"به‌همه‌ن قوبادی" نمایشی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" فیلمه‌ نوێیه‌كه‌ی له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وی كورد كرد و له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی گرینگیی دنیادا داكۆكی له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاتی عێراق كرد.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" Words With Gods له‌ به‌رهه‌مهێنانی "ئالێكس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی قوبادی، ڕۆژی 30ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ میانه‌ی حه‌فتا و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا.

قوبادی دوای نمایشی ئه‌م فیلمه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا نوێترین به‌رهه‌می خۆی پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كرد كه‌ له‌ ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان میواندارییان له‌ ته‌واویی ئایین و مه‌زهه‌به‌ جۆراوجۆره‌كان كردووه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی جه‌نگه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان كه‌ له‌ نیشتمانه‌كه‌یاندا هه‌ڵگیرساوه‌.

"به‌همه‌ن قوبادی" وه‌كوو یه‌كێك له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "وتووێژ له‌گه‌ڵ خوداكان" له‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیی گرینگی دنیادا له‌ فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا، له‌وانه‌: بی. بی. سی BBC، سی. ئێن. ئێن CNN، هۆلیوود ریپۆرتێر Hollywood Reporter كه‌ ئه‌نجامیدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق گوتی: به‌ بڕوای من ئه‌مڕۆكه‌ كورده‌كان خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ وڵاتی عێراق ده‌كه‌ن و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ ڕوانینه‌ هه‌م كه‌ كورده‌كان بتوانن ماڵێكیان بۆخۆیان هه‌بێت و كورده‌كانی وڵاتانی دیكه‌ش كه‌ زوڵمێكیان لێبكرێت هه‌ست بكه‌ن كه‌ ماڵێكیان هه‌یه‌ و شوێنێك بوونی هه‌یه‌ كه‌ بتوانن په‌نای بۆ به‌رن و له‌وێی پشتیوانیان لێبكرێت. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌، بوونی وڵاتێك به‌ ناوی كوردستان له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا ڕووداوێكه‌ كه‌ ده‌توانێت دروست بێت.

گوتیشی: چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا، هه‌ر جه‌نگێك ڕووبدات و به‌داخه‌وه‌ هه‌موو كات له‌م وڵاته‌ شایه‌دی بینینی جه‌نگ بووین، قوربانی سه‌ره‌كی كورده‌كان ده‌بن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شیعه‌كان هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و شانسه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌و وڵاتی ئێران كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ دانیشووانی شیعه‌ن ڕابكه‌ن و ئه‌گه‌ر ده‌رحه‌ق سوننه‌كان سته‌م یا هێرشێك بكرێت ئه‌م شانسه‌یان هه‌یه‌ كه‌ بۆ وڵاتێكی دراوسێی عێراق كه‌ دانیشتووانی سوننه‌ن په‌نابه‌رن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زوڵمێك ده‌رحه‌ق كورده‌كان بكرێت و یا ئه‌وه‌ی كه‌ هێرشان بكرێته‌ سه‌ر و تراژیدیایه‌كی دیكه‌ به‌سه‌ریان بێت هه‌ر وه‌كوو چۆن له‌ ڕابردوودا تراژیدیای زۆریان به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌وه‌ ته‌نیا كورده‌كانن كه‌ نازانن بۆ كوێی ڕابكه‌ن و شوێنێكیان نییه‌ كه‌ په‌نای بۆ به‌رن و له‌ ئاكامدا ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌. هه‌ر وه‌كوو هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن كورده‌كانی سووریا په‌نایان بۆ عێراق هێنا به‌ڵام دووباره‌ له‌وێش هه‌م خۆیان و هه‌میش كورده‌كانی عێراق له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعیشه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر.

ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی كرده‌وه‌: هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ كورده‌كان نابێت جارێكی دیكه‌ تراژیدیایه‌كی دیكه‌ به‌سه‌ریاندا بێت و ئه‌وه‌ ئه‌م كاته‌یه‌ كه‌ من به‌ "كاتی كورده‌كان" ناوی لێده‌به‌م و ئه‌مه‌ دوایین چانسێكه‌ كه‌ كورده‌كان له‌ به‌رده‌ستیاندایه‌ تا بتوانن ماڵێكی هێمن و جێی متمانه‌ بۆ خه‌یان سازبكه‌ن، چونكه‌ هه‌موو كاتێك بوونه‌ته‌ قوربانی.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "وتووێژ له‌گه‌ڵ خوداكان"ـدا ده‌رهێنه‌ری ناودار و به‌ئه‌زموونی 9 وڵاتی جیهان له‌وانه‌: بۆسنیا، ژاپۆن، مه‌كزیك، هێندستان، ئه‌مه‌ریكا، ئوستوڕاڵیا، بڕازیل، ئیسرائیل و ئیسپانیا ئاماده‌بوون كه‌ فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌نیشت ناوی ئه‌م وڵاتانه‌دا ناوی لێبردرا، كه‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی ڕووداوێكی گرینگ و جێی سه‌رنجه‌ و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ كوردستان وه‌كوو وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا ناوی لێبردرا و له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌ گرینگه‌ جیهانییه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاو و جۆراوجۆری به‌دواوه‌ بوو.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.