لە ڕۆژانی "3 و 4 و 5"ی نیسانی 2014 و لە ژێر فشاری مەسعود بارزانی‌دا چوار حیزب بە ناوەکانی :- پارتی دیموکراتی کوردی سوریا "الپارتی"(بە سەرۆکایەتی عبد الحکیم بەشار) - پارتی ئازادی کوردی سوریا(بە سەرۆکایەتی مستەفا جومعە) – پارتی ئازادی کوردی سوریا(بە سەرۆکایەتی مستەفا ئۆسێ) - یەکێتی کوردستانی(بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم برۆ) یەکیان گرت بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا.بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=14011&niviskar=548&cure=3&kijan=

لە ڕابردوودا "الپارتی" بریتی بوو لە باڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سێ پارتەکەی دیکەش دوژمن بە الپارتی و موچەخۆری بارزانیش بوون .هۆی کۆکردنەوەی ئەم چوار حیزبە لە چوارچێوەی یەک حیزبدا بۆ خزمەتی دۆزی کورد نییە لە ڕۆژئاوادا بەڵکو بۆ ئەوەیە تاکو ببنە هێزێک لە بەرامبەر پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە"دا، تاکو بەو یەکگرتنەیان هەم ببنە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنەکانی ئەو حیزبە و هەم ببنە ڕێگریش لەبەردەم سەقامگیری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا .

تا چەند ئەم پیلانەی مەسعود بارزانی سەرکەوتوو دەبێت جێگەی ئەم باسە نییە، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژی ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی .بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە پەیوەستە بە ژیانی بەرپرسانی هەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانیەوە .چونکە من لەو باوەڕەدا نیم سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕێگە بەوە بدات لە نێو باڵەکەی خۆیدا کەسانێک هەبن کە خاوەنی کوتلەی خۆیان و تەنانەت خاوەنی کەسایەتی خۆیشیان بن .

بۆ نموونە :- لە ساڵی 1993دا یەکگرتنێک لە باشووری کوردستان ڕوویدا لە نێوان چوار حیزب کە بریتی بوون لە :- پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق(بارزانی) – حیزبی سۆسیالیستی کوردستان(حسک) – پارتی سۆسیالیستی کورد(پاسۆک) – پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان(پارتی گەل)، لە ئەنجامی ئەم یەکگرتنەدا پارتی تازە بەرهام هاتوو ناوی لێنرا "پارتی دیموکراتی کوردستان-یەکگرتوو" و مەسعود بارزانیش بوویە سەرۆکی .

ئەم حیزبە تازە پێکهاتووە لە زۆر بارەوە ببوویە ژانە سەر بۆ بارزانی، چونکە لە لایەکەوە بەرپرسانی هەر سێ حیزبی(حسک و پاسۆک و پارتی گەل) خاوەنی پێگە و کوتلەی خۆیان بوون لە نێو حیزبی تازە پێکهاتوودا بە تایبەت(سامی عبد الرحمن و سەعد عەبدوڵا)، لە لایەکی دیکەشەوە هەم ناوی یەکگرتوو ببوویە بەڵایەک بۆ پارتیەکان و هەم بەرواری دامەزراندنی پارتیش کەوتبوویە ژێر پرسیارەوە .

کات هات و چوو، تا لە ڕۆژی جەژندا تەواوی بەرپرسە کاریگەرەکانی پارتی گەل و (هەردوو سۆسیالیست) لە وێنەی سامی عبد الرحمن و سەعد عەبدوڵا بۆ جەژنە پیرۆزە کۆکرانەوە و بە قودرەتی قادر تیرۆریستێک خۆی گەیاندە ناویان و سەرجەمیانی کوشت بەبێ ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا تەنها یەک کەس لە پارتەکەی بارزانی برینداریش بوبێت .

پاش کۆمەڵ کوژی ئەم بەرپرسە کاریگەرانە، بە فەرمانی بارزانی چەند کەسێک لە خانەوادەی کوژراوەکان بەرپرسیارێتی ڕۆتینیان پێدرا کە لە ژیانیاندا نەیان زانیبوو سیاسەت چییە، وەک کردنی بەیانی کچی سامی عبدالرحمن بە نوێنەری بارزانی لە بەریتانیا و دانانی چناری کچی سەعد عەبدوڵاش بە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان .

پاش ئەم کۆمەڵکوژیە هەم بارزانی ڕزگاری بوو لە کەسانێک کە خاوەنی کوتلە و بیری جیاوازبن لە نێو حیزبەکەیدا و هەم پارتیەکانیش ڕزگاریان بوو لە پاشناوی "یەکگرتوو" و هەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتیشیان وەک سەردەمی پێش یەکگرتنەکەیان لێکردەوە، واتە (هەم ناوی پارتە نوێیەکە بوویەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتەکەش هەمان ڕێچکەی 16ی ئابی گرتەوە بەر ) .لە هەمان کاتدا لە جێگەی بەرپرسە تیاچووەکانی (هەردوو سۆسیالیست) و پارتی گەل کەسانێک دانران کە زۆربەیان بریتی بوون لە کەسە نزیکەکانی بارزانی و چەند کەسێکی دیکەشیان تەواو کۆیلە و غوڵام بوون بۆ بنەماڵە .

لە نێو ئەم پارتە تازە دامەزراوەشدا(پارتی دیموکراتی کوردساتانی سوریا)، بەرپرسەکانی هەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانی خاوەنی کوتلەی خۆیانن جیاواز لە باڵەکەی بارزانی .ئایا دەبێت چارەنووسی ئەم بەرپرسانەش هاوشێوەی چارەنووسی بەرپرسە کاریگەرەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەلی ڕابردوو بێت ؟؟؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە بۆ دوا ڕۆژ .چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە خاوەنی کۆمەڵێک بەرپرسی بازرگان و کۆمەڵە چەکدارێکی مێگەلن، کە بەرپرسەکانیان باش دەزانن بازرگانی بە چەکدارە مێگەلەکەیانەوە بکەن و زۆرترین خەرجی بۆیان وشەی "جیهادە" و دەسکەوتەکەشی ئەو پەترۆدۆلارەیە کە لە ئەنجامی پێکهاتنی بازرگانەکانی القاعیدە و سەرکردەی پارت و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان وەری دەگرن بۆ کوشتنی نەیارەکانی خۆیان لە نێو حیزب و دەوڵەتەکاندا، هەرچی چەکدارە مێگەلەکەشە کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتوون خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەک نین تەنها خەیاڵی ئەو بەهەشتە نەبێت کە لە ژیانیاندا نایبینن، واتە ئەم چەکدارە مێگەلانە چاوەڕوانی فتوای بەرپرسە بازرگانەکانیان دەکەن بۆ خۆ تەقاندنەوە، بەرپرسەکانیشیان لە چاوەڕوانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدان تاکو بکەونە معامەلەکردن بۆ زیاتر گیرفان پڕ کردن بە خوێنی ئەو مێگەلانەی کە مشتیان لە بەهەشت خۆش کردووە .

لێرەدا دوو پرسیار دەکەم بۆ دوا ڕۆژ :-

1- بۆ کوشتنی بەرپرسەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە درێژکرا بەبێ ئەوەی باس لە ئاڵو وێڵی نێوان بازرگانەکانی خوێن بکرێت، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی هاوشێوە بەرپرسەکانی "هەردوو پارتی ئازادی" و یەکێتی کوردستانی گرتەوە، دەبێت ڕاستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ هەمان ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە درێژ بکرێت یاخود وەک تەقینەوەکەی بازاڕی زاخۆ پارتێکی کوری پێ تاوانبار دەکرێت ؟

2- بە کوشتنی بەرپرسەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل مەسەلەکە دیزە بە دەرخۆنە کرا بە هێنانە پێشەوەی چەند کەسێکی سیاسەت نەزان لە خانەوادەی کوژراوەکان، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی وەها لەم پارتە تازە دامەزراوەدا ڕوویدا مەسەلەکە چۆن دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت ؟

تێبینی :-

لە پارتی تازە دامەزراودا (پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا) جێگە بە هیچ ژنێک نەدراوە، لە کاتێکدا کە دەنگی چەند ژنێکی کاندیدکراو زیاتر بووە لە دەنگی زۆربەی ئەو پیاوە کاندید کراوانەی کە بوونەتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی .کە بە باوەڕی من لەوانەیە لە پیلاندا بێت کە کەسە خاوەن پێگەکانی ئەم حیزبە تازە دامەزراوە لەناو بەرن و جێگەکانیان بە کچەکانیان پڕ بکەنەوە بۆ شوێن بزرکردنی ڕووداوێکی لەو جۆرە .بڕوانە ئەم دوو لینکەی خوارەوە :-

http://www.aranews.org/ar/report/2752-%D9%86%D8%A7%D8%B4%D8%B7%D8%A7%D8%AA-%D9%8A%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%81%D9%86-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A8%D8%B9%D8%A7%D8%AF-%D8%A7%D9%85%D8%B1%D8%A3%D8%A9-%D9%85%D9%86-%D9%82%D9%8A%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7.html

 

http://www.kobanikurd.com/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D9%85-%D8%AD%D8%B1%D9%85%D8%A7%D9%86-%D9%86%D8%AC%D8%A7%D8%AD-%D8%A7%D9%81%D9%86%D8%AF%D9%8A-%D9%85%D9%86-%D9%85%D9%86%D8%B5%D8%A8%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84/