له‌ حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سان فڕانسیسكۆ ڕێز له‌ سینه‌ماكاری كورد "پووران دره‌خشه‌نده‌" گیرا و فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" چوار خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" به‌ ئاماده‌بوونی خانمه‌ سینه‌ماكاری كورد "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی "فیلمه‌ ئێرانییه‌كان" له‌ سان فرانسیسكۆ له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌واوی بلیته‌كانی نمایشی ئه‌م فیلمه‌ فرۆشراو و پاشان كۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیی ئه‌م فیلمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌م فیلمسازه‌ كرماشانییه‌ وڵامی پرسیاره‌كانی ئاماده‌بووانی دایه‌وه‌.

دوای نمایشی ئه‌م فیلمه‌ به‌رپرسانی فیستیڤاڵی "فیلمه‌ ئێرانییه‌كان" له‌ سان فرانسیسكۆ به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌پكه‌ گوڵ، له‌وحه‌ی فه‌خری و خه‌ڵاتی تایبه‌ت، ڕێزیان له‌ ته‌مه‌نێك چالاكی هونه‌ری خاتوو "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ بواری سینه‌مادا گرت.

خانمه‌ سینه‌ماكاری كورد "پووران دره‌خشه‌نده‌" دوای نمایشی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" وڵامی پرسیاریی بینه‌رانی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكی دایه‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ بنه‌ماڵه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌و بڕوایه‌دابوون كه‌ پێویسته‌ ئه‌م فیلمه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش نمایش بكرێت، تاكوو دایك و باوك و به‌رپرسانی منداڵه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ بابه‌تی له‌م چه‌شنه‌ كه‌ له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی ئه‌وانیشه‌ ئاشنابن و هه‌ر چی زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌بكرێت و به‌ قوتابییه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانیان زانیاریی بدرێت، كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی ده‌بێت.

بینه‌رانی حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی "فیلمه‌ ئێرانییه‌كان" له‌ سان فرانسیسكۆ به‌ هۆی سازكردنی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" و ئاگاداریی ئه‌وان له‌ باروودۆخی وردی منداڵه‌كانیان، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراسته‌ی "پووران دره‌خشه‌نده‌" كرد و ڕێزی تایبه‌تیان لێگرت.

له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی "فیلمه‌ ئێرانییه‌كان" له‌ سان فرانسیسكۆ، هه‌ڵبژێردراوانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ دیاریكران و فیلمی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" توانی چوار خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی به‌ده‌ستبێنێت، كه‌ خه‌ڵاته‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ بریتی بوون له‌:

ـ خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" له‌ ده‌رهێنانی پووران دره‌خشه‌نده‌

ـ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی بۆ "پووران دره‌خشه‌نده‌" به‌ هۆی ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن"

ـ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ به‌ شێوه‌ی هاوبه‌ش بۆ "پووران دره‌خشه‌نده‌" و "میترا به‌هرامی" بۆ نووسینی

سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن"

ـ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پیاو بۆ "فه‌رامه‌رز قه‌ریبیان" بۆ ڕۆڵ بینین له‌ فیلمی سینه‌مایی "تاوانباران"

ـ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت بۆ "ته‌ناز ته‌باته‌بایی" بۆ ڕۆڵ بینین له‌ فیلمی سینه‌مایی"بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن"

ـ خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتن بۆ سینه‌ماكاری كورد "سالم سه‌ڵه‌واتی" بۆ وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی كوردی "دوایین زستان".

فیستیڤاڵی "فیلمه‌ ئێرانییه‌كان" له‌ سان فرانسیسكۆ به‌ ناونیشانی IFF دیمه‌نێكه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی سینه‌مای سه‌ربه‌خۆی ئێران، كه‌ به‌ نمایشی كۆمه‌ڵێك فیلم سه‌باره‌ت به‌ ئێرانییه‌كانه‌ و یا له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌رهه‌مهاتوون.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی كۆمه‌لًَێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی كورد و ئێرانی سه‌رتاسه‌ری دنیا له‌ رۆژانی 27و 28ی ئه‌یلوول/ سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ رێكخراوه‌ی هونه‌ری شاری سان فرانسیسكۆ له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌چوو.

وێنه‌كان: كاوه‌ نیكپوور

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.iranianfilmfestival.org/all-date-list/hush-girls-dont-scream/

http://www.iranianfilmfestival.org/

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.