مه‌م و زین به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین داستان و به‌ناوبانگترین عاشقه‌كانی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت. به‌یانی دووشه‌ممه‌ 12ی ئایار له‌ پاركی شانه‌ده‌ر به‌ نمایشێكی شانۆیی و هه‌ڵپه‌ڕكێ پێشكه‌ش ده‌كرێت، كه‌ به‌ شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و دیارترین ئه‌كته‌رانی شاری هه‌ولێریش ڕۆڵی تێدا ده‌بینن.

هیوا سوعاد ده‌رهێنه‌ری شانۆگه‌ریه‌كه‌ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیدا گوتی: دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی مانگێك خه‌ریكی پرۆڤه‌كردن بووین. به‌یانی دووشه‌ممه‌ 12ی ئایار، كاتژمێر 9ی شه‌و له‌ ناو پاركی شانه‌ده‌ر نمایش ده‌كرێت. به‌ شێوازی گۆرانی و تیپی هونه‌ره‌ میللیه‌كان به‌شدارن و چه‌ند حه‌یران و لاوك ده‌گوترێ. هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌مان شوێن له‌ 13 و 14 ئایار.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌به‌ستیان له‌م نمایشه‌ گوتی: مه‌به‌ستمان له‌ پاركی شانه‌ده‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ مه‌به‌ستمان نیه‌ شانۆگه‌رییه‌كی سه‌ر شه‌قام بكه‌ین به‌ڵكو ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی دێن بۆ پارك، ئه‌وان له‌وێوه‌ ئه‌و داستانه‌ ببینن و سه‌یری بكه‌ن، ده‌مانه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی تازه‌ نمایشی بكه‌ین.