هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و ئازربایجانی رۆژئاوا، ته‌ئكید له‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بارزگانی و رۆشنبیری و كلتورییه‌كانی نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌رێگه‌ی واژۆكردنی رێكه‌وتننامه‌یه‌كی لێكگه‌یشتنه‌وه‌ مكانیزمی گه‌شه‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ داده‌رێژن.

ئه‌مرۆ 9ی حوزه‌یرانی 2014، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی، پێشوازی كرد له‌ قوربان عه‌لی سعاده‌ت پارێزگاری پارێزگای ئازربایجانی خۆرئاوا له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و وه‌فدێكی هاوڕێی كه‌ پێكهاتبوون له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌و نوێنه‌ری شاره‌كانی سه‌رده‌شت و پیرانشار له‌ په‌رله‌مانی ئێران و سه‌رۆكی زانكۆكانی ئورمییه‌ و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی.

له‌دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك قائیمقامی قه‌ڵادزی و سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی و یه‌كێتی هه‌نارده‌و هاورده‌كارانی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی سلێمانی ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوو لا گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی و گه‌شتیاری و رۆشنبیری و كلتورییه‌كانی نێوانیان.

ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی دیداره‌كه‌ش گه‌شه‌پێدانی خاڵی سنوری كێلی بوو كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگاوه‌، له‌نێوان شاری قه‌ڵادزی و سه‌رده‌شت.

له‌و رووه‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ گرنگی زۆری بۆ ئیداره‌ی راپه‌ڕین و پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوا هه‌یه‌و ئێمه‌ پابه‌ندین به‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ گه‌شه‌پێبده‌ین و سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی تێدا دابمه‌زرێنین كه‌ پێویسته‌ له‌ مه‌رزه‌كاندا هه‌بن.

پارێزگار وتیشی: ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و قیركردنی رێگه‌ی مه‌رزه‌كه‌ خراوه‌ته‌ پلانی 2014 وه‌ به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ دواكه‌وتووه‌.

پارێزگار ته‌ئكیدی له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه‌ بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خرایه‌روو ساڵانه‌ نزیكه‌ی بایی 50-80 ملیون دۆلار ئاڵوگۆڕ له‌ مه‌رزه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ی مینه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزاری بۆ مه‌رزه‌كه‌ جی به‌جی بكرێت.

هه‌ر له‌باره‌ی مه‌رزه‌كه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌وردی گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كانی مه‌رزه‌كه‌ كراو بریار له‌سه‌ر دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنیان درا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕ و په‌یوه‌ندی له‌بواره‌كانی پزیشكی و خوێندنی باڵا و پیشه‌ده‌ستییه‌كاندا گفتوگۆ كراو هه‌ردوو لا هاوڕا بوون له‌ جگه‌له‌ بواری بازرگانی گه‌شه‌ به‌په‌ویوه‌ندییه‌كانیان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی تریشدا بده‌ن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بریاره‌ هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و ئازربایجانی رۆژئاوا رێكه‌وتنێكی لێكگه‌یشتن واژۆ بكه‌ن بۆ دانانی میكانیزمێكی روون بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لا.