بریاره‌ سبه‌ینإ 4ی ئازاری 2014 كاره‌كانی دووه‌م كۆڕبه‌ندی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی به‌ناوی دیداری سلێمانی به‌رێوه‌بچێت. دیداری سلێمانی ئه‌مساڵی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی، تایبه‌ت ده‌بێت به‌ " به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست" له‌دیداره‌كه‌دا جگه‌له‌ ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ خه‌ڵكانی ئه‌كادیمی و پسپۆڕ، چه‌ندین لێپرسراوی باڵای هه‌رێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌شدار ده‌بن.

له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و دیداره‌شدا ئه‌مرۆ 3ی ئازار، له‌ فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و كه‌مپی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی، دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی و دكتۆر عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێمی كوردستان و كامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیان كرد له‌ هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق و عه‌لی ئه‌دیب وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراق، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ كۆربه‌ندی "دیداری سلێمانی" سه‌ردانی شاری سلێمانیان كردووه‌.