كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ ده‌رهێنانی "شوان عه‌تووف" دوو خه‌ڵاتی له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "تكسی كاتالۆنیا" له‌ وڵاتی ئیسپانیا و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" له‌ سلێمانی به‌ده‌ستهێنا.

كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ماڵ و كلیل" Home And Key له‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شوان عه‌تووف" و به‌رهه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" له‌ باشووری كوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ڕۆژی 8 كانوونی یه‌كه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "تكسی كاتالۆنیا" Txicatalunya له‌ وڵاتی ئیسپانیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا.

ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵی كورته‌ فیلمی "تكسی كاتالۆنیا" به‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر "شووناس و زاكیره‌ له‌ كورته‌ فیلمدا" و به‌ نمایشی به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆر له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌ شاری به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ وڵاتی ئیسپانیا به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ كورته‌ فیلمی كوردی "ماڵ و كلیل" له‌و بڕوایه‌دابوون كه‌ ئه‌م فیلمه‌ زۆر به‌ ساده‌یی و به‌ شێوه‌یه‌كی شاعیرانه‌ توانی سه‌د ساڵی ڕابردووی كورد و هه‌موو ئه‌و تراژیدیانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ به‌ باشی نیشانی ئێمه‌ بدات.

ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ 15 خوله‌كییه‌ هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی "شوان عه‌تووف" ڕۆژی 10 كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌ ڕوانینی بینه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ به‌ده‌ستبێنێت.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی 48 فیلم له‌ 13 وڵاتی جیهان، له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌ی گه‌شه‌پێدانی مافی مرۆڤ و به‌ هاوكاریی ماڵی سینه‌ما و چه‌ندین كۆمپانیای كه‌رتی ت

ایبه‌ت به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤه‌وه‌ له‌ ڕۆژانی 4 تا 10ی كانوونی یه‌كه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ هۆڵی مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ كه‌ ڕه‌مزی داپڵۆسنی سه‌رده‌می به‌عسییه‌كان بوو، له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ڕۆژی 21 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی چوارده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" O Curt له‌ شاری ناپۆلی له‌ ئیتاڵیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێبه‌خشرا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 19 تا 22ی ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ناپۆلی له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل".

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.