ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌م 24/9/2014 له‌ هه‌ولێر و له‌ ماڵی ئه‌دیب و نووسه‌ری كۆچكردوو "زاهیر رۆژبه‌یانی"، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ رۆشنبیر و ئه‌دیبانی كورد، له‌لایه‌ن فه‌وزیه‌ عزه‌دین ره‌شید هاوسه‌ری رۆژبه‌یانی، دووه‌مین خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی زاهیر رۆژبه‌یانی درایه‌ نووسه‌ری دیاری كورد عه‌تا قه‌ره‌داغی.

نموونه‌ی رۆشنبیران جه‌لیل كاكه‌وه‌یس، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، دكتۆر خه‌سره‌و جاف، مهاباد قه‌ره‌داغی، عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی و وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د كه‌ ئه‌وان له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی رۆژبه‌یانی بوون، له‌گه‌ڵ ماڵباتی زاهیر رۆژبه‌یانی له‌و رێوڕه‌سمه‌ ئاماده‌ بوون، هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكاران رووماڵی رێوڕه‌سمه‌كه‌یان كرد.

له‌و رێوڕه‌سمه‌دا نووسه‌ر فه‌وزیه‌ عزه‌دین ره‌شید هاوسه‌ری رۆژبه‌یانی، دوای كورته‌ وته‌یه‌ك له‌باره‌ی هاوسه‌ری كۆچكردووی، خه‌ڵات و ئاڕمی رۆژبه‌یانیی پێشكه‌ش به‌ ئه‌دیب و نووسه‌ری دیاری كورد عه‌تا قه‌ره‌داغی كرد.

فه‌وزیه‌ ئاماژه‌ی دا كه‌ راسته‌ زاهیر رۆژبه‌یانی له‌ 6/3/2011دا كۆچی دوایی كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك ماڵباتی ئه‌و، پێمان باش بوو ساڵانه‌ له‌ رۆژی له‌ دایكبوونی كه‌ ده‌كاته‌ 24/9 خه‌ڵاتی زاهیر رۆژبه‌یانی هه‌رساڵێك و بده‌ینه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری رۆشنبیریی كوردی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌دا ده‌نووسن كه‌ رۆژبه‌یانی له‌ هه‌مان بواردا ده‌ینووسی، واته‌ بواری رۆشنبیریی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌یی.

ئه‌وه‌شی گوت: ساڵی یه‌كه‌م خه‌ڵاته‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ نووسه‌ر و ئه‌دیب عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی كرا كه‌ رۆشنبێرێكی دیاری كه‌ركووك بوو، بۆ ئه‌م ساڵیش عه‌تا قه‌ره‌داغیمان ده‌ستنیشان كرد كه‌ پێمان وایه‌ قه‌ڵه‌مێكه‌ توانیویه‌تی له‌و بواره‌دا كاری زۆر باش بكات و هاوكات خه‌ڵكی سلێمانییه‌، بۆیه‌ به‌شانازییه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵات و ئاڕمه‌ی زاهیر رۆژبه‌یانیمان پێشكه‌ش كرد.

دواتر عه‌تا قه‌ره‌داغی وێڕای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و ماڵباته‌ی كرد، له‌گه‌ڵیدا باسێكی كورتی له‌باره‌ی نووسه‌ری كۆچكردوو زاهیر رۆژبه‌یانی كرد و ئاماژه‌ی دا، زاهیر رۆژبه‌یانی قه‌ڵه‌مێكی زۆر كاریگه‌ر بوو له‌ بواری ئه‌ده‌بی كوردیدا، هاوكات ئه‌و به‌ر له‌ ئێمه‌ ده‌ستی به‌ نووسین كرد و خزمه‌تێكی به‌رچاوی به‌ رۆشنبیریی كوردی كردووه‌، بۆیه‌ من ئێسته‌ زۆر شانازم به‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌رده‌گرم.

زاهیر رۆژبه‌یانی یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌دیب و رۆشنبیره‌كانی كه‌ركووك و له‌ كۆتای حه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نووسین كرد، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، خاوه‌نی ده‌یان توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ و 6 كتێبی به‌چاپ گه‌یاندووه‌. هاوكات دوای مردنی رۆژبه‌یانی، هاوسه‌ره‌كه‌ی نووسه‌ر فه‌وزیه‌ عزه‌دین ره‌شید سه‌رجه‌م ده‌ستنووسه‌كانی كۆ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین كتێب پێك دێت، بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا چاپیان بكات.

زاهیر رۆژبه‌یانی و فه‌وزیه‌ عزه‌دین ره‌شید كه‌ ئێسته‌ ماڵه‌كه‌یان له‌ هه‌ولێره‌، خاوه‌نی 3 منداڵن كه‌ له‌ ئێسته‌دا هه‌رسێكیان پزیشكن، ئه‌وانیش دكتۆر ژیله‌، دكتۆر هۆزاك و دكتۆره‌ كوردۆنیا. هه‌روه‌ها كتێبخانه‌كه‌ی رۆژبه‌یانی و فه‌وزیه‌ له‌ ژوورێكی گه‌وره‌ی ماڵه‌كه‌یاندا جێگه‌یان بۆ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كتێبی زۆربه‌ی بواره‌كان.

رۆژی 6/3/2011 زاهیر رۆژبه‌یانی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌وه‌، به‌یه‌كجاری ماڵئاوایی لێ كردین.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.