فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری سویسڕا و هه‌روه‌ها له‌ بیست و چواره‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "توسیس"ی ئه‌م وڵاته‌ نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" كه‌ به‌رهه‌می ساڵی 2014ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیایه‌، له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" و به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتی سویسڕا، له‌وانه‌: سینه‌ماكانی شاره‌كانی زووریخ Zürich، بێرن Bern، بادێن Baden، باسێل Basel، هور Chur، سورسێ Sursee، تۆسیس Thusis و چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئه‌م وڵاته‌ چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

له‌ دوای نمایشی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ هه‌ر شارێك كۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندیی فیلمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو و "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمانه‌ به‌ وردی وڵامی پرسیاری بینه‌رانی سویسڕای دایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سێ فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston، "په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار" Crossing the Dust و "شوێنێك بۆ یاری" Kick Off له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی بیست و چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "توسیس" Thusis له‌ وڵاتی سویسڕا نمایشكران.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ دوو به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 4 تا 9ی كانوونی یه‌كه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ شارۆچكه‌ی شاخاویی توسیس له‌ وڵاتی سویسڕا به‌ڕێوه‌چوو.

فیلمی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا كه‌ له‌ هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین "ئاسیا په‌سیفیك" ASIA PACIFIC ناسراو به‌ "ئۆسكاری ئاسیا" بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات كاندیدكرابوو، توانی خه‌ڵاتی تایبه‌تی یۆنسكۆ بۆ هاوبه‌شی به‌رچاو و هه‌روه‌ها پاراستنی جۆری كه‌لتووره‌كان به‌ده‌ستبێنێت.

"شه‌وكه‌ت ئه‌مین" دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری ئاسیایی له‌ وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ خۆڕاگری و خه‌باتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌ گرووپی تیرۆریستی داعێش پێشكه‌ش ده‌كه‌م كه‌ جارێكی دیكه‌ له‌ به‌رانبه‌ر كاره‌سات و تراژیدیایه‌كی دیكه‌دا دوای جینایاته‌كانی سه‌دام به‌سه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا، توانیویانه‌ هه‌روا به‌رده‌وام له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستاون.

گوتیشی: هه‌روه‌ها ئه‌م خه‌ڵاته‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌م به‌ هاوڕێی دێرینم خوالێخۆشبوو "ته‌ها كه‌ریمی" ده‌رهێنه‌ر فیلمی دیكۆمێنتی "هه‌زار و یه‌ك سێو" كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا كۆمه‌ڵكوژی كورده‌كانی عێراق به‌ ناونیشانی ئه‌نفال به‌ ده‌ستی ڕژێمی به‌عسی له‌ ڕێگای وێنه‌ و دیمه‌نی سینه‌ماوه‌ به‌ شاره‌زاییه‌وه‌ نیشانی بینه‌رده‌دا.

ڕێوڕه‌سمی كۆتایی هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین "ئاسیا په‌سیفیك" 11 كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری بریسبان له‌ ویلایه‌تی كۆئینزله‌ند له‌ وڵاتی ئوستوڕاڵیا به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا هونه‌رمه‌ندانی سه‌ركه‌وتووی 10 به‌شی جۆراوجۆری خه‌ڵاتی ئۆسكاری ئاسیایی له‌ نێوان 36 فیلم له‌ 21 وڵاتی ناوچه‌ی ئاسیا په‌سیفیك ده‌ستنیشانكران.

فیلمی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" به‌ ئاماده‌بوونی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ ڕۆژانی 7 و 12ی كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری له‌ سینه‌مای "كۆشكی باڕاكس" له‌ میانه‌ی یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی بریسبانی "ئاسیا په‌سیفیك" BAPFF نمایشكرا.ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی 80 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆر له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 29 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ر تا 14 كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری بریسبان Brisbane له‌ ویلایه‌تی كۆئینزله‌ند له‌ وڵاتی ئوستوڕاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.trigon-film.org/de/movies/Memories_on_Stone

http://www.filmpodium.ch/Programm/FilmDetails.aspx?t=1&f=15939

http://www.kinokunstmuseum.ch/movie/2087

http://www.cineman.ch/movie/2014/MemoriesOnStone/

http://www.movies.ch/de/film/memoriesonstone/

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد".

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.