فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری ئاسیا له‌ به‌شی باشترین فیلم، له‌گه‌ڵ براوه‌كانی چڵه‌به‌ڕووی زێڕینی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی كان ڕكابه‌ری ده‌كات.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" كه‌ به‌رهه‌می ساڵی 2014ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیایه‌، له‌ به‌شه‌كانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ له‌ نووسینی هاوبه‌شی شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی و مه‌ممه‌د ئه‌كتاش له‌ هه‌شته‌مین خولی ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین "ئاسیا په‌سیفیك" ASIA PACIFIC ناسراو به‌ "ئۆسكاری ئاسیا" APSA بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات كاندیدكراوه‌.

"بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ به‌شی باشترین فیلمی ئه‌م خه‌ڵاته‌دا، له‌گه‌ڵ فیلمی سینه‌مایی "خه‌وی زستانیی" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری تورك "نووری بیلگه‌ جه‌یلان" به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی توركیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی چڵه‌به‌ڕووی زێڕینی شه‌ست و حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی كان و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "لۆیاتان" واته‌ "نه‌هه‌نگ" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری ڕووسی "ئاندری ژۆیاگینتسێف" به‌رهه‌می وڵاتی ڕووسیا و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی چڵه‌به‌ڕووی زێڕینی باشترین سیناریۆ له‌ شه‌ست و حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی كانی فه‌ڕه‌نسا له‌ ساڵی 2014 ڕكابه‌ری ده‌كات.

فیلمی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" به‌ ئاماده‌بوونی شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی له‌ ڕۆژانی 7 و 12ی كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری له‌ سینه‌مای "كۆشكی باڕاكس" له‌ میانه‌ی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی بریسبانی "ئاسیا په‌سیفیك" BAPFF ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی 80 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆر له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی بۆ ماوه‌ی 16 ڕۆژ له‌ ڕۆژانی 29 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ر تا 14 كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری بریسبان Brisbane له‌ ویلایه‌تی كۆئینزله‌ند له‌ وڵاتی ئوستوڕاڵیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناوی كاندیداكانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی هه‌شته‌مین خولی ڕێوڕه‌سمی پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵاتی ئیسكرین "ئاسیا په‌سیفیك"، له‌وانه‌: باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان، باشترین وێنه‌گرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیكۆمێنتی، باشترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌كته‌ری پیاو و باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت راگه‌یاندراوه‌ و له‌م ناوه‌نده‌دا ناوی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ به‌شی باشترین فیلمدا و هه‌روه‌ها "مه‌ممه‌د ئه‌كتاش" و "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" بۆ نووسینی سیناریۆی ئه‌م فیلمه‌ له‌ به‌شی باشترین سیناریۆدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان كاندیداكاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

ڕێوڕه‌سمی كۆتایی و ده‌ستنیشانكردنی سه‌ركه‌وتووانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین

"ئاسیا په‌سیفیك" ناسراو به‌ "ئۆسكاری ئاسیا" ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ 11 كانوونی یه‌كه‌مه‌م / دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری بریسبان له‌ ویلایه‌تی كۆئینزله‌ند له‌ وڵاتی ئوستوڕاڵیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سیناریۆی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" كه‌ له‌ لایه‌ن "شه‌وكه‌ت ئه‌مین" و "مه‌ممه‌د ئه‌كتاش" نووسراوه‌ و پێش له‌ قۆناغی وێنه‌گرتن، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی له‌ ئاكادیمیای خه‌ڵاتی ئیسكرینی "ئاسیا په‌سیفیك" له‌ ساڵی 2011 به‌ده‌ستهێنابوو.

"بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" ڕۆژی 21 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی سێزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "سینه‌دایز" Cinedayes له‌ وڵاتی مه‌كه‌دوونیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان به‌ "شه‌وكه‌ت ئه‌مین" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ به‌خشرا.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www. asiapacificscreenacademy. com/wp/wp-content/uploads/2014/11/2014-APSA-Nominees. pdf

http://brisbaneasiapacificfilmfestival. com/film-archive/memories-on-stone/

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد".

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.