فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "به‌تین قوبادی" له‌ چل و پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "گۆوا" له‌ وڵاتی هیندستان نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كورد "به‌تین قوبادی" له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌م فیلمسازه‌ كورده‌ كاتژمێر 11 پێش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 27 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی "سینه‌مای جیهان" له‌ چل و پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "گۆوا" له‌ وڵاتی هیندستان چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین فیستیڤاڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فیلم دێته‌ئه‌ژمار له‌ ڕۆژانی 20 تا 30 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری گۆوا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ گه‌شتیارییه‌كانی وڵاتی هیندستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ چل و پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "گۆوا"دا دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی ناوداری جیهان، له‌وانه‌: "ژان لۆك گۆدار"، "برایانی داڕده‌ن"، "نووری بیلگه‌ جه‌یلان" و چه‌ندین سینه‌ماكاری دیكه‌ نمایشكران.

دوای نمایشی سه‌ركه‌وتووانه‌ی فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تۆرێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا، ئه‌م فیلمه‌ له‌ لایه‌ن عێڕاقه‌وه‌ بۆ كاندیدبوون له‌ هه‌شتاو حه‌وته‌مین خولی ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاته‌ سینه‌ماییه‌كانی ئاكادیمیای ئۆسكار له‌ ساڵی 2015 ده‌ستنیشانكرا و كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی بڵاوكه‌ره‌وه‌ جیهانییه‌كانی فیلم، له‌وانه‌: "ئێم. كه‌ی 2" 2MK، "وایلدبانچ" Wildbunch، "وێرسیتاله‌ فیلمز" Versatile films و چه‌ندین كۆمپانیای ناوداری جیهانی دیكه‌ داواكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ له‌ ئاستی جیهاندا بوون.

تا ئێستا وڵاتانی جۆراوجۆر داواكای نمایشی ئه‌م فیلمه‌ له‌ سینه‌ماكانی خۆیان بوون و هه‌روه‌ها فیستیڤاڵه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیی فیلم له‌ ئاستی دنیادا خوازیاری به‌شداری فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" له‌ به‌شه‌كانی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی خۆیان بوون.

"مه‌ردان" له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا له‌ به‌شی "دۆزینه‌وه‌كان" Discovery به‌ ناونیشانی "داهاتووی سینه‌مای جیهان" له‌ سی و نۆیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تۆرێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا نمایشكرا.

تریلێری فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" له‌ ده‌رهێنانی به‌تین قوبادی:

http://youtu.be/UuEUamfpYb8

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.