نوێترین به‌رهه‌می "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ فیستیڤاڵی "لۆس كابووس"ی مه‌كسیك نمایش ده‌كرێت

نوێترین فیلمی سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "لۆس كابووس" له‌ وڵاتی مه‌كسیك نمایش ده‌كرێت.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" Words With Gods له‌ به‌رهه‌مهێنانی "ئالێكس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی هه‌ینی 14 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی "گالاس"Galas له‌ میانه‌ی سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "لۆس كابووس" Los Cabos له‌ وڵاتی مه‌كسیك نمایش ده‌كرێت.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی كه‌لتوور و دابوونه‌ریته‌ جۆراوجۆره‌كانی جیهان ناسراوه‌، به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" له‌ سه‌ر مافووره‌ی سوور و فیلمسازانی ناوداری ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، مه‌كسیك و به‌تایبه‌ت سینه‌ماكارانی به‌ئه‌زموونی ئه‌مه‌ریكای باشوور، له‌ چه‌ندین به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی لۆس كابووس"، به‌شی "گالاس"، به‌شی "فیلمه‌ یه‌كه‌مه‌كانی مه‌كسیك"، به‌شی "چاوخشاندنێك به‌ به‌رهه‌می فیلمسازانی مه‌كسیكی"، به‌شی "شوێنه‌ به‌رچاوه‌كانی جیهان"، به‌شی "پێشبڕكێی كورته‌ فیلم"، به‌شی "چاوخشاندنێكی سه‌وز" و چه‌ندین به‌شی دیكه‌ له‌ ڕۆژانی 12 تا 16ی ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری لۆس كابووس له‌ مه‌كسیك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" له‌ یه‌كه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تیی خۆی به‌ ئاماده‌بوونی قوبادی، له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ میانه‌ی حه‌فتا و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان و له‌ لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی سینه‌ما، ڕۆژنامه‌نووسان، په‌یامنێران و بینه‌رانی ئاماده‌بوو له‌ فیستیڤاڵ، پێشوازیی لێكرا و وه‌كوو باشترین فیلمی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ فیلمه‌ هه‌ڵبژێردرا و له‌ گۆڤاره‌ گرینگه‌ سینه‌ماییه‌كاندا، له‌وانه‌: پۆزێتیڤ و هۆلیڤوود ڕیپۆرتێر ڕه‌خنه‌ی پۆزێتیڤی له‌سه‌ر نووسرا.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ میانه‌ی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ڤینیسیا له‌ ناپۆلی" به‌ ناونیشانی "سینه‌مای پێشكه‌وتوو" Extended Cinema له‌ شاری ناپۆلی له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی لێكرا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ هاوكاری فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا، وه‌زاره‌تی كه‌لتووری ئیتاڵیا و به‌شی فه‌رهه‌نگی سینه‌مای ناپۆلی له‌ ڕۆژانی 22 تا 28ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ناپۆلی به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://cabosfilmfestival.com/galas-3/

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.