فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا له‌ وڵاتی كازاخستان نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ نووسینی هاوبه‌شی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" و "مه‌ممه‌د ئه‌كتاش" و له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" كه‌ به‌رهه‌می ساڵی 2014ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیایه‌ له‌ دووه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شی پێشبڕكێی ده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا Eurasia له‌ وڵاتی كازاخستان نمایشكرا.

ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ له‌گه‌ڵ 11 فیلم له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئێران، كۆریای باشوور، ئاڵبانیا، ئستونیا، ئیسرائیل، كرۆواسیا، كازاخستان، ژاپۆن و ڕووسیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری 200 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی 30 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی، به‌شی "تایبه‌ت به‌ 30 ساڵ سینه‌مای كازاخستان"، به‌شی تایبه‌ت به‌ سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی له‌ دایكبوونی فیلمسازی ناوداری كازاخستانی "شاكیم ئیمانۆف"، به‌شی "سینه‌مای كۆریای باشوور"، به‌شی "شه‌وی كورته‌ فیلم"، به‌شی "سینه‌ما پردێك له‌ نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا"، به‌شی "ڕووداوه‌ تایبه‌ته‌كان" و به‌شی "سینه‌مای وریای كازاخستان" له‌ ڕۆژانی 15 تا 20ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ئاڵمائاتی گه‌وره‌ترین شاری وڵاتی كازاخستان به‌ڕێوه‌چوو.

"یێرمه‌ك ئامانشایۆف" له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی ده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا گوتی: ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ هاوكاری نزیك له‌ نێوان فیلمسازانی كازاخستانی و وڵاتانی ئه‌ورووپی و ئاسایی بۆته‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین ڕووداوه‌كانی سینه‌مایی جیهان.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ "حوسێن حه‌سه‌ن" و هه‌روه‌ها نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ "مه‌مه‌د ئه‌كتاش"، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شی "ئاسۆكان"ی چل و نۆیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی كاڕڵۆڤی ڤاری له‌ وڵاتی چیك نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌ران، ڕه‌خنه‌گران و ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی 173 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ ڕۆژانی 4 تا 12ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2014 له‌ شاری كاڕڵۆڤی ڤاری له‌ وڵاتی كۆماری چیك به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://eurasiaiff.  kz/en/program/main-competition/614-memories-on-stone.  html

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.