حكومه‌تی بریتانیا له‌ رێگه‌ی ده‌سته‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بریتانیه‌وه‌، 13 ملیون پاوه‌ن ته‌رخان ده‌كات بۆ ئاواره‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان.

ڕۆژی 21ی ئابی 2014، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌ دوو راوێژكاری ده‌سته‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بریتانیا، كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌ باره‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌ سلێمانین.

راوێژكارانی ده‌سته‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی بریتانی رایانگه‌یاند، حكومه‌تی بریتانیا بڕی 13 ملیون پاونی ته‌رخانكردووه‌ بۆ هاوكاری ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر راسپارده‌ی ده‌سته‌كه‌ش ئه‌وان هاتوون بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشی ئاواره‌كان و پێویسته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانیان.

راشیانگه‌ند له‌ ژێر رۆشنای ئه‌و راپۆرته‌دا ده‌سته‌كه‌یان ئه‌و بودجه‌ ته‌رخانكراوه‌ له‌و بوارانه‌ی كه‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان هه‌یه‌ و پێویستن بۆ ئاواره‌كان خه‌رج ده‌كات.

له‌به‌رامبه‌ردا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی حكومه‌تی بریتانیاو ده‌سته‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بریتانی كرد بۆ هاوكاری و پێشتوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هاوكاری كردنی ئاواره‌كان و ته‌رخانكردنی ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ بۆ ئاواره‌كان.

پارێزگار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد ئاواره‌كان پێویستیان به‌ كه‌مپ هه‌یه‌ له‌به‌ر زۆری ژماره‌یان و نه‌بوونی كه‌مپی پێویست زۆربه‌یان له‌ خوێندنگه‌كاندا نیشته‌جی كراون، له‌ كاتێكدا وه‌رزی بارانبارین و خوێندن نزیك بووه‌ته‌وه‌و نه‌بوونی كه‌مپ كێشه‌ی زۆر بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و خوێندكاران و ئاواره‌كانیش دروست ده‌كات.

پارێزگار وتیشی: رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووكان كه‌ دروست كردنی كه‌مپه‌كانیان گرتووته‌ ئه‌ستۆ رۆتیناتیان زۆره‌و كاره‌كانیان به‌ خاوی ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ داوای له‌ ده‌سته‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی بریتانیا كرد گرنگی به‌ كردنه‌وه‌ی كه‌مپ بده‌ن و هه‌وڵ بده‌ن به‌ زووترین كات كه‌مپه‌ نوێكان ته‌واو ببن.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.