سینه‌ماكاری كورد "جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌" به‌ كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی" خه‌ڵاتی نوقره‌یی باشترین فیلمی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی دراما له‌ وڵاتی یۆنانی به‌ده‌ستهێنا.

كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی" Black and white له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی به‌شی سینه‌مای دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌م فیلمسازه‌ سنه‌ییه‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیی 37ـه‌مین خولی نه‌ته‌وه‌یی و بیسته‌مین خولی نێوده‌وڵه‌تیی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی دراما Drama له‌ وڵاتی یۆنان نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی دووه‌می باشترین فیلم و ته‌ندیسی نوقه‌ریی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ نێوان 61 فیلم له‌ كیشوه‌ره‌كانی ئه‌ورووپا، ئاسیا و ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستبێنێت.

"جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌" دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ ڕێوڕه‌سمی كۆتایی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی دراما، له‌ وته‌یه‌كدا خوازیاریی كۆتایی ته‌واوی جه‌نگه‌كانی جیهان بوو و ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێشكه‌ش كرد به‌ ئاشتیی و ئاسایش بۆ مرۆڤه‌كان له‌ جیهاندا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ڕووداوه‌ گرینگه‌كانی تایبه‌ت به‌ كورته‌ فیلم له‌ ئه‌ورووپا دێته‌ئه‌ژمار له‌ 37ـه‌مین خولی نه‌ته‌وه‌یی و بیسته‌مین خولی نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا به‌ نمایشی 102 فیلم له‌ فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ به‌شه‌كانی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 15 تا 20ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ وڵاتی یۆنان به‌ڕێوه‌چوو.

فیلمی "ڕه‌ش و سپی" بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرینگه‌، له‌گه‌ڵ فیلم گه‌لێك له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ڵمانیا، شیلی، هۆڵه‌ندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، كڕۆواسی، ڕووسیا، بڕازیل، كه‌نه‌دا، دانیمارك، مه‌قدوونییه‌، یوونان، توركیا، هه‌نگاریا، نیووزله‌ند، كووبا، چین، مۆریای باشوور، كۆلۆمبیا، ژاپۆن، تایله‌ند، سه‌نگاپوور، پۆڵه‌ندا، به‌ریتانیا، ئۆسلۆڤاكی و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ له‌ ڕكابه‌ریدا بوو.

كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی" كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلمی سنه‌" به‌ به‌رپرسیارییه‌تی "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" و "ڤیدا ساڵحی" له‌ ئاستی دنیادا به‌ شێوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بڵاوده‌كرێته‌وه‌، تا ئێستا له‌ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر له‌ دنیادا نمایشكراوه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتیشی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی ئه‌نستیتۆ گۆته‌ی ئه‌ڵمانی له‌ دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتن له‌ به‌شی پێشبڕكێی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "جه‌یپوور" له‌ وڵاتی هیندستان و خه‌ڵاتی باشترین فیلم و ته‌ندیسی فیستیڤاڵ به‌ ناونیشانی باشترین په‌یامی "سه‌بر و خۆڕاگریی" له‌ یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمه‌ ماناییه‌كانی فرێسكۆ FRESCO له‌ وڵاتی ئه‌رمه‌نیستان.

كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی 18ـه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئاوانكا" له‌ وڵاتی پورتوگال نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گر به‌ "ئه‌میر عه‌لی وه‌یسی" وێنه‌گری كوردی ئه‌م فیلمه‌ به‌خشرا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ ڕۆژانی 23 تا 27ی ته‌مموز / یۆنیۆی 2014 له‌ شاری ئاوانكا له‌ وڵاتی پورتوگال به‌ڕێوه‌چوو.

ستافی ئاماده‌كردنی كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی" بریتین له‌:

نووسه‌ری سیناریۆ و ده‌رهێنه‌ر: جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌، به‌رهه‌مهێنه‌ر: به‌شی سینه‌مای دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان و جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ، ئه‌كته‌ره‌كان: سارینا ته‌ره‌قی، سینا فه‌یزی، كاڵه‌ ڕه‌شیدی، ئه‌فشین خدری، مێهدی فه‌یزی و چه‌ندین ئه‌كته‌ری دیكه‌، وێنه‌گر: ئه‌میر عه‌لی وه‌یسی، یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر: سیروان خزری، فۆتۆگرافه‌ر: ئیبراهیم عه‌لیپوور، ده‌نگدانه‌ر: به‌همه‌ن ئه‌رده‌ڵان، ده‌نگهه‌ڵگر: قادر قادری، مونتاژ: لوقمان سوخه‌نوه‌ر و مه‌رجان شیرازی، به‌رنامه‌داڕێژ و یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر: ڤیدا ساڵحی، یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر: ئه‌میر ناهیدی، دیزاینی سه‌حنه‌: جه‌لال ساعیدپه‌ناه‌، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می سه‌حنه‌: سه‌لاح ساعیدپه‌ناه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌حنه‌: مێهدی خه‌لیلی، مونشی سه‌حنه‌: نه‌سرین میره‌كی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌داره‌كات: سادق فه‌لاحی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئابووری: ساڵح عارف و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی: مه‌نسوور جیهانی و مه‌نووچێهر جیهانی.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی كورته‌ فیلمی "ڕه‌ش و سپی".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.