پارێزگای سلێمانی، 30%ی هەموو پیشەسازی عیراقی لە خۆی گرتووە، لە رێگەی وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەك كارگەی گەورە لە پارێزگاكەدا كراونەوە كە لە بەرهەم و قەبارەدا لە سەر ئاستی عیراق و ناوچەكە دەگمەنن.

چەندین كارگەی گەورەش لە ئاستی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پارێزگای سلێمانیدا دروست كراون و لە ئەم ساڵدا هەندێكیان بەرهەمەكانیان دەكەوێتە بازارەكانەوە.

كارگەی ئاسن و پۆڵای ماس، یەكێكە لە كارگە گەورەكانی بواری بەرهەمێنانی ئاس و پۆڵا، ئەم كارگەیە دەكەوێـتە ناوچەی بازیان لە شاری سلێمانی و بە گەورەترین كارگەی ئاسن پۆڵا دادنرێت لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە رووی رووبەر و جۆری تەكنۆلۆژیای بەكارهاتوو تیدا.

كارگەی ئاسن و پۆڵای ماس، ئێستا هێڵی یەكەمی بەرهەمهێنانی نزیك بووتەوە لە تەواو بوون و بریارە مانگی ئابی داهاتوو دەست بكات بە بەرهەمهێنان.

بڕی تێچوونی سەرجەم كارگەكە دەخەمڵێندرێت بە زیاتر لە ملیاردێك دۆلار و تا ئێستا نزیكە 500 ملیون دۆلاری تێدا خەرج كراوە.

كارگەكە لە قۆناغی بەرهەمهێناندا ساڵانە بڕی یەك ملیون 250 هەزار تەن ئاسن بە قاڵبی جۆراو جۆر بەرهەمدەهێنێت.

كارگەكە بۆ دەستەبەركردنی كەرەستەی خاو، لەسەرەتاوە پشت بە ئاسنی بەكارهاتوو دەبەستێت و دواتر لە خۆڵی ئاسن بەكاردەهێنێت بۆ دەستەبەركردنی ئاسن

هەروەك كارگەكە نزیكەی هەزار هەلی كار دەستەبەر دەكات.

لە چوار ساڵی رابردوودا وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی ، بە تایبەت لە كەرتەكانی نا نیشتەجێ‌ بوون، گەشەكردنێكی زۆری بە خۆیەوە دیووەو تەنیا ساڵی 2013 وەبەرهێنان لە سلێمانی ریكۆردێكی نوێی تۆمار كرد و بەبڕی زیاتر لە 5 ملیارد و 50 ملیون دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە.