، به‌ڵكو په‌له‌ی ئه‌وێت و، كه‌ به‌ زووترین كات تومه‌تباران بدرێنه‌ دادگا به‌ مه‌رجێك دادوه‌ری ده‌ستپاك و لێهاتوو ئه‌و دادگایه‌ به‌رێوه‌ ببات، چونكه ژماره‌ی‌ دادوه‌ری ناپاك زۆره‌.

توركیا ده‌ستی گڵاوه‌و، ئه‌و ده‌سته‌ گڵاوه‌ش گه‌یشتوه‌ته‌ كوردستان و، توركه‌كان به‌ ئاره‌زووی خۆیان وه‌ك داشی دامه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی له‌ مه‌ر خۆمان هه‌ڵئه‌سورێنن وبه‌كاریان ئه‌هێنن و، له‌و رێگاشه‌وه‌ نه‌خشه‌ دزێوه‌كانیان جێبه‌جێ ئه‌كه‌ن و، هه‌روا طارق هاشمی ده‌ستی چه‌په‌ڵه‌و، زۆر له‌و نه‌خشانه له‌ لایه‌ن خوێ و ئاغاكانی دائه‌نرێن و، توركیا ماوه‌یه‌كی زۆره‌ رێگا ئه‌دات به‌ چه‌كداره‌ توندره‌وه‌كان له‌ رێ فرۆكه‌خانه‌و به‌نده‌ره‌كانییه‌وه‌ بێنه‌ خاكه‌كه‌یان و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش رێگا ئه‌ده‌ن بچنه‌ سوریا و عێراق و، سعودییه‌وه‌ قه‌ته‌ر پاره‌ ره‌وانه‌ ئه‌كه‌ن و بژێوی داعش مسۆگه‌ر ئه‌كه‌ن. .

فرۆشتنی ژن و كچانی كورد له‌ لایه‌ن دوڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و له‌ ژێر دروشمی: لا ئیلاه محه‌مه‌د ره‌سول الله و له‌ به‌ر چاوی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و قه‌رزاوی و عه‌لی قه‌ره‌داغی و ئیخوان موسڵمانه‌كان و كومه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و بێده‌نگی به‌رپرسانی كوردستان به‌رێوه‌ چوو، ئه‌چێت و، هیچ وڵاتێكی ئیسلامی و عه‌ره‌بی نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت چونكه‌ گیرۆده‌ی حوكمی شمشێره‌ ژه‌نگاوییه‌كه‌ن . . . ، مردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بێده‌نگن. .

لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی گریلاكانی پ. ك. ك PKK و ئازایه‌تی شه‌ره‌ڤانانی ێ. پ. گ YPG‌ و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ێن بۆ مه‌ردایه‌تی و رۆڵ و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی بێده‌سه‌ڵاتی شه‌نگاڵ و زوممار و ناوچه‌كانی ترو، ئازادكردنی شاری مه‌خموور شوێنه‌ داكیركراوه‌كانی دیكه‌ و هه‌زاران درود و سڵاو له‌ شه‌هیدانی قاره‌مان.

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ ئازاو قاره‌مانه‌كان كه‌ رۆژانه‌ روو به‌رووی داعش و ده‌ستوپه‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌بنه‌وه‌و، هه‌زاران سڵاو له‌ شه‌هیدان و سه‌ربه‌رزی بۆ ئه‌وانه‌ی هاوكاری پێشمه‌رگه‌ ئه‌كه‌ن.

1/9/2014

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.