قه‌ت هێزێك شك نابه‌ین به‌مانای كه‌لیمه‌ بیر له‌ چاره‌نووسی مه‌ده‌نیانه‌و دیموكراسیانه‌ی ئێراقیه‌كان بكاته‌وه‌، چاره‌نووسێك كه‌ به‌ده‌ر بێت له‌ سیحری چه‌ندین ساڵه‌ی مه‌زهه‌ب و ناسیۆنالیسته‌كانی ئێراق، هه‌ركات ئێراقییه‌كان له‌ چنگی مه‌زهه‌ب رزگاریان بێت، ده‌كه‌ونه‌ مه‌ته‌رێزی قه‌ومی و قه‌وامه‌كانی فاشیزمه‌وه‌. ئه‌مه‌ش سروشتێكه‌، له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ئێراقیه‌كانی تێی كه‌وتوون. هه‌ر بۆیه‌ له‌ تازه‌ترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ڵی پێكهاته‌ی لیسته‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ئێراقدا پێكهاته‌یه‌كن كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ مه‌زهه‌ب و شیعه‌ گه‌رایی ده‌یجوڵێنێت، له‌لایه‌ كیشه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌و نه‌ته‌وه‌خوازی هه‌وێنی كۆبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیه‌تی. ئه‌م نه‌زمه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئێراقیه‌ كاندا تازه‌ نیه‌و دێرینه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مرۆش لیستی متحدون وه‌ك شونایی سونیه‌كان و هاوپه‌یمانی كوردستانی وه‌ك كوردو هاوپه‌یمانی نیشتمانی وه‌ك مه‌زهه‌بگه‌را هه‌رێمیه‌كانی ئێران و ده‌وڵه‌تی یاسا وه‌ك مه‌زهه‌ب گه‌را كانی عه‌ره‌ب خۆی نومایان ده‌كات. هه‌رگیز ئێراق ناتوانێت له‌ چاڵی ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ناوی لێنراوه‌ جه‌نگی تایفه‌و قه‌ومه‌كانی ئێراق. ئه‌مرۆ ئێراق له‌ حه‌وشه‌ی فه‌وزایه‌كدایه‌ كه‌ بۆن و به‌رامه‌ی فاشیزم و دۆگماتیزمی مه‌زهه‌ب ده‌یجوڵێنێت. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێكی سونی به‌رژه‌وه‌ندی و عه‌داله‌ت له‌ ده‌وڵه‌تی یاسادا ببینێته‌وه‌ قه‌ت مل نادا بۆ ئه‌و لیسته‌، یاخۆ ئه‌گه‌ر كوردێك بوونی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ لیستی ئێراقیه‌دا ببینێته‌وه‌ قه‌ت مل نادات بۆ ئه‌و لیسته‌ یاخۆ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێك بوونی خۆی له‌ لیستی كوردیدا ببینێته‌وه‌ قه‌ت مل نادا بۆ كورد، ئه‌مه‌ش ماناو مه‌فهومی كۆنخوازی و ده‌مارگیری و نیپۆتیزمی ئاینه‌ له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی ئێراقدا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ تا ئێراقییه‌كان به‌م لۆژیكه‌وه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ ناگه‌نه‌ ده‌رویه‌ك كه‌ ژیانی دیموكراسیانه‌ راپێچیان بكات. هه‌ر بۆیه‌ پێمان وایه‌ ئاینده‌ی ئێراق تاریكه‌ له‌ ناو خه‌رده‌لی خزمایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌ زهه‌ب گه‌راكاندا، ئاینده‌ی خه‌ڵكی ئێراق دووره‌ له‌ هێماكانی مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراسی و خۆرئاوا ژیانی هاوبه‌ش. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین ئێراق سیمبوڵی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان و بۆرجوا كۆنخوازه‌كان و سه‌رمایه‌داره‌ ملهوره‌كانی رابردووه‌. ئێراق زۆنگاوی جه‌هلی چڵێسه‌ سه‌ركه‌شه‌كانی شه‌هوه‌ت و شه‌هامه‌ته‌ به‌زیوه‌كانی ئه‌مرۆی دنیای عه‌ره‌به‌ كه‌ كوردیشی گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌و ئازایه‌تیه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان له‌ ئه‌زمون و رابردووی كوردا باسی ده‌كه‌ن ئیتر باوی نامێنێت و كۆتایی دێت. ئیتر كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ چاوی له‌م و ئه‌وه‌و قه‌ت ناگاته‌ ساحلێكی خه‌ونه‌ رزیوه‌كانی.