به‌ ئامانجی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و بازرگانی و كلتورییه‌كانیان، هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و مازنده‌ران یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان واژۆكرد.

له‌ یاداشت نامه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ 25ی ئایاری 2014 له‌ سلێمانی له‌ لایه‌ن جێگری پارێزگاری سلێمانی عومه‌ر قه‌ڵادزێی و جێگری پارێزگاری مازنده‌ران عه‌لی حیسامی واژۆ كرا، دوو پارێزگا له‌ چه‌ندین بواری جیاوازداپشتیوانیان له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كردووه‌.

به‌پێی یاداشتنامه‌ی لێكگه‌یشتنه‌كه‌ هه‌ردوو پارێزگا له‌ بواری پێشكه‌شكردنی حزمه‌تگوزاری هونه‌ری و ئه‌ندازیاری و پیشه‌سازی و كانزاگه‌ری و كشوكاڵیدا په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها یاداشتنامه‌كه‌ ته‌ئكید هاوكاری هه‌ردوو پارێزگا ده‌كات له‌ بواره‌كانی كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگای بازرگانی و ئاڵوگۆڕی وه‌فدی پسپۆڕ و هاندان و پیشتیوانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ردوو پارێزگادا.

له‌به‌شێكی تری یاداشتنامه‌كه‌ی نێوان پارێزگای سلێمانی و مازنده‌ران، پشتیوانی له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌ بواری رۆشنبیری و گه‌شتیاریدا په‌سه‌ند كراوه‌.