(هه‌رگیز نه‌مویستووه‌ یاری شه‌تره‌نج بكه‌م، چونكه‌ ئاماده‌نیم هه‌موو سه‌ربازه‌كان له‌پێناو مه‌لیك له‌ناو بچن).-مه‌هاتما گاندی

پاش چه‌ند مانگێكی تر ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بارزانی (سه‌رۆكی ماوه‌ بۆ درێژ كراوی هه‌رێمی كوردستان) كۆتایی پێدێت، له‌ دوایی ده‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ١٢ ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردرا له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق.دواتر له‌ ٢٥ ی ته‌موزی ٢٠٠٩ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.بارزانی ده‌بویایه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٣ وازی له‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی بهێنابایه‌، به‌ڵام به‌ پێی داوایه‌كی په‌رله‌مانتارانی ئه‌و خوله‌ كه‌ له‌ ٣٠ ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ به‌رزكرابووه‌و، داواكرابوو بارزانی دوو ساڵی تر له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بمێنێته‌وه‌.ئه‌مه‌ش مشتومڕێكی سیاسی گه‌وره‌ی له‌ باشوری كوردستان نایه‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌م بڕیاڕه‌ نایاسایی و ناده‌ستوریه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمیان به‌ سه‌رۆكێكی ناشه‌رعی یاخود سه‌رۆكێكی ماوه‌ بۆ درێژكراوه‌ ناو ده‌برد (١)

ساڵی ٢٠١٥ دوای كۆتای هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بارزانی بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان ساڵێكی پڕ له‌ كێشمه‌كێش و چاره‌نووس سازده‌بی،  كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵكی كوردستان باشترین كه‌س به‌ سه‌رۆكی خۆی هه‌ڵبژێرێت،  دوور له‌ سۆز و عاتیفه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی ده‌نگ به‌ لێوه‌شاوترین كه‌س بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.ئه‌و كوردستانه‌ موڵكی ئه‌و میلله‌ته‌یه‌، موڵكی پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان و هیچ حیزب و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نییه‌..میلله‌ت مافی خۆیه‌تی سه‌رۆكێكی گه‌نج و كارامه‌ و دادپه‌روه‌ری هه‌بێت وه‌كو هه‌موو گه‌لانی جیهان..

كۆمه‌ڵێك پرسیار و ئه‌گه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسیان لێوه‌ بكه‌م:

-      ئایا كێ شیاوترین كه‌سه‌ له‌ كوردستان بۆ خولی سێیه‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان؟

- كێ مافی خۆ پاڵاوتنی بۆ خولی چواره‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟

- ئه‌ی سه‌رۆكی ئاینده‌ی كوردستان ده‌بێت چ تایبه‌تمه‌ندێتیه‌كی هه‌بێت؟

-      ئه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی وازی له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات نه‌هێنا ده‌بێت میلله‌ت چ بكات؟  

 

 شیاوترین كه‌س‌ له‌ كوردستان بۆ خولی سێیه‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

 سیسل رۆدس (١٨٥٣-١٩٠٢) ز سیاسه‌تمه‌دار و ئابوریناسی به‌ریتانی پێیوایه‌ باشتره‌ سه‌رۆكایه‌تی بدرێت ده‌ست گه‌نجان، كه‌سێكی ته‌مه‌ن لاو ببێته‌ سه‌ركرده‌ چونكه‌ سه‌ركرده‌ی گه‌نج،  به‌ زه‌وق و خرۆشه‌وه‌ كارده‌كات و په‌رۆشی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات زیاتره‌ له‌ چاو سه‌ركرده‌ی ته‌مه‌ن پیر.گرنگترین سه‌رمایه‌ له‌ ژیانی مرۆڤ و گه‌لاندا زه‌مه‌ن و ته‌مه‌نی مرۆڤه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی به‌هێزترین سه‌ركرده‌كانی سه‌رده‌م بكه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌یان له‌ ته‌مه‌نێكی گه‌نجه‌وه‌ بوون به‌ سه‌ركرده بۆ نموونه‌، باراك ئۆباما له‌ ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵیدا بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ڤلادمێر پۆتین له‌ ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵیدا روسیا،  تۆنی بلێر له‌ ته‌مه‌نی ٤٤ ساڵیدا بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا، بیل كلینتۆن له‌ ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵیدا بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا…

سه‌رۆكی ئاینده‌ی كوردستان باشتره‌ كه‌سێكی ته‌مه‌نی گه‌نج بی، خوێنده‌وار و زمانزانش بی… له‌ ناو كوردا هه‌زاره‌ها گه‌نج هه‌یه‌، توانای سه‌ركردایه‌تی هه‌یه‌، به‌س ده‌بێت ده‌رفه‌تیان پێبدرێت..مه‌سعود بارزانی كاتێك بووه‌ سه‌رۆكی پارتی ته‌مه‌نی ٣٣ ساڵ بوو، بارزانی له‌ مانگی ١١ ی ١٩٧٩ له كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێدرا..نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین كاتێك وه‌كو سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو ته‌مه‌نی له‌ ده‌وری ٣٠ ساڵێك بوو كه‌ به‌هێزترین ڕێكخراوی سیاسی كوردی بوو له‌ ساڵانی حه‌فتایه‌كان..مام جه‌لالیش كاتێك بووه‌ سكرتێری گشتی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان ته‌مه‌نی ٤٣ ساڵ بوو..مام جه‌لال ماوه‌ی ٣٩ ساڵه‌ سكرتێری ئه‌و حیزبه‌یه‌،  مه‌سعود بارزانیش ٣٥ ساڵه‌ سه‌رۆكی پارتییه‌.ئا ئه‌مه‌ دیموكراتیه‌ جوانه‌كی كوردستانه، ده‌یانه‌وێت به‌مشێوه‌یه‌ ببنه‌ نموونه‌ی دیوكراتی بۆ هه‌موو عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست!!  سه‌ركرده‌ی باش به‌وه‌ی نییه‌ ماوه‌ی زۆر له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بمینته‌وه‌،  له‌ مێژوودا ته‌نیا سه‌ركرده‌ دیكتاتۆره‌كان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ماینه‌ته‌وه‌، حوسنی موباره‌ك ٣٠ ساڵ (١٩٨١-٢٠١١)، موعه‌مه‌ر قه‌زافی ٤٢ ساڵ (١٩٦٩-٢٠١١)، سه‌ددام حوسێن ٢٤ ساڵ (١٩٧٩-٢٠٠٣).به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ركرده‌ی باش و دادپه‌روه‌ر، ماوه‌ی حوكمڕانیان كه‌م بووه‌ له‌وانه‌ عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز (خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كان) كه‌ به‌ خه‌لیفه‌ی دادپه‌روه‌ر له‌ مێژوودا ناوی ڕۆیشتووه، به‌ڵام كه‌چی ماوه‌ی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ماوه‌یه‌كی كه‌م بوو، نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو بوو (٩٩-١٠١) كۆچی.هه‌روه‌ها له‌ ناودارترین سه‌ركرده‌ی عێراقی له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا عه‌بدولكریم قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣)  كه‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕاویه‌تیه‌كه‌ی ٥ ساڵ بووه‌.به‌ پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌ سامانه‌كه‌ی ته‌نها ١٦ دینار و٤٠٠ فلسی له‌ دوای مردنی خۆی به‌جێهشتووه‌.(٣)

ئه‌گه‌ر سه‌یری حیزبێكی وه‌ك یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان بكه‌ین،  ده‌بینین سكرتێره‌كه‌ی ته‌مه‌نی به‌ره‌و ٨٢ ساڵ ده‌چی، به‌ شێك له‌ ئه‌ندامه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ به‌ ده‌ست نه‌خۆشیه‌وه‌ گیرۆده‌ن و هه‌ر هه‌مووشیان ته‌مه‌نیان له‌ په‌نجا ساڵ به‌ره‌و ژووره‌.(٤)

كێ مافی خۆ پاڵاوتنی بۆ خولی چواره‌می سه‌ۆكایه‌تی كوردستان هه‌یه‌؟

له‌ كوردستان به‌س (ده‌قی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان) مان هه‌یه‌، ئه‌ویش زۆر به‌ ڕوونی باسی مه‌رجه‌كانی پاڵاوتنی سه‌رۆكی هه‌رێم ناكات له‌ ده‌روازه‌ی سێیه‌م، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مادده‌ی ١٠١ ده‌ڵێ: (شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌رجه‌كانی پاڵاوتنی و چۆنیه‌تی تۆمه‌تباركردن و دادگاییكردنی و حاڵه‌ته‌كانی كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌ یاسایه‌ك دیاری دكرێت.).به‌ڵام چ جۆره‌ یاسایه‌ك ؟ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌و یاسایه‌ی ناكات!! بۆنموونه‌ باسی ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سه‌ ناكات كه‌ خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كاندید ده‌كات، یان ئاستی خوێنده‌واری یان سه‌رمایه‌كه‌ی باس ناكات… ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ده‌ستوری ئه‌مریكی بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا باسی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌،  خۆی بۆی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌پاڵێوێت ده‌ڵێ: (ده‌بێت له‌ ئه‌مریكا له‌ دایك ببێت، ته‌مه‌نی له‌ ٣٥ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و بۆماوه‌ی ١٤ ساڵ له‌ ئه‌مریكایدا نیشته‌جێببیت).(٥)

له‌ دوی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١ هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌مینجار ساڵی ٢٠٠٥ سه‌رۆكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبژارد كه‌ به‌ گوێره‌ی مادده‌ی ٩٩ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ده‌قی پرۆژه‌ی هه‌رێمی كوردستان (هه‌رێم سه‌رۆكێكی هه‌یه‌ به‌ ناوی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌رۆكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌ و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ و نوێنه‌ری گه‌لی هه‌رێمه‌ و له‌ بۆنه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم ده‌كات و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ده‌زگاكانی فیدڕاڵ و ده‌زگاكانی هه‌رێمدا ده‌كات .)(٦) له‌و وه‌ختدا ڕێكه‌وتنێك له‌ نێوان بارزانی و تاڵه‌بانی كرا كه‌ بارزانی ببێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و تاڵه‌بانیش ببێته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌مشێوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ نێوان خۆیان دابه‌ش كرد!!!

ساڵی ٢٠٠٩ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانی به‌سه‌رداهات، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی ٢٥ كورسی به‌ده‌ست بێنێت و بووه‌ هێزی دووه‌می كوردستان له‌ به‌رابه‌ر ٥٩ كورسی بۆ لیستی كوردستانی (پارتی و یه‌كیتی).هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان گه‌رمترین ململانێ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان مه‌سعود بارزانی و كه‌مال میراوده‌لی په‌یدابوو كه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ (%٦٩، ٦) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بارزانی ته‌واوبوو،  به‌رابه‌ر به‌ (%25,3) بۆ كه‌مال میرداوه‌لی.

تایبه‌تمه‌ندێیه‌تی سه‌رۆكی داهاتووی كوردستان:

زۆرجار گوێمان لێ ده‌بێت كه‌ كه‌سی سه‌ركرده‌ هه‌ر به‌ منداڵی له‌ دایك ده‌بێت، دواتر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ گه‌شه‌ پێده‌دات، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێیه‌تی یه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك دانییه‌..سه‌ركردایه‌تی ئه‌ركێكی زۆر قورسه‌ به‌ هه‌موو كه‌سێك ناكرێت، كه‌سی سه‌ركرده‌ باشتربڵێم (سه‌رۆكی داهاتووی كوردستان) ده‌بێت كه‌سێكی پاك و خاوه‌ن مۆڕاڵ بێت، ڕابردوویه‌كی باشی هه‌بێت و هیچ تاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجام نه‌دابێت، به‌شداری له‌ شه‌ڕی برای كوژی نه‌كردبێت و هیچ تۆمه‌تێكی نه‌درابێته‌ پاڵ وه‌كو به‌عسیبون یاخود تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ دوژمنانی كوردستان..هه‌روه‌ها مه‌رجی ته‌مه‌ن كه‌ ته‌مه‌نی له‌ ٣٥ ساڵ كه‌مترنه‌بێت.هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی باشوری كوردستان بێت و بۆماوه‌یه‌كی دیاریكراویش له‌ باشوری كوردستان ژیابێت.له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ زۆرترین ڕه‌خنه‌ له‌ دكتۆر كه‌مال میراوده‌لی گیرا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دانیشتووی باشوری كوردستان نییه‌، ئاگاداری واقیعی كوردستان نییه‌.به‌ڕای زۆرێك له‌ چاودێران، ئه‌مه‌ گرنگترین خاڵی لاوازی میراوده‌لی بوو.

پێش هه‌موو شتێك كه‌سی سه‌ركرده‌ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی له‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی دابنێت، نابێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی خراپ به‌كاربهێنێت و بنه‌ماڵه‌ی خۆی بكاته‌ وه‌زیر و گزیر و مه‌سول،  یاخود خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵك ده‌وڵه‌مه‌ندبكات.به‌پێی ڕاپۆرتێكی ئه‌مریكی ناوی چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی سه‌رمایه‌كی زۆرن و سامانه‌كانیان چه‌ندین ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێت.مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ماوه‌ بۆ درێژكراوی هه‌رێمی كوردستان له‌ پله‌ی دووه‌مدا دێت له‌دوای نوری مالیكی كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی (٤٨) ملیار دۆلاری نه‌ختیه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین موڵك و كۆمپانیایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌وانه‌ سویسرا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا.جه‌لال تاڵه‌بانیش سه‌رمایه‌كه‌ی ١٦ ملیار دۆلاره‌ (٧)

ئه‌گه‌ر ئه‌و جاره‌ی مه‌سعود بارزانی وازی له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات نه‌هێنا ده‌بێت میلله‌ت چ بكات؟

به‌گوێره‌ی ده‌قی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان مادده‌ی ١٠١ ده‌ڵێ: (ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم چوار ساڵه‌ و ده‌كرێت بۆ ویلایه‌تێكی دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌.).خۆ كاندید كرنه‌وه‌ی بارزانی بۆ خولی سێیه‌می پێشێل كردنی ده‌ستوری باشوری كوردستانه‌ كارێكی نا یاساییه‌، ناده‌ستورییه‌.هیچ مانایه‌ك بۆ دیموكراسی نامێنته‌وه‌.كاری له‌و جۆره‌ی كۆتایی پێهاتنی ئه‌زموونی باشوری كوردستانه‌.

 تۆژه‌رانی ڕێبه‌رایه‌تی (Leadership) به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سێ جۆره‌ ڕێبه‌رایه‌تیان دیاری كردووه‌ (ڕێبه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتسه‌پێن-ڕێبه‌رایه‌تی خه‌مسارد-ڕێبه‌رایه‌تی دێمۆكرات).به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌ركردایه‌تی له‌ وڵاتانی جیهانی سێهه‌م، سه‌رۆكایه‌تی له‌ جۆری یه‌كه‌مه‌ن (ڕێبه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتسه‌پێن).تۆژه‌ران به‌مشێوه‌یه‌ پێناسه‌یان كردووه‌: ( سه‌رۆك لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه‌، خۆسه‌پێێنه‌، هه‌م ئامانج دیاری ده‌كات و هه‌م میتۆدی كار.خۆی له‌ سه‌روو هه‌مووانه‌، ته‌نانه‌ت ده‌ستوور و ڕێسا به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆی داده‌ڕێژێت و سنووربه‌زێنیشی لێ ده‌كات.ئه‌م جۆره‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ كاریگه‌ره‌ به‌ڵام كورتمه‌ودایه‌.) (٨)..بارزانی هیچ ده‌رفه‌تێكی تری بۆ خۆكاندیدكرنه‌وه‌ی بۆ خولی سێیه‌می سه‌ۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ نه‌ماوه‌.ئه‌گه‌ر هاوتوو كارێكی له‌و شێوه‌ بكات،  ناوی له‌ مێژژودا ده‌چیته‌ پاڵ ناوی سه‌ركرده‌ خۆسه‌پێنه‌كانی جیهان كه‌ ژماره‌یان گه‌لێك زۆره‌ له‌وانه‌ (عیدی ئه‌مین دادا، فردیناد ماركوس، كیم ئیل سۆنگ و به‌شار ئه‌سه‌د…) كه‌ زۆریشیان كۆتاییه‌كه‌یان تراژیدی بووه‌.

 

 

سه‌رچاوه‌كان :

 

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/30062013 (١)  

 

Donald Markwell, "Instincts to Lead": On Leadership, Peace, and Education(٢)

 Connor Court: Australia, 2013.ISBN 9781922168702 http://www.connorcourt.com/catalog1/index.php?main_page=product_info&products_id=256

 

http://rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/250920145 (٣)

 

http://awene.com/article/2014/12/14/37723  (٤)

 

http://www.archives.gov/exhibits/charters/constitution_transcript.html  (٥)

 

 http://www.krg.org/a/d.aspx?a=13876&l=13&r=232&s=010000 (٦)

 

http://www.sharpress.net/mobile//Direje.aspx?jimare=24703 (٧)

 

Wisén, Jan & Lindblom, Börje.Effektivt projektarbete (٨)

 Norstedts Juridik AB (1999): 204.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.