کوردستان بوەتە مەیدانێکی شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژ بەداعش بەڵام ڕێڕەو وئایندەی ئەم شەڕە نەبەدەست خەڵکی کوردستانە و نە یەکێتی وپارتیش چارەنوسی شەڕەکەیان بەدەستە. ئاشکرایە دەور و سیاسەتی یەکێتی و پارتی پاشکۆی سیاسەتی باڵادەستی ئەمریکا و یاریکردن لەسەر پەتی شەڕی دوو قوتبی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە کە لایەکی ئێرانە ولاکەی تری تورکیا وسعودیە و خلیجە. ئەوەی وا دەکا خەبات و بەرگری جەماوەری ببێتە هێزێکی سەربەخۆ وکاریگەر لەم شەڕەدا بونی سیاسەت و ستراتیژیەکی ڕۆشنە لەلایەن ئەو هێزانەی دەیانەوێ ئایندەیەکی جیاواز لە سیاسەتی یەکێتی وپارتی بەدی بێنن .

سیاسەتی یەکێتی وپارتی لە شەڕی داعشدا

وێناکردنی داعش وەک گروپێکی توندڕەوی ئینسان کوژ کەدەبێ شەڕیان لەدژ بکرێ هەموو سیاسەتی ڕاگەیەندراوی یەکێتی وپارتیە. بەڵام سیاسەتی ڕانەگەیەندراوی ئەم دوو هێزە خۆی لە هەڵوێست و تاکتیک و پەیوەندیەکانیان بە لایەنەکانی بەرەی شەڕی داعشەوە دەردەخا.

داعش ئێستا بوەتە بەشێک لەواقعیەتی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و نیشاندانی وەک گروپێکی توندڕەو بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیانەیە کە هۆی سەرهەڵدان ومانەوەی هێزێکی فاشستی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا کردۆتە ئەمری واقیع. ستراتیژی نادیار و چاوەڕوانی شەڕی درێژخایەنی چەند ساڵی لەگەڵ داعش و بزوتنەوەی فاشیزمی ئیسلامیدا نیشانەی ئەم واقعیەتەن. ئەم فاشیزمە ئیسلامیە لەسەر چەند تەوەرێک کاردەکا و مانەوەی خۆی لەو کێشانەدا دەبینێتەوە، کە گرنگرترینیان ئەمانەن:

یەکەم: ژینگەی داعش لەکێشەی بنبەستی سیاسی و ئابوری لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . لەلایەک دابەشکردنی ئەم ناوچەیەی بە چەند شێخنشینێک کە داهاتێکی خەیاڵی نەوت و گازیان لەبەردەستدایە بەژمارەیەکی کەمی چەند ملێونی دانیشتوانەوە و بوونی چەندین دەوڵەتی گەورەی وەک میسر و تونس و ئوردون و سوریا بەچەند سەد ملێون بێکارەوە. ئەم دابەشکردنە ئیمپریالیستیەی بازاڕی کاروسەرمایە بوەتە مایەی کەڵەکەبونی سەرمایەی نەوتی لەدەستی شاو ئەمیرەکانی کەنداو و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزانی کرێکاران و بێ مافی سیاسی و ئابوری زۆربەی دانیشتوانی هەژاری ئەم ناوچەیە لەلایەکی ترەوە. ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی لەڕێگەی کۆنترۆڵی بازاڕوقەرزدارکردنی ئەم ناوچەیە و کۆمەک بەسوپا ودەزگای جاسوسی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی و دانانی بنکەی سەربازی ئەمریکی و بەرپاکردنی دووشەڕی کەنداو و درێژەدان بەپشتیوانی داگیرکردنی فەلەستین، وەک سەرچاوەی نەهامەتیەکانی خەڵکی ئەم دەرکەوتوە و فاشیزمی ئیسلامی ئەلقاعیدە و داعش بەهەمان شێوەی نازیزمی ئەڵمانی دەتوانێ ڕێگای دەرچونی خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە لەدەست ئەمریکا و شێخنشین و دیکتاتۆرە ناسیونالیستەکان بە ئایدیۆلۆژی و بەدیلی خەلافەتی ئیسلامیەوە گرێ بدا . ٢٤ساڵی ڕابردوی مێژووی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە و سیستەمە نوێیە تاک هێزیەکەی جیهانی فاشیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی کردۆتە هێز و بزوتنەوەیەکی سیاسی لەم ناوچەیەدا کە وەک باڵێکی بورژوازی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەڵێن وبەدیلی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی کردۆتە واقعیەتێک کە شەڕێکی وەحشیانە دەکا بۆ خۆسەپاندن و قبوڵکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە.

نادیاری ماوە و ئایندەی شەڕی ئەمریکا و ستراتیژی ئۆباما دژ بەداعش لێرەدایە کە ئەمریکا بەسازان لەگەڵ باڵی ئیخوان موسلمینی ئەم فاشیزمە ئیسلامیەدا هەیە وەک لەمیسر بینیمان و ئێستا لەسوریا وەک ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو کۆمەکیان دەکا چونکە لەبەرامبەر شەۆپلی شۆڕش و بەهاری عەرەبیدا بینیمان کە چۆن ئەم بەدیلە ئیسلامیە توانای پاشەکشەی بە رادیکال بونەوەی ئەو ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە ئازادیخوازەی ئەم ووڵاتانە هەیە، بەڵام کێشەی لەگەڵ باڵی توندڕەوی ئەم بەدیلە ئیسلامیەدا هەیە کە زیانی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئێستای ئەمریکا و ناجێگیریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەکا کە لەوانەیە ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەمریکا وەک ڕوسیا وئێران سودی لێوەرگرن و باڵانسی هێز لەم ناوچەیە لەدژی ئەمریکا بچەرخێ لەکاتێکدا دوای شکستی تەجروبەی داگیرکردنی عێراق و دەستێوەردانی سوریا ئەم ئەگەرە جدی بوەتەوە.

ئەم ڕاستیانەی سەرەوە نیشانمان دەدا کە هەرچەند بۆمبارانەکانی ئەمریکا لەدژی داعش کاریگەریان هەبوە لەسەر بەرتەسکردنەوەی هێرشەکانی ئەم فاشیزمە ئیسلامیە بەڵام ستراتیژی ئەمریکا توانای شکست پێهێنانی خەتەری ئەم فاشیزمە و داعش و ئەلقاعیدە و باڵەکانی تری نیە و پاشکۆیەتی پارتی و یەکێتی بۆ ستراتیژی ئەمریکا و ملکەچکردنیان بەتەسلیم بونەوە بە پرۆسەی سیاسی شکستخواردوی عێراق و گەڕانەوە بۆ بەغداد ڕەهاکردنی چارەنوسی کوردستانە لە چاوەڕانی بێهودەی گۆدۆدا. لەم سیاسەتەی پاشکۆیەتی پارتی ویەکێتی بۆ ستراتیژی ئەمریکا لەشەڕی دژی داعشدا دیارنیە کە تاکەی دەبێ کوردستان بەشێک بێت لە عێراق و سوریا تا شەڕی داعش و ئەلقاعیدە و هێزێکی تری سونەی توندڕەو بکا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و سوریا. خەڵکی کوردستان لەم ستراتیژەی ئەمریکا گۆشتی دەمی تۆپی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە نەک هێزێک کە لەپیناو پاراستنی خۆیدا سنورەکانی لەداعش پاک بکاتەوە. دەیە و نیوێکە شەڕی دژی تیرۆریزمی ئیسلامی ئەمریکا بەرپاکراوە و هێشتا لەگەرمەیدایە بۆیە بەستنەوەی پاراستنی کوردستان بەم شەڕە درێژخایەن و نادیارەی ئەمریکاوە بەمانای قوربانی کردنی ژیان وچارەنوسی نەوەیەکی تریشە بەم شەڕە ئیمپریالیستیە نادیارە. ئەمە سیاسەتی شکستخواردوی پارتی و یەکێتیە کە شەڕی ئێستای داعش ناکاتە شەڕێک کە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە قەناعەت و بە گەرموگوڕیەوە بەشداری تێدابکا و دەبێتە شەڕێکی دیفاعی ناچاری بۆ خۆپاراستن لە فاشیزم و بەربەریەتی داعش. جیاوازی شەڕی کوبانی تائێستا لەشەڕی کوردستانی عێراق لێرەدایە کە کۆبانی نەبوەتە پاشکۆی شەڕ و سیاسەتی ئەمریکا و شەڕ دژی ئەسەد و پاراستنی یەکپارچەیی سوریا و شەڕی پاراستنی کۆبانی و چارەنوسی ئیدارە خۆجێیەکەیەتی. هەرکات کۆبانی بەسترایەوە بە سیاسەتی بەرەکانی شەڕی ناوچەکە و لەنێوان ئێران و تورکیاوە وەک کوردستانی عێراق بەکارهێنرا ئەوکات توشی هەمان چارەنوسی کوردستانی عێراق دەبێتەوە. گفتوگۆکانی ساڵح موسلیمی هاوسەرۆکی پەیەدە لەگەڵ میتی تورکیادا تائێستا دوری ئەم هێزەی لە تەسلیم بون بە پاشکۆیەتی بۆ بەشداری شەڕی وەکالەتی دووقوتبی ناوچەکە نیشان دەدا و ئەمە ورەی بەرگری جەماوەری لەم شارەدا ڕاگرتوە.

دووەم: داعش، بارمتەگیریشەڕی قوتبە ناوچەییەکان لە ناجێگیری هێزهاوسەنگی جیهانیدا.

دوای دوودەیە لە تاک جەمسەری ئەمریکا و هەوڵی سەپاندنی سیستەمی نوێی جیهانیدا ئەمڕۆ ناجێگریەک لە هاوسەنگی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و چیندا دروست بوە. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک یەکێک لە ناوچە بورکانیە سیاسیەکان لە دوای شکستی ئەمریکا لە عێراق و سوریادا و بەهاری عەرەبیەوە ناجێگیریەکی سەرتاپاگیری بەخۆیەوە بینیوە. دوو قوتبی ناوچەیی کە لایەکیان ئێران و دەسەڵاتی شیعە لە عێراق ولوبنان و حکومەتی بەشار ئەسەد و کەمایەتیە شیعەکانی کەنداوە و لایەکەی تری سعودیە و قەتەر و میرنشینەکانی کەنداو و دەوڵەتی تورکیایە کە هەریەکەیان خەریکی هێنانەئارای سیستەمێکی نوێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خۆی لە ئیمپراتۆریەتی هیلالی شیعە، ئیمپراتۆریەتی سونەی ئۆردوگانی ئیخوانی و وەهابی دا دەبینێتەوە. ئەم ململانێیە تایتڵی شەڕی سونە و شیعەی پێدراوە تاکو بتوانێ پاساوی ئایدیۆلۆژی ئەم شەڕە ناوچەییەی پێ بکەن. عێراق و سوریا ئێستا مەیدانی یەکلاکردنەوەی ئەم شەڕە ناوچەییە و لایەنە شیعە و سونەکان لە عێراق و سوریا و لوبنان شەڕی بەوەکالەتی ئەم دوو قوتبە ناوچەییە دەکەن . دیاریکردنی چارەنوسی عێراق و سوریا بۆ هەرکام لەم دوو قوتبە دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی و ئابوری باڵادەستی و نەخشەی ئیمپراتۆریەکەیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

فاشیزمی ئیسلامی ئەلقاعیدە و داعش لە عێراق و سوریادا ئەم تایتڵی شەڕی سونە و شیعەی بەبارمتە گرتوە و خۆی کردۆتە نوێنەری بەرەی سونە دژ بەدەسەڵاتی شیعە لەناوچەکە و جیهانی عەرەبیدا. کۆمەکی ملیاردەها دۆلاری سعودیە و قەتەر و هاوکاری تورکیا بۆ پڕچەکردن و هێزکۆکردنەوە بۆ داعش لە سوریادا فرسەتی ئەوەی بەم هێزە بەخشی کە نەخشەی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بگۆڕێت بە ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراقدا . بەمەش لە ناکۆکی و شەڕی ئیمپراتۆریەتە شیعە وئیخوانی و وەهابیەکاندا ئەمڕۆ ئیمپراتۆریەتی فاشیزمی داعش دەژی و ئەو هێزەی سعودیە و قەتەر و تورکیا دژی شیعە کۆی دەکەنەوە دەبێتە سەربازی خەلافەتی داعش وەک لە عێراقدا دەیبینین کە هێزە سونەکان ئایندەی بەدەسەڵات گەیشتنی خۆیان لەمانەوەی فشاری داعش و ئەلقاعیدەدا دەبینن. هاوکات تورکیا ئایندەی خەلافەتی ئیخوانیە ئۆردوگانیەکەی لە مانەوەی داعش و باڵە ئیخوانیەکانی تری لە سوریا و میسر و تونسدا دەبینێتەوە. بۆ سعودیە مانەوەی فاشیزمی وەهابی بەشێکە لەستراتیژیەتی پاراستنی شانشینە نەوتیەکەی لەبەرامبەر خەتەری سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی بەهاری عەرەبی لە جیهانی عەرەبیدا دروستی کردوە.

سیاسەتی یەکێتی و پارتی لەم شەڕە ناوچەییەی دوو قوتبی ئێران و تورکیادا بەئاشکرا دابەشبون و پاشکۆیەتی ویاریکردنی ئەم دوو حزبە بوە لە نێوان ئەم دوو قوتبەدا . ئەم پاشکۆیەتیە بۆ ئێران و تورکیا بوەتە بەشێک لە ستراتیژی مانەوەی دەسەڵاتی ئەم دوو میلیشیا دەسەڵاتدارەی کوردستان. لە ئێستاشدا کە داعش شەڕی ئەم دوو قوتبەی لە کوردستاندا کردۆتە بەشێک لە مەیدانی ململانێی ئێران و تورکیا وسعودیە، یەکێتی شەڕی هێشتنەوەی باڵادەستی ئێران لە عێراقدا دەکا و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی کردۆتە بەرەی شەڕی ئێران دژ بەداعش و چونە شەڕی ئامرلی نیشانی دا کە ئەم شەڕە بۆ یەکێتی تەنیا شەڕی پاراستنی سنورەکانی کوردستان نیە لە داعش بەڵکو بەشداری شەڕی ئێران و شیعەی عێراقیشە دژ بە داعش. ئەمە خۆبەستنەوە و چارەنوسی کوردستان بەستنەوەیە بە شەڕی ئێران و دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لەسەر باڵادەستیان لە عێراقدا. هەرچی پارتیشە لە پاشکۆیەتی بۆ هەڵوێستی هاوکاری تورکیادا بۆ پێشڕەویەکانی داعش لە موسڵدا خەڵکی شەنگالی کردە قوربانی نائامادەییەکانی خۆی بۆ پارێزگاری لەو بەشە لە خەڵکی کوردستان کە لەژێر هەڕەشەی دڕندانەی داعشدا بون. پارتی ئێستا لە تورکیا زیاتر پاساوبۆهەلوێستی ئاشکرای تورکیا لە درێژەپێدانی پاڵپشتیە ناڕاستەوخۆکانی بۆ داعش دەکا.

لەم شەڕە ناوچەییەدا کە شەڕی دژی داعش بوەتە بەشێکی یەکێتی و پارتی ستراتیژیان دەبێ خۆبەستنەوە بێ بە یەکپارچەیی عێراق و بەشداری لە حکومەتی عێراقدا . چارەنوسی شەڕ و پێشمەرگە و چەک و پێداویستیەکانی شەڕ بەندە بە ملدانیان بە مەرجەکانی بەغداد بۆ هەناردەی نەوت و وازهێنان لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان . ئەم مەرجانە واتە بەشداری لە شەڕی نەکەوتنی حکومەتی شیعەی عێراق و هێشتنەوەی باڵای دەستی ئێراندا و پاشکۆیەتی کوردستان بۆ ئەم ستراتیژیە. ئەمە ئەگەر سیاسەتی ڕانەگەیەندراوی یەکێتی بێ لەم شەڕەدا دژی داعش و بەکوشتدانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا وەک سلیمان بەگ و ئامرلی، ئەوا بۆ پارتی سەرەڕای بەشداری لە حکومەتی عێراقدا ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی کە لەگەڵ پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتەکانی تورکیا و پشکی شێردان بە کۆمپانیا نەوتی و بازرگانیەکانی تورکیادا دێتەوە. ئاوڕنەدانەوەی تورکیا لە پارتی لە کاتی هێرشی داعشدا پارتی ڕوبەڕوی داکشانێکی مەعنەوی و سیاسی کردۆتەوە لەبەرامبەر یەکێتیدا لە شەڕی دژی داعشدا کە ئێران پشتیوانی دەکا و ترسی گۆڕینی باڵانسی هێزی بۆ پارتی دروست کرد. هاوسنوربونی پارتی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانیشدا و بونی ڕکابەری پەکەکە وایکردوە کە پارتی شەڕی داعش وەک شەڕێک بۆ سەرخۆی سەیردەکا نەک شەڕێک کە بۆ خەڵکی کوردستان پێویستە بەرەیەکی دژی داعش لە کوردستان و ڕۆژئاوا پێک بێنێ کە هاوکاری و پشتیوانی یەکتر بکەن دژی دوژمنی هاوبەش.

هەربۆیە دەبینین کە یەکێتی وپارتی لەشەڕی دژی داعشدا کێرڤی هێرش و بەرگریان بەپێی ئێران و تورکیا و شەڕە ناوچەییەکە دەچێتە پێش و هیچ ئایندە و ستراتیژیەک بۆسەرکەوتن بەسەر داعشدا دیارنیە . مانەوە لە عێراق و لە خۆبەستنەوە بە تاکتیک و سیاسەتی دەولەتەکانی ناوچەکەوە کەوتنە ناو بەرداشی شەڕی دژی داعشە لەلایەک، وەک بەشێک لە شەڕی دژی سونە لەعێراقدا و لەلایەکی تریشەوە شەڕی دژی حکومەتی شیعەیە کە تورکیا لە بەرامبەر ڕێگاکردنەوە بۆ ناردنی نەوت و بازرگانیکردن لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بەکاری دێنێ.

ستراتیژی شەڕی دژی داعش تاکو پەیوەست بێ بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و پرۆسەی بەناو دیموکراتی ئەمریکا لە عێراق و ڕیگرتن لە کەوتنی حکومەتی شیعە و مانەوە لەبازنەی بەتاڵی شەڕی سونە و شیعەدا و پاشکۆیەتی بۆ شەڕی ئێران و تورکیا بێ لە عێراق و سوریادا ئەوا ئایندەیەکی نابێ و خەتەری سەرهەڵدانەوەی داعش و ئەلقاعیدە و هەر هێزێکی تری فاشیزمی ئیسلامی سونە یان شیعە هەیە کە کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و مەیدانی شەڕی ناوچەکە پەلاماربدەن. دەرچوون لەم شەڕە و شکست پێهێنانی داعش و فاشیزمی ئیسلامی لە کوردستاندا لە دەرچون لە بازنەی شەڕی شیعەو سونە لە عێراق و دوو قوتبی ئێران و تورکیادایە. ئەم سیاسەتە ستراتیژی شەڕی دژی داعش دەکاتە پاراستنی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە داعش و لایەنەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستە ئیسلامیانەی عێراق و ناوچەکە.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.