به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ خستنه‌ڕووی دوایین ئه‌گه‌رو پێشهاته‌كانی ره‌وشی سیاسی ئه‌مڕۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و گۆرینه‌وه‌ی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌، شاندی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ به‌ڕێزان دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گه‌یشتنه‌ ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو له‌ لایه‌ن تۆمس ۆرك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئانتۆنی گۆتفری جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واسنتۆن پێشوازیان لێكرا.

له‌ ده‌سپێكدا شاندی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌ بیانیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا به‌ مه‌به‌ستی تاوتوی كردنی رووداوه‌كان و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ڕ پرسه‌كان و بۆچونی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر گۆرانكاریه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌و چۆنیه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی تێگه‌یشتنی زیاتر بۆ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌م رووداوانه‌ی كه‌ له‌ عێراق روویان داوه‌. ئه‌ویش به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئاراسته‌ی ئاینده‌ی عێراق و رووبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئه‌م گۆرانكاریانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌م له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و ململانێی تایفه‌گه‌ری ته‌وه‌رێكی تری باسه‌كان بوون كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌ هه‌مان رۆژدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراودا كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی ده‌زگای هزری (ئه‌تله‌نتك كاونسڵ) كه‌ له‌ میوانانی به‌شداربوو پێكهاتبوون له‌ شاره‌زایانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و له‌ بواری ستراتیژی و ئاسایش و سه‌ربازی. تیشیك خرایه‌ سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رپابوونی ئه‌م باروودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق و هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی دروستبوونی و هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی عیراق و ناوچه‌كه‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

ته‌وه‌رێكی باسه‌كانیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها باس له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ولاتانی دراوسێ و كۆمه‌لگه‌ی نێوده‌وله‌تی كرا.

هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ عیراق بۆته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕو ململانێی سه‌ربازی و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ناوچاه‌كانی دیكه‌و ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی ناوچه‌كان.

له‌ كۆتایدا به‌شداربووان ستایشی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ راگرتی ئارامی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و له‌خۆگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رزنرخاند.

شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ نیازن چه‌ندین دیدارو كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئیداره‌ ئه‌مه‌ریكا و دامه‌زراوه‌ هزریه‌كان و رۆنامه‌وانیه‌كان ئه‌نجام بده‌ن بۆ خستنه‌ڕووی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر ئه‌مڕۆی عێراق و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا.