فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "به‌تین قوبادی" له‌ سی و نۆیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تۆرێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا نمایش ده‌كرێت.

"مه‌ردان" یه‌كه‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری لاوی كورد "به‌تین قوبادی" دوای كورته‌ فیلمی "له‌ با بپرس"ـنه‌ كه‌ خه‌ڵاتی ورچی بلۆرینی شه‌سته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی به‌ڕڵین له‌ ساڵی 2010 به‌ده‌ستهێنا، له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا له‌ به‌شی "دۆزینه‌وه‌كان" Discovery به‌ ناونیشانی "داهاتووی سینه‌مای جیهان" له‌ 39یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تۆرێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

"مه‌ردان" كه‌ چیرۆكی پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد بۆ بینه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌، ساڵی ڕابردوو له‌ هه‌رێمی كوردستان سازكراوه‌ و تیایدا ئه‌كته‌ری ناوداری كورد "حوسێن حه‌سه‌ن"، گۆرانیبێژی كورد "هێلانه‌ عه‌بدوڵڵا" (هێلی لۆڤ)، "ئیسماعیل زاگڕۆس"، "فه‌یاز دۆمان"، "میر موراد به‌درخان" و چه‌ندین ئه‌كتری دیكه‌ ڕۆڵیان بینیوه‌، له‌ سێ سانسی جیاوازدا له‌وانه‌: له‌ ڕۆژانی 6، 8 و 14ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تۆرێنتۆ نمایش ده‌كرێت.

له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ ڕۆژی 28ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 له‌ شاری تۆرێنتۆ به‌ڕێوه‌چوو، له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی فیستیڤاڵه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی ڕاگه‌یاندرا كه‌ "مه‌ردان" دوایین به‌رهه‌می "به‌تین قوبادی" له‌ نێوان فیلم گه‌لێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڕژه‌نتین، نه‌مسا، نۆڕوێژ، ئوستوڕاڵیا، پاكیستان، هێندستان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ له‌ به‌شی "دۆزینه‌وه‌كان" به‌ ناونیشانی "داهاتووی سینه‌مای جیهان" وه‌رگیراوه‌.

فیستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ گرینگ و پله‌ یه‌كه‌كانی سینه‌مای جیهان و زۆربه‌ی فیلمه‌ به‌رچاوه‌كانی سینه‌ما له‌م ڕێگایه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌ جیهانییه‌كان و ئاكادیمیای ئۆسكاره‌وه‌، له‌م خوله‌ی خۆیدا به‌ نمایشی 300 فیلم له‌ فیلمسازانی زیاتر له‌ 60 وڵاتی جیهان له‌ به‌شه‌كانی چیرۆكی، دیكۆمێنتاری، ئه‌زموونی و ئه‌نیمه‌یشنی و به‌ ئاماده‌بوونی سینه‌ماكارانی به‌ئه‌زموون و ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی سینه‌مای جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆری پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌وانه‌: به‌شی "فیلمسازه‌ سه‌ربه‌خۆكان"، به‌شی "دۆزینه‌وه‌كان"، به‌شی "مامۆستایان"، "كه‌شفی به‌هره‌مه‌ندان" و به‌شی "دیكۆمێنتاری" له‌ ڕۆژانی 4 تا 14ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری تۆرێنتۆ له‌ كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ پوخته‌ی سیناریۆی فیلمی "مه‌ردان"دا هاتووه‌: پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد كه‌ له‌ منداڵیدا چیرۆكێكی ناخۆشی بۆ دێته‌ پێشێ ده‌بێته‌ مرۆڤێكی دووره‌خراو، ته‌نیا و دووره‌په‌رێز، ئه‌و له‌ سرووشتی كێویی و له‌ نێوان شاخه‌كانی كوردستاندا به‌ شوێن پیاوێكی ونبوودا ده‌گه‌ڕێت.

"به‌تین قوبادی" ساڵی 1979 له‌ شاری بانه‌ له‌ دایك بووه‌.ساڵی 1995 به‌ شێوه‌كاری چووه‌ دنیای هونه‌ره‌وه‌ و

ساڵی 1997 به‌ سازكردنی كورته‌ فیلمی "شێوه‌كاری" بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی سنه‌ ده‌ستی به‌ چالاكی فیلمسازی كرد.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ تا ئێستا 6 كورته‌ فیلمی چیرۆكی سازكردووه‌، له‌وانه‌: كورته‌ فیلمی "شێوه‌كاری"، كورته‌ فیلمی "حه‌تمه‌ن ئه‌مڕۆ" له‌ ساڵی 1997، كورته‌ فیلمی "لێره‌ ئانتین نادات" له‌ ساڵی 1998، كورته‌ فیلمی "سه‌ربازێك كه‌ شكا" له‌ ساڵی 2000، كورته‌ فیلمی "ئاماده‌ بۆ مردن" له‌ ساڵی 2008 و هه‌روه‌ها كورته‌ فیلمی "له‌ با بپرسن" له‌ ساڵی 2009.

به‌تین له‌ ته‌مه‌نی 23 ساڵیدا بۆ كامڵبوونی چالاكییه‌ سینه‌ماییه‌كانی خۆی به‌ره‌و پاریس سه‌فه‌ری كرد و ئه‌م شاره‌ی وه‌كوو زانكۆیه‌ك هه‌ڵبژارد.ئه‌و چه‌ندین كورته‌ فیلمی له‌ فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا سازكرد.ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "له‌ با بپرس" توانی خه‌ڵاتی ورچی بلۆرینی شه‌سته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی به‌ڕڵین له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا بۆ خۆی مسۆگر بكات.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.tiff.net/festivals/thefestival/programmes/discovery/mardan

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.