به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد به‌همه‌ن قوبادی وه‌كوو ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی فیلمه‌ بڵنده‌كانی پۆڵه‌ندا، حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "پلووس ئاف كامێڕا" له‌ وڵاتی پۆڵه‌ندا ده‌ستی پێكرد.

حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سه‌ربه‌خۆی "پلووس ئاف كامێڕا" Off Plus Camera ڕۆژی 2ی ئایار / مایۆی 2014 به‌ ئاماده‌بوونی سینه‌ماكاری به‌ناوبانگی كورد به‌همه‌ن قوبادی وه‌كوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دادوه‌ران، له‌ شاری كراكۆف له‌ وڵاتی پۆڵه‌ندا ده‌ستی پێكرد و تاكوو ڕۆژی 11ی ئایار / مایۆی 2014 درێژه‌ی ده‌بێت. له‌م به‌شه‌دا 10 فیلمی بڵندی سینه‌مایی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی 100 هه‌زار زێلۆتی (پاره‌ی پۆڵه‌ندا) و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی فیلمی نۆبێلی پۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ ڕكابه‌ری دان.

له‌ نوێترین خولی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا، سینه‌ماكاری به‌ئه‌زموونی كورد به‌همه‌ن قوبادی به‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ "مارك ئادامز" ـ ڕخنه‌گری ناوداری نێوده‌وڵه‌تیی سینه‌ما له‌ وڵاتی به‌ریتانیا، خاتوو "كیم یۆتانی" ـ ڕخنه‌گر، ڕۆژنامه‌نووس و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای جیهان خاتوو "كیم كارتاڵ" وه‌كوو سه‌رۆكی لێژنه‌ی دادوه‌ران، فیلمه‌كانی به‌شی فیلمه‌ بڵنده‌كانی پۆڵه‌ندا هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.

فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "پلووس ئاف كامێڕا" ساڵی 2008 له‌ شاری كراكۆف یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین و كۆنترین شاره‌كانی وڵاتی پۆڵه‌ندا دامه‌زراوه‌ و یه‌كێك له‌ گرینگترین و سه‌ربه‌خۆترین ڕووداوه‌كانی سینه‌مایی ئه‌م وڵاته‌ دێته‌ ئه‌ژمار.

حه‌وته‌مین خولی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری فیلم گه‌لێك له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ به‌شه‌كانی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی تایبه‌ت، به‌شی ژینگه‌ پارێزی، به‌شی منداڵان، به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی، به‌شی به‌هره‌مه‌ندان و هه‌روه‌ها به‌شی فیلمه‌ بڵنده‌كانی پۆڵه‌ندا له‌ ڕۆژانی 2 تا 11ی ئایار / مایۆی 2014 له‌ شاری كراكۆف له‌ وڵاتی پۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.  offpluscamera.  com/en/goscie/szczegoly/bahman-ghobadi

http://www.  offpluscamera.  com/en/program/szczegoly/jury/polish-feature-film-competition-5413

http://www.  offpluscamera.  com/