دەستەی سەرپەرشتیاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، رۆژی شەممە ٢٣ی ئابی 2014, كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە دەچێت.داوایش لە كوردستانیانی سەرتاسەری جیهان دەكات بە چالاكیی جۆراوجۆر بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا بكەن، چونكە بە وتەی ئەوان، ئەم دەرفەتەی بۆ گەلی كوردستان هاتووەتە پێشەوە، دەرفەتی سەدەیە.

دەستەی سەرپەرشتیاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا وێڕای دیاریكردنی وادەی سازدانی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان، دەڵێت: داوا لە هەموو لایەك دەكەین بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە، چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، تاكو دەوڵەتانی دنیا و بڕیاربەدەستان لەوە تێبگەن كە پرسی سەربەخۆیی، داخوازیی جەماوەر و خەڵكی كوردستانە.

ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:

بەیاننامەی دەستەی سەرپەرشتیاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان

جەماوەری تینووی سەربەخۆیی كوردستان..چاوەڕوانانی دەوڵەتی كوردستان، گەنجانی خوێنگەرمی كوردستان، سەرجەم چینوتوێژەكان، حیزبە تێكۆشەرەكانی كوردستان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی..سڵاوی ڕزگاریی یەكجاری و هاتنەدیی خەونی دووهەزار ساڵی نەتەوەیەكی ٤٠ ملیۆنیتان لێ بێت..

وەك ئاشكرایە ماوەیەكی زۆرە كار بۆ ئامادەكرنی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە هەموو پارێزگاگانی هەرێمی كوردستان و چەند دەوڵەتێكی ئەورووپا دەكەین.لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیەنین، رۆژی شەممە ٢٣ی ئابی 2014, كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە دەبەین.

داواكارین لە هەموو لایەك بەشداریی ئەم كەرنەڤاڵە بكەن و پشتیوانی بن.بۆ گەلی كوردستان ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێشەوە، دەرفەتی سەدەیە..ئەگەر لە دەستی بدەین، چی وەڵامی نەوەكانی داهاتوو بدەینەوە؟ چی بە مێژوو بڵێین؟

داوا لە هەموو لایەك دەكەین بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە، بەوپەڕی دڵگەرمی و ئومێدەوە، چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، تاكو دەوڵەتانی دنیا و بڕیاربەدەستان لەوە تێبگەن كە پرسی سەربەخۆیی، داخوازیی جەماوەر و خەڵكی كوردستانە.گەر وا بكەین، كە داخوازیی سەربەخۆیی وەك داوای بنەڕەتیی خەڵك بە گوێی هەموو دنیادا بدەین، ئەوانیش ڕێز لە ڕای ملیۆنان كوردی سەرتاسەری زەوی دەگرن.

چاوەڕوانی هیممەتی ئێوەین كە گوێچكەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان سیخناخ بكەین بە هاواری (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) بژی دەوڵەتی كوردستان..كە دەوڵەتی مافەكان و دیموكراسیی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت.

دەستەی سەرپەرشتیاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان ٤/٨/٢٠١٤