به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌یه‌كی (به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌) له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات تایبه‌ت كرابوو به‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی داعش، كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵه‌ بابه‌تێكی ئایینی له‌ په‌نای باسكردنی كاره‌كانی داعش به‌ ناشیرینی‌و گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ باس باس ده‌كران، كۆمه‌ڵه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی زانایان چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ ئاست ئه‌م كاره‌ نابه‌رپرسانه‌ی، داوای لێبووردن بكات، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن پاساو بۆ ئه‌م كاره‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ دێننه‌وه‌.

لێره‌وه‌ وه‌كو یه‌كێتی زانایان ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ناڵی كوردسات به‌ كارێكی نابره‌پرسانه‌‌و دوور له‌ هه‌موو به‌هاكان ده‌زانین، چونكه‌ ئیسلام به‌شێكی سه‌ره‌كی قوربانی كاره‌كانی تیرۆریستانه‌‌و، زانایانی ئایینی له‌ سه‌نگه‌ری یه‌كه‌مدان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م فیكره‌ بۆگه‌نه‌ی دژی ئایین‌و مرۆڤایه‌تییه‌، به‌م پێیه‌ش كاره‌كه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ هه‌نگاوێكی نامه‌سئولانه‌یه‌، كه‌ وێڕای پاساو دانه‌ نه‌یارانی كورد، تیرۆرێكی فیكری گاڵته‌جاریه‌ دژی ئایینی خه‌ڵكی كوردستان‌و، سووك ته‌ماشاكردنی پێشمه‌رگه‌ ده‌ست به‌ ده‌ستنوێژه‌كانه‌، كه‌ ده‌یانبینین له‌ كاتی جه‌نگدا كرنۆشی به‌ندایه‌تی بۆ خوا ده‌به‌ن‌و، ده‌ستیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ گرتووه‌، بۆیه‌ هیوادارین له‌م كاره‌یان په‌شیمان ببنه‌وه‌‌و، چیدیكه‌ دڵی خه‌ڵكی كوردستان به‌م كارانه‌یان ئازار نه‌ده‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌خوازین ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ سیاسی نه‌كرێت‌و، هه‌مووان پێكه‌وه‌ دژی هه‌ر هه‌وڵێك ببینه‌وه که‌ پشێوی له‌ وڵات بێنێته‌وه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌میشه‌ لانكه‌ی ئارامی‌و لێبووردن‌و خۆشه‌ویستی بێتو کارێك نه‌که‌ین که‌ هیچ خزمه‌تێك به‌ گه‌ل و وڵاتمان نه‌کات.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

6/10/2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.