له‌رۆژی پێنج شه‌مه‌ی رابردووه‌وه‌ پێدانی پاره‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیاران ده‌ستی پێكردووه‌و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌، هاوكات چه‌كێكی نوێی پاره‌ی گه‌نم گه‌شتووه‌ته‌ سلێمانی.

له‌رۆژی پێنج شه‌مه‌ (28/8) وه‌ له‌ بانكی بابان له‌ شاری سلێمانی پێدانی پاره‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیاران ده‌ستی پێكردووه‌ و بانكه‌كه‌ رۆژانه‌ 100-150 چه‌ك خه‌رج ده‌كات.

هاوكات بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی بنكه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی لی بووه‌، هه‌ر له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیان جوتیاران ده‌توانن سه‌ردانی بنكه‌كان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك و پێدانی پاره‌كانیان له‌ بانكه‌كانی ناوچه‌كه‌یان.

ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ پارێزگای سلێمانی له‌ 5ی حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوو و پێدانی پاره‌ی جوتیارانیش به‌پێی ریزبه‌ندی كاتی وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كه‌یه‌ له‌ جوتیاران، واته‌ به‌پێی ریزبه‌ندی رۆژ و سه‌عاتی وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كه‌ جوتیار چه‌كه‌كه‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێش و دوا ناخرێت و هه‌ر جوتیارێكیش سكاڵای له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌ی هه‌بوو ده‌توانێت په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌كانی سكاڵاوه‌ بكات كه‌ ژماره‌كانیان له‌ بنكه‌كان هه‌ڵواسراوه‌

به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیاران له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی 221 هه‌زار ته‌نی تێپه‌راندووه‌، كه‌ به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رهه‌می ساڵی پار زیاتره‌.

پاره‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیاران ساڵانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ دابین ده‌كرێت له‌ئێستاشدا چه‌كێكی ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ بڕی 12 ملیارد و 200 ملیون دینار بۆ ئه‌و جوتیارانه‌ خه‌رج ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نم تا 5ی ته‌موز گه‌نمیان لی وه‌رگیراوه‌

هاوكات چه‌كێكی تری پاره‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیاران گه‌شتووه‌ته‌ سلێمانی كه‌ بڕه‌كه‌ی 12ملیارد و 700 ملیونه‌و بریاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا و دوای خه‌رجكردنی چه‌كی یه‌كه‌م ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش بدرێت به‌ جوتیاران.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.