چوارساڵ بۆ هه‌شت ساڵ حوكمرانیكردن، یه‌كێكه‌ له‌سیمای دموكراسیه‌تی هه‌ردوو حزبی كۆماری و دیموكرات كه‌سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ره‌گ و ریشه‌یه‌كی مێژویی پرهه‌ورازونشێو ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ته‌ خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ستووری تایبه‌ت به‌خۆی. ووڵاتێك به‌ناو چه‌ندین قۆناغی جۆراوجۆر تیًپه‌ڕیوه‌، له‌ كۆلۆنیالیه‌كی شانشینی یه‌كگرتوو، به‌ره‌و شۆرشكردن بۆ ئازادی، به‌ره‌ونه‌هێشتنی كۆلایه‌تی و شه‌ری ناوه‌خۆی نێوان باكوری پیشه‌سازی و باشووری تایبه‌تمه‌ند به‌ره‌واكردن وبه‌ره‌وازنینی یاسایی به‌به‌نده‌كردنی مرۆڤ. روداوه‌كان له‌و پانتایی یه‌ ده‌ورێكی بله‌زو هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌بوو له‌داڕشتنی بونیادی كه‌سێتیه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی ئینتمابوون بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌له‌سه‌رووی هه‌مووشتێكه‌وه‌بی، فره‌یی ئه‌تنی و ئایینی خاسیه‌تێكی ته‌واوكاری په‌ل هاویشتنی ئازادیه‌كه‌بوو كه‌بووبه‌هۆی كۆچكردنی به‌ لێشاوی مرۆڤه‌كان له‌ شوێنه‌كانی تر بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ بیری مرۆڤ بوونی خۆیانه‌وه‌ مه‌به‌ستیان بوو، سیسته‌م وه‌كو خۆی نه‌مایه‌وه‌ ئه‌و ووڵاته‌ له‌هزری گه‌وره‌ بوونی خۆیدا خاكی زیاتری كڕی و كۆمه‌ڵه‌ ویلایه‌تێكی تری خسته‌ سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی له‌ سێزه‌ ویلایه‌تی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی یه‌وه‌ سنووری سه‌روی په‌نجای تێپه‌راند، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخ وپێشهاته‌كان، گه‌شه‌كردنی خێرای پیشه‌سازی و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر، دیموكراسیه‌تێكی كاپیتالیزمی به‌رهه‌م هێنا جه‌وهه‌ری كه‌سه‌كان بارته‌قای توانی به‌رهه‌م هێنان كرایه‌وه‌، ئاستی بازگانی و وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی، ئیكۆنۆمی ئه‌مه‌ریكای هاوتای هه‌مووبازارو بۆرێه‌كانی جیهان كرده‌وه‌، له‌سه‌ر حسابی پابه‌ند بوون به‌یاسایه‌كی ووشك كه‌ هاوڵاتیانی مه‌جبوور به‌دانی باجی زۆرو قه‌بول كردنی بێكاری كرد، له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابردووئه‌مه‌ریكابه‌ سودمه‌ندی یه‌كه‌م له‌جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، لایه‌نه‌كانی به‌شه‌رهاتوو له‌به‌ركه‌مبونه‌وه‌ی ده‌ستی كاروكاڵاو پێداویستیه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌هه‌ڵپه‌ی مامه‌ڵه‌ی كرین وفرۆشتن بوون له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌رمایه‌داری ئه‌مه‌ریكا بووه‌ مه‌نبه‌عی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین دراوی جیهانی و دواتر شیا ته‌حه‌ككوم به‌ئابووری جیهان بكات ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هه‌رچه‌نده‌ قه‌یرانی دارایی ساڵی 1929 واڵستریت مردن و برسێتیه‌كی جیهانی به‌دواوه‌ بوو به‌هۆی ئیفلاس كردنی بانكه‌كان به‌ڵام زه‌مه‌ن بۆویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان بوه‌ كه‌فیلی ده‌سته‌به‌ری پێشكه‌وتنی ئابووری سیاسی و له‌بواری جڤاكیشه‌وه‌ هه‌نگاوی باشی هاویشت به‌وهۆیه‌وه‌ بوو به‌ناوه‌ندی بریاره‌كان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسسی گه‌لان وپرسه‌كانی مافی مرۆڤ هه‌روه‌ها خودانی پرۆژه‌ی مارشاڵ بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌وروپا دوای جه‌نگی دووه‌می گێتی. بۆزانینی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆتایی یه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م توشی ئاسته‌نگ نابینه‌وه‌ بۆ له‌قالب دانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌كانی كاتی َ هه‌ڵبژاردن به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێت، له‌وه‌ته‌ی خاڵی جه‌وهه‌ری جیۆپۆلۆتیك داهێنانێكی جیۆگرافی كردۆته‌ برابه‌شی سیاسه‌تكردن له‌دوباره‌ نه‌خشه‌ كێشانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ئاراسته‌ی دروست كردنی یه‌ك به‌ره‌یی پاش روخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌مه‌ریكا زیاتر ته‌عریفه‌ ئابوریه‌كه‌ی لاگرنگتر بووله‌وه‌ی حساب بۆخواستی گه‌لێك بكات داوای سه‌لماندنی مافه‌كانی ده‌كات له‌ناو ده‌وڵه‌تێك كه‌ خۆی ئیعترافی نه‌ته‌وه‌یی پێكردووه‌ به‌تایبه‌ت دیموكراته‌كان ئاماده‌نین سیاسه‌تی رازیكردن و چاودێری به‌ده‌ست وه‌ردانێكی پێویست بگۆرنه‌وه‌. جه‌نگی ئازادكردنی كوێت كۆماریه‌كان ئه‌نجامیان دا، كلینتۆن به‌رامبه‌ر پێشێلكاریه‌كانی عیراق واژۆی ته‌قاندنی چه‌ند رۆكێتێكی شه‌رمنانه‌ی كرد وناوی رێوی بیابانی لێنا، كه‌گوزارشتی زوو پاشه‌كشه‌كه‌ی بوو له‌بریاردان بۆ به‌كاربردنی هێز، بره‌ودان به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاو هاوپه‌یمانی ئه‌تله‌سی، كۆماریه‌كان به‌په‌رۆشه‌وه‌ به‌رامبه‌ر خواستی روسیا وه‌ستانه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی تالیبان و رێكخراوی قاعیده‌ له‌سه‌رده‌ستی بۆش بونه‌ حه‌ره‌كه‌یه‌كی ده‌ست وقاچ كراو، كوشتنی بنلادنی لی ده‌رچێت كه‌ ئۆباماو ئیداره‌كه‌ی به‌سه‌روه‌ری حوكمی خۆیانی ده‌زانن، پرۆسه‌ی ئازدكردنی عیراق هه‌مان بۆشی ناوبراو بوو روبه‌روی گشت ناره‌زایبونه‌كان بوه‌وه‌و بی دودڵی ئه‌نجامیدا لێكه‌وته‌كه‌ی بووه‌ هۆكار بۆ گۆرینی خه‌ریته‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌و بیرۆكه‌ی دارشتنی رۆژهه‌ڵاتێكی گه‌وره‌، توندكردنی فشاره‌كان بۆسه‌ر ئێران و كۆریای باكوور ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی كۆماریه‌كانه‌. كێشه‌ی دیموكراته‌كان له‌ ئه‌زموونی حوكمداریدا وێنه‌یه‌كی كۆپی كراوی كارته‌ره‌ كه‌له‌بری داگیركردنی سه‌فاره‌ته‌كه‌ی و ده‌ركردنی شای ئێرانی هاوپه‌یمانی به‌سزادانی ئابووری كۆتایی پێهێنا وه‌ك ده‌ڵێن كۆتره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشتی خوازو خوازیاری پاداشتی نۆبلن به‌ڵام بازه‌كانی له‌ده‌سه‌ڵاتدا چاوه‌روانی قوربانیه‌كان ناكه‌ن به‌ڵكو به‌ جورئه‌ته‌وه‌ بریاری قورس ده‌ده‌ن، روخانی هیواكانی كوردیش زاده‌ی تێڕوانینی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكای دیموكراته‌كان بوو له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا له‌به‌رامبه‌ر كیس نه‌چوونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌مادیه‌كانی. ئێستا ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ ئومێدی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئه‌مه‌ریكای لاتینی به‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا لاوازكردووه‌ ووایكردوه‌ باوه‌ریان به‌نیازه‌كانی نه‌بێت به‌ڵكو له‌بریدا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی به‌دیلێكی وه‌كو روسیاو چین ده‌ده‌ن. روسیا زۆرباش هه‌ڵوێستی له‌رزۆكی سه‌رده‌می ئۆبامای قۆسته‌وه‌، سه‌ره‌رای ده‌وڵه‌ته‌ پۆلیسی و هه‌واڵگریه‌كه‌ی پۆتین كه‌به‌نۆره‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و ووڵات له‌گه‌ڵ میدفیدیف ئاڵوگۆرده‌كه‌ن و مۆدیلێكی دیكتاتۆری ده‌سه‌ڵاتداری په‌یره‌و ده‌كه‌ن، له‌جۆرجیاوه‌ ده‌ستی پێكرد، كێشه‌ی بۆ ناتۆ هێنایه‌ ئارا له‌هه‌ردووسنووری پۆله‌نداوچیك، ته‌نیا هۆشداری و نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك رێگای بۆ ده‌ست وه‌ردان له‌ ئۆكراینا خۆش كردوو دورگه‌ی كریمیای به‌وووڵاته‌كه‌یه‌وه‌ لكاند، ده‌وڵه‌تانی سه‌ر حه‌وزی به‌لتیك مه‌ترسی زۆریان هه‌یه‌ به‌ده‌ردی ئۆكراینه‌كان بچن، مۆلدۆڤاو لیتوانیا له‌ دڵه‌راوكی یه‌كی زۆردان، له‌ نوێترین وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌لێت ئه‌گه‌ر روسیا زیاتر بێته‌ ناوئه‌وا سزای زیاتری ده‌ده‌ین!! دووچاری دابرانێكی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌!! پۆتین و داروده‌سته‌كه‌ی باشترین هه‌لیان بۆخۆیان ره‌خساندوه‌ كه‌به‌ هێزێكی تازه‌وه‌ روسیا بكه‌نه‌وه‌ به‌ سۆڤیه‌تێكی تر، به‌ئاره‌زوی خۆیان كارتی ئێران و سوریا به‌كارده‌هێنین، كۆماری ئیسلامی به‌نیازه‌ ده‌ كوره‌ی ئه‌تۆمی به‌درێژایی كه‌نداوی فارسی بنیات بنێت به‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌گه‌ر ئۆكراینا یه‌كێتی ئه‌وروپای نه‌بێت به‌ته‌مای دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا خاكی تریشی لی داگیرده‌كرێت و قسه‌ له‌دوای داگیركردنێك ده‌كرێت كه‌ده‌بێته‌ دیفاكتۆو ئه‌مری واقیع. كێشه‌ی كوردیش له‌به‌ره‌و پێش وه‌چوندا جیاوازی هه‌بوو كاتی كۆماریه‌كان ووڵا تیان به‌رێوه‌ده‌برد و باسی چاره‌سه‌رێكی ئاشتی به‌دینه‌هاتویان ده‌كرد كه‌پركرابوو له‌ لوغمی ته‌وقیتكراو، بۆهه‌نگاو وبازی داهاتوو كاتی بریاردان بۆ هێنانه‌دی مافی چاره‌نووس تاكه‌ بژارده‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت پێویست ده‌كات بیر له‌ئه‌مه‌ریكای كۆماریه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ بۆبه‌ده‌ست هێنانی پاڵپشتی نه‌وه‌ك ئه‌مه‌ریكای دیموكراته‌كان، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ له‌ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆماریه‌كان شكایه‌وه‌ بێگومان ئه‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ڵواسراوانه‌ی كه‌ دیموكراته‌كان داویانه‌ته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری ئه‌ندێشه‌ی ئاشتیه‌كی دوور مه‌ودا، ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌زوترین كات بیخه‌نه‌ لایه‌ك، تائه‌وكات عیراق ئاماده‌گی زیاتری له‌ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت و پێده‌چێت هه‌ڵس و كه‌وتی بگۆرێت یانیش به‌زه‌بری سیاسه‌تێكی نوی بیگۆرن، كوردیش له‌هه‌رێمێك چ فیدرالی بێت یاخود كۆنفیدراڵی ده‌بێته‌ یاریكه‌ری یه‌ده‌گ له‌گۆره‌پانی ئابوریدا كه‌ خواستی سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی جیهانیه‌ ئه‌وجار به‌ناچاری پاسێكی بۆده‌هاوێژرێت هه‌م تیمه‌كه‌ ته‌واو ده‌كات وه‌هه‌مدیسان ده‌توانێت گۆڵی خۆی تۆماربكات