به‌ ئاماده‌بوونی سینه‌ماكارانی كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، "مه‌مه‌د ئه‌كتاش"، "هیشام زه‌مان" و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای دهۆك "ئه‌یووب ڕه‌مه‌زان"، هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی له‌ وڵاتی ئیماڕات ده‌ستی پێكرد.

به‌ ئاماده‌بوونی سینه‌ماكارانی كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، به‌رهه‌مهێنه‌ر و سیناریۆنووسی كورد "مه‌مه‌د ئه‌كتاش"، ده‌رهێنه‌ری كورد "هیشام زه‌مان" و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای دهۆك "ئه‌یووب ڕه‌مه‌زان"، كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رچاوه‌كانی كه‌لتووری و هونه‌ری وڵاتی ئیماڕات، "عه‌لی ئه‌لجابری" به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی، ئه‌كته‌ره‌ ناوداره‌كانی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئیماڕات و وڵاتانی عه‌ڕه‌بی و هه‌روه‌ها به‌ نمایشی فیلمی سینه‌مایی "له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا بێی" From A To B له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ئیماڕاتی "عه‌لی مسته‌فا" و به‌رهه‌می وڵاتی ئیماڕات، هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی كاتژمێر 9ی شه‌وی هه‌ینی 23ی ته‌شرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 2014 له‌ هۆڵی گه‌وره‌ و به‌شكۆی كۆشكی ئیماڕات له‌ شاری ئه‌بووزه‌بی له‌ وڵاتی ئیماڕات ده‌ستی پێكرد.

له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا سه‌ره‌تا كاتژمێر 6ی ئێوارێی لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی له‌به‌ر چاوی كه‌ناڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیی جیهانه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر مافووره‌ی سووری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ و له‌ درێژه‌دا ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی فیستیڤاڵ له‌وانه‌: سینه‌ماكاری كورد "هیشام زه‌مان" وه‌كوو ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی فیلمه‌ ئیماڕاتییه‌كان و پاشان ده‌رهێنه‌ر، ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی جۆراوجۆر، له‌وانه‌: سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد"، به‌رهه‌مهێنه‌ری كورد "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" و سیناریۆنووسی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" و هه‌روه‌ها "ئه‌یووب ڕه‌مه‌زان" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای دهۆك و یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌م فیلمه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان چوونه‌ سه‌ر مافووری سووری ئه‌م فیستیڤاڵه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، سه‌ره‌تا "عه‌لی ئه‌لجابری" به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی، به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی ناو هۆڵی كۆشكی ئیماڕاتی كرد و له‌ درێژه‌دا داوای له‌ ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی سینه‌مایی "له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا بێی" به‌رهه‌می وڵاتی ئیماڕات و له‌ ده‌رهێنانی "عه‌لی مسته‌فا"ی كرد تاكوو بێنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و دوای ناساندنی ئه‌وان، سه‌باره‌ت به‌ گرینگیی كردنه‌وه‌ی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ فیلمێكی ئیماڕاتی چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و له‌ درێژه‌شدا هه‌ر كام له‌ ستافی ئاماده‌كردنی ئه‌م فیلمه‌ وته‌یه‌كی كورتیان پێشكه‌ش كرد و له‌ كۆتایی یه‌كه‌م شه‌وی فیستیڤاڵدا، فیلمی سینه‌مایی "له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا بێی" چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی

ئه‌بووزه‌بی، كه‌ بریتین له‌: ئه‌كته‌ری ناوداری هیندستانی "عیرفان خان" ـ سه‌رۆكی لێێژنه‌ی دادوه‌ران، "وكینی لریدج" ـ نووسه‌ر له‌ ئه‌لجه‌زایر، "ئێستیون شاینبێرگ" ـ به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌ به‌ریتانیا، "كیت شۆرتله‌ند" ـ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌ ئوستوڕاڵیا و "عه‌لی سوله‌یمان" ـ ئه‌كته‌ر له‌ فه‌له‌ستین، 18 فیلمی سینه‌مایی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و خه‌ڵاتی گه‌وره‌ و ته‌ندیسی "مرواری ڕه‌ش" به‌ براوه‌كانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی له‌ دوو سانسی جیاوازدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی له‌ سینه‌ما ڤۆكسی هۆڵی مارینا ماڵی شاری ئه‌بووزه‌بی نمایش ده‌كرێت و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ له‌گه‌ڵ 17 فیلم له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا، به‌ریتانیا، ئێران، چین، مۆڕاكۆ، ڕووسیا، كۆریای باشوور، دانیماڕك، هۆنگ كۆنگ، قه‌ته‌ر، ئیماڕات، مۆریتانی، لوبنان و ئه‌ڵمانیا ڕكابه‌ری ده‌كات.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی فیلمه‌ ئیماڕاتییه‌كانی هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌بووزه‌بی، كه‌ بریتین له‌: سینه‌ماكاری كوردی دانیشتووی وڵاتی نه‌رویج "هیشام زه‌مان"، "فه‌رید بێنل یه‌زید" ـ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دادوه‌ران له‌ مۆراكۆ، "ئیبراهیم ئه‌لحه‌ساوی" ـ ئه‌كته‌ر و سیناریۆنووس له‌ سعوودییه‌، "فاتیمه‌ ئه‌ڵڕه‌ماهی" ـ به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌ قه‌ته‌ر و "عه‌بدوڵڵا ساڵح" ـ ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌ ئیماڕات فیلمه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ له‌ سینه‌ماكارانی ئیماڕاتی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و خه‌ڵاتی گه‌وره‌ و ته‌ندیسی "مرواری ڕه‌ش" به‌ براوه‌كانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌بووزه‌بی به‌ نمایشی كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی"، به‌شی پێشبڕكێی "ئاسۆی نوێی"، به‌شی پێشبڕكێی "فیلمه‌ بڵینده‌ دیكۆمێنتارییه‌كان"، به‌شی "نمایشی سینه‌مای جیهان"، به‌شی پێشبڕكێی "كورته‌ فیلمه‌ چیرۆكی و دیكۆمێنتارییه‌كان"، به‌شی پێشبڕكێی "فیلمه‌ ئیماڕاتییه‌كان"، به‌شی "نمایشی تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌ فیلمه‌كانی سینه‌ماكاری ناوداری سینه‌مای جیهان فڕانسوا تڕۆفۆ"، به‌شی "نماشی فیلمه‌ كلاسیكییه‌كان"، "چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌ سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری سینه‌ما" و هه‌روه‌ها "كۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندیی فیلمه‌كان" له‌ ڕۆژانی 23ی ته‌شرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ر تا 1ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ هۆڵی گه‌وره‌ی كۆشكی ئیماڕات و هه‌روه‌ها ناوه‌ندی سینه‌مایی "مارینا ماڵ" له‌ شاری ئه‌بووزه‌بی له‌ وڵاتی ئیماڕات یه‌كگرتووی عه‌ڕه‌بی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ فیلمی ئه‌بووزه‌بیدا 197 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی 61 وڵاتی جیهان، له‌وانه‌: ئه‌مه‌ریكا، ئێران، چین، ئیماڕات، فه‌ڕه‌نسا، عێراق، میسر، ئیتاڵیا، مۆڕاكۆ، كۆریای باشوور، ڕووسیا، ژاپۆن، به‌ریتانیا، دانیماڕك، لوبنان، ئه‌ڵمانیا، قه‌ته‌ر، گورجستان، كۆماری چێك، ئیتیۆپی، تایوان، هۆنگ كۆنگ، كه‌نه‌دا، هێندستان، ئیسپانیا، ئه‌لجه‌زایر، سێربستان، تۆركیا، ئه‌رده‌ن، ئیرله‌ندا، هه‌نگاریا، فینله‌ندا، كۆلۆمبیا، سووریا، ئوستوڕاڵیا، كووبا، نه‌رویج، به‌لژیكا، سوید، بڕازیل، یه‌مه‌ن و هه‌رێمی كوردستان ده‌چنه‌

سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بییه‌وه‌ خه‌ڵاتی 100 هه‌زار دولاری و ته‌ندیسی "مرواریی ڕه‌ش" بۆ باشترین فیلمی به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی"، خه‌ڵاتی 50 هه‌زار دولاری و ته‌ندیسی "مرواریی ڕه‌ش" بۆ فیلمی دووه‌می ئه‌م به‌شه‌، خه‌ڵاتی 20 هه‌زار دولاری بۆ باشترین ئه‌كته‌ری پیاو و ئه‌كته‌ری ئافره‌تی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ دیاری كراوه‌ و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرینگی نه‌قدی دیكه‌ش بۆ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌.

وێنه‌كان: مه‌نسوور جیهانی

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

\