نوێترین فیلمی سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی 71ـیه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا له‌ ئیتاڵیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی لێكرا.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" Words With Gods له‌ به‌رهه‌مهێنانی "ئالێكس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی قوبادی، له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ میانه‌ی حه‌فتا و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان و له‌ لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی سینه‌ما، ڕۆژنامه‌نووسان، په‌یامنێران و بینه‌رانی ئاماده‌بوو له‌ فیستیڤاڵ، پێشوازییه‌كی باشی لێكرا و وه‌كوو باشترین فیلمی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ فیلمه‌ هه‌ڵبژێردرا و له‌ گۆڤاره‌ گرینگه‌ سینه‌ماییه‌كاندا، له‌وانه‌: هۆلیڤوود "ڕیپۆرتێر"، "پۆزێتیڤ" و "ورایه‌تیی" ڕه‌خنه‌ی پۆزێتیڤی له‌سه‌ر نووسرا.

هه‌روه‌ها له‌ زۆربه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیی ئیسپانیاش كه‌ فیلمێك به‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م وڵاته‌ له‌ فیستیڤاڵی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا ئاماده‌بوو، هه‌واڵ، ڕاپۆڕت و ڕه‌خنه‌گه‌لی جۆراوجۆر له‌ سه‌ر دوایین به‌رهه‌می "به‌همه‌ن قوبادی" بڵاوكرایه‌وه‌ و ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌ له‌ ڕۆژانی ئاماده‌بوونی له‌م فیستیڤاڵه‌دا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی سه‌رتاسه‌ری ئیتاڵیا چاوپێكه‌وتنێكی تێرووته‌سه‌لی ئه‌نجامدا.

"به‌همه‌ن قوبادی" وه‌كوو یه‌كێك له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "وتووێژ له‌گه‌ڵ خوداكان" له‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیی گرینگی دنیا له‌ فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا، له‌وانه‌: "بی. بی. سی"، "سی. ئێن. ئێن" و "هۆلیوود ریپۆرتێر" ئه‌نجامیدا سه‌باره‌ت به‌ ئێپیزۆدی خۆی به‌ ناوی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" گوتی: هه‌میشه‌ له‌ سه‌رده‌می منداڵیمدا نه‌مده‌زانی كه‌ ده‌بێت ڕێوشوێنی مه‌زهه‌بی دایك و باوكم ڕچاوبگرم یا ڕێوشوێنی ئه‌و مه‌زهه‌به‌ی كه‌ له‌ قوتابخانه‌ فێرم ده‌كه‌ن. ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌منی تووشی دووڕێیی ده‌كرد و له‌ ده‌رئه‌نجامدا بۆم ڕوونبۆوه‌ كه‌ له‌ نیشتمانه‌كه‌مدا ئازادیی ئایین و مه‌زهه‌به‌كان بوونی نییه‌.

هه‌روه‌ها له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ فیلمه‌دا كه‌ له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا به‌ڕێوه‌چوو، "عه‌باس غه‌زالی" یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ئه‌زموونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ڕێزگرتن له‌ هه‌ڤاڵانی، "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ كۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیی نوێترین به‌رهه‌مه‌كه‌ی هاوڕێیه‌تی كرد.

گۆڤاری گرینگیی سینه‌مایی "هۆلیڤوود ڕیپۆرتێر" له‌ وتارێكدا سه‌باره‌ت به‌ فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" نووسیوییه‌تی: تێكه‌ڵاوێك له‌ كۆمیكی نه‌رم و دمه‌قاڵه‌ی بنه‌ماڵه‌یی ڕه‌وتی چیرۆكی فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" دوایین به‌رهه‌می فیلمسازی كورد "به‌همه‌ن قوبادی" پێكهێناوه‌. چیرۆكی ئه‌م فیلمه‌ سه‌باره‌ت به‌ گیرۆده‌یی دوو برای موسوڵمانه‌ له‌ كوردستانی توركیا. ئه‌وان به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ دووجومكن كه‌ له‌سه‌ریانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ نووساون، جیاوازی زۆریان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وان زۆر به‌ڕێز و ئیماندار و ئه‌ویدیكه‌ش زۆر خۆشگوزه‌ران و بێدینه‌. پرسیاره‌كانیان له‌ پێشنوێژی مزگه‌وته‌كه‌ زۆر پێكه‌نینییه‌، به‌ڵام پیكه‌نینتر له‌وانه‌ جووڵه‌ دیمه‌نییه‌كانه‌ كه‌ له‌ نێوان دیالۆگه‌كانیان بینه‌ر وه‌پێكه‌نین ده‌خات.

هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گری ماڵپه‌ڕی "بی. بی. سی" سه‌باره‌ت به‌م فیلمه‌ نووسیوییه‌تی: به‌همه‌ن قوبادی له‌ دووه‌مین فیلم دوای كۆچكردن له‌ ئێران، ئه‌مجاره‌ به‌ فیلمێكی بێوێنه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و بینه‌رانی فیستیڤاڵی ڤینیسیای یه‌كده‌نگ كرد كه‌ فیلمه‌كه‌ی ئه‌و باشترین ـ یا له‌ باشترینه‌كانی ـ "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان"ـه‌، فیلمێكی 9 به‌شی كه‌ له‌ لایه‌ن فیلمسازانی ناودار له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان سازكراوه‌، له‌وانه‌: "ئه‌میر كۆستاریسكا" و "میرا نایێر".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ییه‌دا هاتووه‌: خاڵی به‌هێزی ئه‌م فیلمه‌ ده‌بێت له‌ مه‌ودابوونی فیلمساز له‌ بابه‌ته‌كه‌ی پێوشوێن بگرین. قوبادی هه‌ڵوێست ناگرێت و به‌ ڕاشكاویی مه‌به‌ستیی سووككردن یا بردنه‌سه‌رێی یه‌كێك له‌و دوو لایه‌نه‌ی نییه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات تا به‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ حیسابی بۆ كردووه‌، بینه‌ر سه‌رقاڵی كۆسپێك بكات كه‌ ته‌نیا كۆسپی ئه‌م دوو برا به‌یه‌كتریی نووساوه‌ نییه‌ و به‌ ئاسانیی ده‌توانرێت به‌ سه‌ر ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی ئیسلامیدا گشتگیر بكرێت.

كۆمه‌ڵه‌ فیلمی 9 ئێپیزۆدی "وتووێژ له‌گه‌ڵ خوداكان" به‌ ئاماده‌بوونی فیلمسازانی ناودار له‌وانه‌: "ئه‌میر كۆستاریسكا"، "هایدۆ ناكاتا"، "گیلێرمۆ ئاریێگا"، خاتوو "میرا نایێر"، "وارویك تۆرنتۆن"، "ئامووس گیتای"، "هیكتۆر بابێنجۆ"، "ئالێكس دێ لا ئێگلێسیا" و "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ 71ـیه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا له‌ ئیتاڵیا نمایشكرا.

71ـیه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا به‌ به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی"، به‌شی "ئاسۆكان"، به‌شی "حه‌وتووی ڕه‌خنه‌گران"، به‌شی سه‌ره‌كی "ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی" و چه‌ندین به‌شی دیكه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی "ئالبێرتۆ باربێرا" و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی سینه‌مای جیهان له‌ ڕۆژانی 27ی ئاب / ئۆگۆست تا 6ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری مێژوویی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.