فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد به‌همه‌ن قوبادی له‌ فیستیڤاڵی هونه‌ری "سپۆلێتۆ" له‌ ئیتاڵیا نمایش كرا.

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" Rhino Season دوایین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری به‌ئه‌زموونی كورد به‌همه‌ن قوبادی، دوای نمایش له‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكانی وڵاتانی جیهان و نمایش له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆری فیلم له‌ ئاستی دنیادا و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگی نێوده‌وڵه‌تیی، له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ڕۆژی 6ی ته‌مموز / یۆنیۆی 2014 به‌ ئاماده‌بوونی قوبادی له‌ به‌شی VIAGGIO IN PERSIA له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هونه‌ری "سپۆلێتۆ" Spoleto له‌ شاری ڕۆمای پایته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا.

به‌همه‌ن قوبادی دوای نمایشی پێنجه‌مین فیلمی سینه‌مایی خۆی له‌م فیستیڤاڵه‌، به‌ وردی وڵامی پرسیاری ئاماده‌بووانی ناو هۆڵی نمایشی فیلمه‌كه‌ی دایه‌وه‌.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ چه‌ندین به‌شدا و به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین میوانی تایبه‌تی ئێرانی و بیانی، له‌وانه‌: ئاوازدانه‌ر، ژه‌نیاری به‌توانای تار و مامۆستای زانكۆكانی سۆربۆنی فه‌ڕه‌نسا و تاران دكتۆر "داریووش ته‌ڵایی"، نووسه‌ری ناوداری ئێران "داریووش شایگان"، سه‌ماكاری به‌ئه‌زموونی ئێرانی "شاهرۆخ موشكین قه‌ڵه‌م" و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ری ناودار "ئادریانا ئاستی" له‌ ڕۆژانی 3 تا 7ی ته‌مموز / یۆنیۆی 2014 له‌ شاری ڕۆما له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" دوای نمایش له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌كان و نمایش له‌ سینه‌ماكانی وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا له‌ لایه‌ن ڕخنه‌گران، كارناسان و پسپۆڕانی بواری سینه‌ماوه‌ پێشوازی لێكراوه‌ و له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ گرینگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ڕخنه‌ی زۆر باشی له‌سه‌ر نووسراوه‌.

ئه‌م فیلمه‌ به‌م دوایانه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای گه‌وره‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ژاپۆنی "كۆمیستاك گرووپ" Comstuck Group له‌ سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ژاپۆن نمایش كراوه‌.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.  festivaldispoleto.  com/2014/Eventi.  asp?id_progetto=155&lang=