له‌ هه‌ڵمه‌تێكی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و هێزه‌كانی پۆلیسدا له‌ شاری سلێمانی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو سواڵكه‌ر ده‌ستگیر كران و بڕیاره‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام بێت تا ئه‌و كاته‌ی دیارده‌كه‌ بنه‌بڕده‌كرێت،

به‌مه‌به‌ستی رێگری كردن له‌ سواڵكردن و بنه‌بڕكردنی دیارده‌كه‌ له‌ شاری سلێمانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22/8، له‌سه‌ر فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوو بۆ ده‌ستگیركردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌رقاڵی سواڵكردنن،

له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیدا كه‌ به‌هاوكاری هێزه‌كانی پۆلیس و كارمه‌ندانی هاتووچۆ به‌ڕێوه‌چوو له‌ مزگه‌وت و شه‌قامه‌كانی شاری سلێمانیدا ژماره‌یه‌كی زۆر سواڵكه‌ر ده‌ستگیر كران و بۆ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵیان ره‌وانه‌ی بنكه‌كانی پۆلیس كران و بڕیاره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واویان له‌گه‌ڵدا بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ژاری پاڵنه‌ریان بووه‌ بۆ سواڵكردن له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هاوكاریان بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ سواڵكردنیان كردووه‌ به‌ پیشه‌ بۆ په‌یداكردنی پاره‌ لێپرسینه‌وه‌ی توندیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان پێ نه‌درێت جارێكی تر سواڵ بكه‌ن و به‌ڵێننامه‌ش به‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ پڕبكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیر كراون،

له‌و باره‌یه‌وه‌ سۆران عه‌بدولغه‌فور سه‌رۆكی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا زیاتر له‌ 20 سواڵكه‌ریان ده‌ستگیر كردووه‌ و له‌سه‌ر فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ده‌ستگیركردنی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سواڵده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ بنه‌بڕكردنی دیارده‌كه‌ له‌ شاری سلێمانی

راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی