هه‌ندێک له‌و گروپانه‌ی که‌ له‌ دوای شۆڕشی لیبیا هێز و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌ ده‌س داوه‌ به‌ پاڵپشتی لایه‌نی ده‌ره‌کی بۆ سه‌رنخوونی ئه‌م شۆڕشه‌ تێده‌کۆشن. هه‌ڵسوکه‌وتی ژه‌نڕاڵ خه‌لیفه‌ حه‌فتر بۆ کوده‌تا دژ به‌ ده‌وڵه‌تی یاسایی لیبیا یه‌ک له‌و نمونانه‌ن. بۆ ئه‌م گروپانه‌ که‌ له‌ ده‌ورانی حکومه‌تی دیکتاتۆری قه‌زافی پێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان له‌ هێز و ئابوری لیبیا هه‌بووه‌ ئه‌سته‌مه‌ دان به‌وه‌دا بنێن که‌ ئیمتیازات و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ ده‌س داوه‌ و ئیدی ده‌بێت وه‌کوو شارۆمه‌ندێکی ئاسایی درێژه‌ به‌ ژیانی خۆیان بده‌ن. ئه‌م گروپانه‌ که‌ زۆربه‌یان له‌ گه‌نده‌ڵیه‌ ئابوریه‌کان و ماف و ئیمتیازاتی تایبه‌ت تێوه‌گلاون و له‌ حکومه‌تی ڕابردودا داهاتێکی زۆریان بۆ خۆیان کۆکردووه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌موو هێزێکی خۆیان هه‌وڵی به‌ لاڕێدابردنی دیموکراسیه‌تی لیبیا ده‌ده‌ن. ئه‌م گروپه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ به‌ پاڵپشتی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی هێزه‌ ده‌ره‌کیه‌کان ده‌یانه‌وێت شۆڕشی لیبیا و ده‌سکه‌وته‌کانی تووشی ئاسته‌نگ بکه‌نه‌وه‌. بۆ نمونه‌ خه‌لیفه‌ حه‌فتر ڕابردویه‌کی ڕه‌شی له‌ کوشتنی سه‌ربازه‌کانی لیبیا، ژنان و منداڵان و که‌سانی بێ گوناح هه‌یه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ حکومه‌تی لیبیا داوای له‌ گروپه‌ چه‌کداره‌کان کردووه‌ به‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ په‌یوه‌ست بن و له‌ ته‌رابلوس و بنغازی دژ به‌ حه‌فتر بجه‌نگن. شۆڕشیانی لیبیاش به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک هه‌رچه‌شنه‌ کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی یان ته‌قینه‌وه‌یه‌کیان له‌ وڵاته‌که‌یان دا ئیدانه‌ کردووه‌ و خوازیاری ئه‌وه‌ن لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌م بابه‌تانه‌ بکرێت. به‌ڕاشکاوانه‌ به‌م ئاکامه‌ ده‌گه‌ین که‌ پیلانگێڕی هه‌ندێ هێزی نێوده‌وڵه‌تی و به‌شبه‌شێن کردنی هه‌ندێکیتر له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ وایان کردووه‌ که‌ به‌ دروس بوونی گروپه‌ چه‌ته‌کان ڕه‌وتی سیاسی لیبیا تووشی مه‌ترسی گه‌وره‌ بێته‌وه‌. به‌و شێوازه‌ی که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا پێکهێنانی حکومه‌ت به‌ پێی پایه‌به‌رزبوونی مرۆڤی و بنه‌ماکانی دیموکراسیه‌ت و دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی له‌و وڵاتانه‌ی که‌ دیکدتاتۆره‌کانیان ڕوخاون دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ پاوانخوازه‌کانه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی بواری نه‌وت بۆ ده‌سخستن و زاڵ بوون به‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کانی لیبیا له‌ کێبه‌رکێ دان و به‌م بۆنه‌وه‌ش ئه‌گه‌رچی شۆڕشی لیبیا هه‌نگاوێکی گرنگی بۆ گه‌یشتن به‌ جێگای ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی ئه‌و وڵاته‌ هاوێشت به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه‌ کۆتایی نه‌هاتووه‌ و پێویسته‌ به‌ یه‌کگرتوویی خۆیان پیلان و نه‌خشه‌ی ناحه‌زان پوچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌. به‌ هۆێ ئه‌وه‌ی که‌ خێڵه‌کانی لیبیا هه‌موو کات بۆ چه‌سپاندنی ئارامی و ئاسایش له‌ ناوچه‌ جیاجیاکاندا به‌ هاوبه‌شی تێکۆشاون پێش بینی ئه‌وه‌ ده‌کرێت ڕووبکه‌نه‌ دیالۆگێکی نیشتمانی و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی بۆ چه‌ک داماڵینی ئاژاوه‌گێڕان و له‌ناوبردنی نه‌یارانی گه‌لی لیبیا.