فیلمه‌ نوێیه‌كه‌ی سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" به‌شداری له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی 71ـیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا ده‌كات.

فیلمی "چاو له‌ سه‌رێی بكه‌" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" Words With Gods له‌ به‌رهه‌مهێنانی "ئالێكس گارسیا"Alex Garcia و "گیلێرمۆ ئاریێگا" Guillermo Arriaga و به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" Peter Gabriel به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كاتژمێر 30/2 ڕۆژی 30ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ میانه‌ی حه‌فتا و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایش ده‌كرێت.

له‌ لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" ته‌نیا یه‌ك ده‌رهێنه‌ر بۆ سازكردنی به‌شی "ئیسلام" له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌ستنیشانكرابوو كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ ئاراسته‌ی "به‌همه‌ن قوبادی" كرا و به‌شی "ئیسلام" له‌ لایه‌ن ئه‌م سینه‌ماكاره‌ به‌ئه‌زموونه‌ كورده‌وه‌ به‌ ناوی "چاو له‌ سه‌رێی بكه‌" له‌ شاری ماڕدین له‌ باكووری كوردستان وێنه‌گیراوه‌ و موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" ئاوازدانه‌ری بۆ ئه‌نجامداوه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ ئاماده‌ی نمایش بووه‌ و له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا نمایش ده‌كرێت.

ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ی "به‌همه‌ن قوبادی" له‌گه‌ڵ 8 فیلمی دیكه‌ له‌ سینه‌ماكارانی ناودار و به‌ئه‌زموونی سینه‌مای جیهان كه‌ هه‌ر كام له‌سه‌ر دینێك به‌ ناوه‌رۆكی خودا و ئایین فیلمێكیان سازكردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" له‌م فیستیڤاڵه‌دا نمایش ده‌كرێن، كه‌ بریتین له‌: فیلمی "ژیانی ئێمه‌" Nuestra vida له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری سیربی "ئه‌میر كۆستاریسكا" Emir Kusturica، فیلمی "دژوار" Sufrimientos له‌ ده‌رهێنانی فیلمسازی ژاپۆنی "هایدۆ ناكاتا" Hideo Nakata، فیلمی "خوێن له‌ خودا" La sangre de Dios له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری مه‌كزیكی "گیلێرمۆ ئاریێگا" Guillermo Arriaga، فیلمی "ماڵی خودا" Habitación de Dios له‌ ده‌رهێنانی فیلمسازی هێندستانی خاتوو "میرا نایێر" Mira Nair، فیلمی "خودا واقعییه‌كان" Dioses verdaderos له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ئوستوڕاڵی "وارویك تۆرنتۆن" Warwick Thornton، فیلمی "ئه‌و له‌ ئامووس ژووری گرت" El libro de Amos له‌ ده‌رهێنانی فیلمسازی به‌ناوبانگ "ئامووس گیتای" Amos Gitai، فیلمی "پیاوێك كه‌ مراوێكی دزی" El hombre que robó un pato له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری بڕازیلی ـ ئه‌ڕژه‌نتینی "هیكتۆر بابێنجۆ" Héctor Babenco و فیلمی "دان پێدانان" La confesión له‌ ده‌رهێنانی فیلمسازی ئیسپانی "ئالێكس دێ لا ئێگلێسیا" Álex de la Iglesia.

ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ فیلمه‌ 9 ئێپیزۆدییه‌ كه‌ ناوه‌رۆكییه‌كی عێرفانی و ئاشتی خوازانه‌یان هه‌یه‌، چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان

له‌ چوارچێوه‌ی كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كان به‌ وه‌رگرتن و تێگه‌یشتنی ئه‌م سینه‌ماكارانه‌ی سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ خودا نیشانی بینه‌ر ده‌دات.

71ـیه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا به‌ به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی، به‌شی پێشبڕكێی "ئاسۆكان"، به‌شی "حه‌وتووی ڕخنه‌گران"، به‌شی سه‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی و چه‌ندین به‌شی دیكه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی "ئالبێرتۆ باربێرا" و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی سینه‌مای جیهان له‌ ڕۆژانی 27ی ئاب / ئۆگۆست تا 6ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری مێژوویی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" دوای سازكردنی 5 فیلمی بڵندی سینه‌مایی و كۆمه‌ڵێك كورته‌ فیلمی چیرۆكی و دیكۆمێنتاری، ئێستا سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی خۆیه‌تیی كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌ وێنه‌گرتنی ده‌كات.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.labiennale.org/en/cinema/71st-festival/line-up/off-sel/out-of-competition/

http://www.imdb.com/video/withoutabox/vi3084561689?ref_=tt_pv_vi_1