له‌ڕۆژانی رابردوودا پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك له‌ بناری قه‌ندیل له‌ كۆنفرانسێكی كراوه‌‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا، پرسیكۆداری دیموكراتیك یانخود هه‌مان كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شێك له‌ پڕۆژه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌، ڕاگه‌یاند. له‌م كورته‌ وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌ به‌ كورتی بپرژێمه‌ سه‌ر بنه‌ماكانی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ و ‌كۆی گشتیی ئه‌و پرسه‌ پێشنیاركراوانه‌ی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان شرۆڤه‌ بكه‌م و هۆكاری هاوده‌نگی به‌شێك له‌ پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ پێوه‌ندی به‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی سیاسیی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ئێران شی بكه‌مه‌وه.

پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك؛

كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك به‌ واتای دیموكراتیزه‌ كردنی ئێران دێت‌ و له‌و پێوه‌ندییه‌دا كورد ته‌نیا كڵاو له‌سه‌رنانی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. كۆدار ده‌توانێ مانای هه‌مان بنه‌مای به‌ فیدراڵی كردنی ئێران بگه‌یه‌نێت كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ پارته‌كانی‌ كه‌لاسیك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێیه‌‌وه‌ سه‌رقاڵن و به‌ ڕێگه‌‌چاره‌ی دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، ته‌نیا جیاوازییه‌ك كه‌‌ سیستمی فیدراڵیزم و پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك لێك جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه كه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ سیستمی فیدراڵی كه‌ به‌شێك له‌ پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان باسی ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ كه‌ ده‌توانێ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ستی ئێران چاره‌سه‌ر بكات، به‌ ڕوونی چوارچێوه‌ی جوگرافی، سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی دیاری كردووه‌، به‌ڵام یه‌كلایه‌نه‌یه‌‌ و هیچكام له‌ كه‌سایه‌تیی و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌ ڕێگای چاره‌سه‌ریی نازانن و زۆربه‌ی پارته‌كانی ئازه‌ری و عه‌ره‌ب خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی فارسیش باوه‌ڕیان پێی نییه‌ و له‌دژی جێگیربوونی سیستمی فیدراڵی له‌ ئێران ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام پڕۆژه‌ی كۆداری دیموكراتیك هه‌وڵ ده‌دات كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی جێگیربوونی سیستمی دیموكراسیی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ستبه‌ر بكات و پتر هه‌وڵی ڕێفۆرم و گۆڕانكاری له‌ سیستمی سیاسیی ئێران ده‌دات و هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگای ئێران و سیستمی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ نادات. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێپێی یاسایی بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مشتوومڕ دان.

ئه‌گه‌ر سیستمی كۆداری دیموكراتیك و سیستمی فیدراڵی پێكه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ سیستمی فیدراڵی گونجاوتره‌‌، چونكه‌ به‌ ڕوونی باس له‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كان له‌ ئێران ده‌كات، به‌ڵام پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك پڕۆژه‌یه‌كه‌ كه‌ پتر پێوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگای ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و كه‌متر باس له‌سه‌ر كوردستان ده‌كات، ئه‌و چه‌شنه‌ پڕۆژانه‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی ئێراندا چه‌ندین جار هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ و بووه‌ته‌ جێی مشتوومڕی دژبه‌ران و لایه‌نگرانی و به ‌تاییبه‌ت له‌سه‌رده‌می "مه‌شرووته"‌داباییخی زۆری پێدرا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی كوده‌تای لێكرد و تێكی شكاند. ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ورد شرۆڤه‌ی بكه‌ین، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌‌ین كه‌ پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌خاته‌گه‌ر كه‌ دیموكراسی له‌ ئێران جێگیر بكرێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كێشه‌ی كورد به‌ره‌و چاره‌سه‌رییبخاته‌ڕێ و كۆمه‌ڵێك مافی كولتووری و سیاسیی ده‌ستبه‌ر بكات، ئه‌وه‌ هه‌مان پڕۆژه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌ كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ توركیه و باكووری كوردستان‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی كۆمه‌ڵێك مافی كولتووری له‌و وڵاته‌ ده‌دات. به‌ڵام دۆخی سیاسیی ئێران و توركیه‌ جیاوازن‌، توركیه‌ پشتی به‌ "ناتۆ" به‌ستووه‌ و له‌و ئاره‌سته‌دا دژایه‌تی كورد ده‌كات، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ كێشه‌ دایه‌ و دۆخی ئابووری لاوازه‌ و كۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاته‌ش به‌ ده‌ست ئه‌و ڕژیمه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ده‌كرێ گوشاری زیاتری بخرێته‌ سه‌ر و كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌بات بكات.

خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی و فیدرالیزم چاره‌سه‌ر نین؛

به‌پێی ئه‌زموونی سیاسیی وڵاتانی فره‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌ورووپا و به‌شێك له‌ وڵاتانی دیموكرات له ئاستی‌ جیهان، سیستمی فیدراڵی و سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیك و دیموكراسی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان‌ چاره‌سه‌ر ناكات و ئه‌و كێشه‌یه‌ ته‌نیا به‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باسك له‌ ئه‌سپانیا به‌ڕێگه‌ی دیموكراسی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیك چاره‌سه‌ر نه‌كرا‌ و هه‌نووكه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، له‌ "سكۆتله‌ندیش"به‌هه‌مان چه‌شن، هه‌نووكه‌ "سكۆتله‌ندییه‌كان" داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ "بریتانیا" ده‌كه‌ن و كۆتایی به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی له‌ چوارچێوه‌ی "بریتانیا" دێنن. ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌یان ساڵه‌ ئه‌زموونی دیموكراسییان هه‌یه‌ و ڕێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و مافی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌گرن و گرینگی و باییخ به‌ كولتوور و ناسنامه‌یان ده‌ده‌ن، كه‌چی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، كه‌واتا وڵاتی ئێران كه‌ ته‌نیا یه‌ك ڕۆژیش ئه‌زموونی دیموكراسی و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ له‌ مێژوویدا نه‌بووه‌، چۆن كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌ ڕێگای جێگیربوونی دیموكراسی و سیستمی فیدراڵی چاره‌سه‌ر ده‌كات! سیستمی دیموكراسی كه‌ ته‌نانه‌ت مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد مسۆگه‌ر ناكات، پێویستی به‌سه‌دان ساڵ كات هه‌یه‌ تاكوو كولتووره‌كه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگادا جێگیر بكرێت، له‌ كولتووری دیموكرسیشدا مافی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ستبه‌ر ناكرێت، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك مافی كولتووریی و ئازادییه‌ سیاسیی و تاكه‌كه‌سییه‌كان مسۆگه‌ر و به‌رفه‌راوان ده‌كات، كه‌واتا‌ به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه به‌ڵێ ڕاسته‌ كه‌ دیموكراسی كرانه‌وه‌ی كولتووری و سیاسیی به‌ڕووی گه‌ل و وڵاتدا ده‌كاته‌وه‌ و مافی بیروڕا ده‌ربڕین بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام هاوكات كێشه‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر ناكات و بگره‌ ئاڵۆزتریشی ده‌كات. ‌

دیموكراسی پتر كێشه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ پێك دێن و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ دیكتاتۆر و تاكی هه‌لپه‌ره‌ست و ده‌سه‌ڵاتخواز ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌گرێت، یانخود ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت ئاسان لێی وه‌ربگرێته‌وه‌. سیستمی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك له‌ ئێرانی نوێدا پێك بێت و ده‌ستبه‌كار بێت كه‌ تێكڕای گه‌لانی بنده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ به‌شداری تێدابكه‌ن و بیروبۆچوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ئاره‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش و نزیك له‌یه‌ك به‌ره‌وپێش بروات و ڕای سیاسیی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و حوكوومه‌ته‌ كۆك بێت، وه‌ك ده‌سپێكی شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران كه‌ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی كورد به‌ گوڕوتینه‌وه‌ به‌شداری تێدا كرد و له‌سه‌ره‌تادا كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانله‌ ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ركه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی ڕێگه‌ی گه‌ییشتنه‌ ئاسۆی بۆخۆی بینییه‌وه‌‌، ئیتر كه‌وته‌ دژایه‌تی كردنی كورد و به‌دوای بیانوودا ده‌گه‌ڕا كه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌كاری بێنێت.

په‌یامی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك؛

په‌یامی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكه‌وێته‌وه‌ دیالۆگ‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕژیمه‌دا پێك بێت، له‌م هه‌لوومه‌رجه‌ی ئیستادا كه‌ هێزی كورد له ئه‌و په‌ڕی لاوازی خۆی دایه، ئه‌سته‌م و دژواره‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران‌ له‌گه‌ڵ كورد وتووێژ بكات، یانخود پاش ڕۆخانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شداری دامه‌زراندنی حوكوومه‌تی‌ ناوه‌ندی ئێران بكات و هه‌وڵی پێكه‌وه‌نانی وڵاتێكی پرش و بڵاو بگرێته‌ ئه‌ستۆ و هێز و وزه‌ی خۆی له‌ پێناو به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی به‌فیڕۆ بدات، دیاره‌ به‌هۆی ئه‌وه‌‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان نزیكن و ڕكێفی سیاسیی ئه‌و پارته‌ به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ هیوای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن، چونكه‌ دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و كێشه‌ی سووریه‌ و ڕۆژئاوای كوردستان وا ده‌خوازێت كه‌ ڕژیمی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان پێكه‌وه‌ ڕێكه‌ون، ئه‌گه‌ر یه‌كێ له‌و دوو پڕۆژه‌یه‌‌ كه‌ ئاماژه‌م پێداسه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یده‌بێته‌ مه‌ترسییه‌كی یه‌كجار مه‌زن بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌و چه‌شنه‌ش خه‌یاڵی ڕزگاری یه‌كجاره‌كیی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ خوێنی بۆ ده‌ده‌ن و هه‌وڵیان بۆی داوه‌ پووچ ده‌رده‌چێت و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان تووشی شڵه‌ژاوه‌یی ده‌بێت و كپ و سه‌ركووت ده‌كرێته‌وه‌‌.

دیاره‌ بۆ بزاڤی سه‌ربه‌خۆییخوازی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕوونه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌ مه‌زنه‌ نه‌بوونه‌، به‌ڵكوو پارته‌ فیدراڵیخوازه‌كانی لایه‌نگری پاراستنی جوگرافیای سیاسیی ئێران پێش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ گیرۆده‌ی بوونه‌ و ڕێی پێش و پاشیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت پێشیان خۆش نییه‌ كه‌ وڵاتێكی ده‌ره‌كیی هێرشی سه‌ربازی بكاته‌ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران، دیاره‌ فاشیسته‌كانی فارسیش حه‌زیان له‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وان بیانووی به‌جێیان هه‌یه‌ و له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ پاش ڕۆخانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و وڵاته‌‌ پارچه‌ پارچه‌ بێت و نه‌ته‌وه‌ی فارس بۆ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست بدات، به‌ڵام نازانم كه‌ هۆكاری دژایه‌تی كردنی پارته‌ فیدراڵیخوازه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ پێوه‌ندی به‌ هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌! هیوادارم‌ ئامانجی ئه‌وانیش ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ڕێ له‌ دابه‌شبوونی ئێران بگرێت.

ئه‌زموونی زیندووی باشوور و حوكوومه‌تی عێراق؛

ئه‌زموونی كورد و داگیركه‌رانی كوردستان به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ی پێشان داوه‌ كه‌ هه‌ركات داگیركه‌ر لاواز بووبێت له‌ هێز و وزه‌ی كورد بۆ به‌هێزكردنی خۆی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌ و دواتر هه‌مان هێز هێرشی بۆ سه‌ر كورد هێناوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ دوای ڕۆخانی ڕژیمی به‌عسی عێراق زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و به‌شه‌ له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق كه‌ جێی متمانه‌ بوون له‌ كورد پێك ده‌هات و به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی سپای عێراقیش كورد بوون، واتا كورد له‌ به‌هێزكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و هاوكات له‌ سه‌قامگیریی سیاسیی و پێكهێنانی حوكوومه‌تی عێراق پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت و به‌یه‌كێ له‌ كۆ‌ڵه‌كه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دابه‌شنه‌بوونی ئه‌و وڵاته‌ پێناسه‌ ده‌كرێت و تاكه‌ هێزێك بووه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ كێشه‌كانی عێراق كۆتایی پێ بهێنێت و سوونه‌ و شیعه‌ پێكه‌وه‌ ئاشت بكاته‌وه‌، هه‌نووكه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی تا ئاستێك هێزی خۆی جێگیر كردووه‌، به‌ شیعه‌ و سوونه‌وه‌ ده‌ستیان به‌دژایه‌تی كردنی كورد و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌ كورد له‌ ڕۆخانی ڕژیمی دیكتاتۆری عێراق و هاوكات له‌ بوونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێدا گێڕاوێتی و له‌ ئه‌ستۆی بووه‌ جێی باییخ و گرینگی پێدانیان نییه‌، ئیتر له‌پاش به‌هێزبوونی سپای عێراق كه‌وتنه‌ ده‌ركردنی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كانی‌ كوردله‌و سپایه‌ و كاریگه‌ری كوردیان له‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق لاواز و كه‌م ڕه‌نگ كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو لیستێكی سوونه‌ كه‌‌ئه‌مجاره‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عێراقی كردبوو، یه‌كێ له‌ درووشمه‌كانیئه‌وه‌بوو كه‌ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ڕێ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت، ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ كورد هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌ته‌كانی حوكوومه‌تی شیعه‌ی عێراق گرتووه‌ و گرینگی به ‌به‌شداری كردنی سوونه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی عێراق داوه‌‌. به‌كار هێنانی هێزی كورد بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ مێژووێكی دوورودرێژی هه‌یه، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی عووسمانیی و سه‌فه‌وییه‌كاندا به‌ لووتكه‌ی خۆی ده‌گات.

كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیكله‌ كۆمه‌ڵگای ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا به‌ زمانێكی ساده‌ وه‌ك به‌شداریی وه‌زیره‌كانی كورد له‌ كابینه‌ی حوكوومه‌تی عێراقه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شدارن، به‌ڵام به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ نین و بیروڕایان له‌به‌رچاو ناگیرێت و ڕكێفی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند زاڵه‌ به‌سه‌ر تێكڕای وه‌زاره‌تخانه‌كانی عێراق، بۆ نموونه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ مه‌زنترین سپاسالاری عێراق كورده‌، ئه‌و سپایه‌ هێرش بۆسه‌ر كورد ده‌هێنێت و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌ داگیر بكات، یانخود له‌كاتێكدا كه‌ كورد به‌شداری كابینه‌ی حوكوومه‌تی عێراقه‌ و به‌یه‌كێ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ سه‌ره‌كیی و گرینگی گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق به‌ ئه‌ژمار دێت‌ و ئه‌گه‌ر كورد له‌و حوكوومه‌ته‌ بكشێته‌وه‌ یانخود له‌ پێكهێنانی حوكوومه‌ت به‌شداری نه‌كات، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حوكوومه‌تداریی له‌ به‌غدا دوو ڕۆژ ده‌وام ناهێنێت و ده‌ڕۆخێت و تووشی كێشه‌ی مه‌زن ده‌بێت‌‌، كه‌چی بووجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕن و گوشار بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان دێنن. بنه‌مای فه‌لسه‌فییكۆداری دیموكراتیكیشئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شداری پێكه‌وه‌نانی ده‌سه‌ڵات و حوكوومه‌ت له‌ناوه‌ندی ئێران بێت و له‌ دابه‌شبوونی ئه‌و وڵاته‌ ڕێگری بكات، واتا ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌ سه‌ركردایه‌تیی كورد و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رخستنی حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی و سه‌قامگیریی سیاسیی له‌ عێراق گێڕاویانه‌، كوردیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌مان هێز و وزه‌ له‌ پێناو ئامانجێكی لاڕێ و دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌فیڕۆ بدات.

دواتریش هێزی كورد كاریگه‌ری خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و جێی باییخی هێزه‌كانی ناوه‌ندپه‌سه‌ندی ئێران نابێت و وه‌زیره‌كانی كوردیش ڕۆڵی كز و لاواز ده‌گێڕن و ناتوانن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌كار بهێنن و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیش تاكوو دێت به‌هێزتر ده‌بێت و ئه‌وه‌ش كێشه‌ی پتر بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌كان ده‌خوڵقێنێت و هاوكات هێزی كورد جێی متمانه‌ی ناوه‌ندیش نابێت، چونكه‌ دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات به‌پێی كولتووری دیموكراتیك و مافی گه‌لان و ئازادی و به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی تێكڕای نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌ و دابه‌ش نه‌كراوه‌، به‌ڵكوو هۆكاره‌كه‌ی بۆ لاوازی حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی و بۆبه‌هێز بوونی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ده‌گه‌ڕێته‌وه. كه‌واتاله‌هه‌ر دۆخ و هه‌لوومه‌رجێكی سیاسیی جیاوازدا كه‌ ناوه‌ند بتوانێ خۆی به‌هێز بكاته‌وه‌ گوشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان دێنێت و هه‌وڵ بۆ تێكشكاندنی ئه‌و سیستمه‌ ده‌دات كه‌ بووه‌ته‌ هۆی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و لاوازكردنی ڕۆڵی حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی. هه‌ر بۆیه‌ حوكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ده‌بێ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند لاواز و كه‌مهێز بێت. من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ قه‌د متمانه‌ له‌ نێوان كورد و حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی له‌ هیچكام له‌به‌شه‌كانی كوردستان درووست نابێت، چونكه‌ مێژووێكی پڕ له‌ تارمایی و ته‌مومژاویی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ و مێژووی ئێمه‌ش تراژیدییای تۆمار كردووه‌ و له‌ هه‌ر دۆخێكدا كه‌ كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان كورد و داگیركه‌ر، به‌شێك له‌ تراژیدیایی مێژوویی به‌به‌رچاوماندا دێت و پێمان ده‌ڵێت‌ ئاگادار به‌، مێژوو دووپات ده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ ڕێگای داهاتووی كورد و داگیركه‌ر لێك جیایه‌ و پێویسته‌ كه‌ ئێمه‌ پتر له‌ هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی كیانی خۆماندا بین و بیر له‌ پێكه‌وه‌ ژیان له‌ گه‌ڵ داگیركه‌ر نه‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ پێشڕه‌وی گه‌ل ده‌زانن و پێیان وایه‌ بهله‌به‌رچاو گرتنی بنه‌مای فه‌لسه‌فی و هزری جیاوازیان ده‌كرێ سیستمێكی نوێ بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی كورد بهێننه‌ كایه‌وه‌، پێش هه‌ر هه‌وڵێك پێویسته‌ كه‌ خۆیان له‌ پاشكه‌وتوویی سیاسیی و هزری به‌دوور بگرن و هه‌وڵ بۆ دیموكراتیزه‌ كردنی وڵاتانی داگیركه‌ر نه‌ده‌ن، ده‌بێ ئه‌زموونی تاڵی هه‌رێمی كوردستان و حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌به‌رچاو بگرن و ئه‌زموونی پووچ و كێشه‌خوڵقێن دووپات نه‌كه‌نه‌وه‌ و ڕێگایه‌كی نوێ و ڕوون و سه‌ره‌كیی بۆ ڕزگاری یه‌كجاره‌كیی نه‌ته‌وه‌ی كورد بدۆزنه‌وه‌. كاتێك له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه ‌كورد ناتوانێ حوكوومه‌تی ناوه‌ندی بڕۆخێنێت، ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ كورد ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیش دیموكراتیزه‌ بكات و مافی گه‌لان دابین بكات. كورد ده‌بێ له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی پێداگری بكات و نابێت هیچكات خه‌بات بۆ دیموكراسی و ئازادیبخاته‌ چوارچێوه‌ی خه‌بات بۆ دابینكردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی، مافی نه‌ته‌وایه‌تی و دیموكراسی و ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و مرۆیین كه‌ پێوه‌ندییان به‌ باییخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیشپێوه‌ره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مانه‌ داڕێژراوه‌.

كاتێك كه‌ ئه‌و بنه‌مانه‌ له‌به‌رچاو ناگیرێن و گرینگی و باییخیان پێنادرێت، ئاڵۆزی و ئاژاوه‌ وڵات ده‌گرێته‌وه‌ و كێشه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رهه‌ڵ ده‌دات و كۆمه‌ڵگا تووشی قه‌یران ده‌بێت، وته‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت تاكوو كورد مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌ستبه‌ر نه‌كات ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئاشتی و ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت. له‌ ڕاستیداخه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسی پێویستییه‌كی گشتگیری ژیانی مرۆڤه‌ كه‌ ده‌كرێ بارودۆخ و شێوه‌ی ژیان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر دابنێت و گۆڕانكاری له‌ ژیانی مرۆڤدا بكات، به‌ڵام خه‌باتی ئێمه‌ی كورد بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی و درووست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسی قووڵتر، مه‌زنتر و پێویستتریشه‌‌‌، چونكه‌ پێوه‌ندی به‌ تووانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی كه‌ونی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چ هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان و چ هێزه‌ جیهانییه‌كان تاكوو ئیستاش له‌ دژی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ڕاوه‌ستاون‌ و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵات و هێز و وزه‌ی كورد ده‌ده‌ن.

بۆیه‌ ده‌بێ خه‌باتی ئێمه‌ به‌رفه‌راوان بێت و ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌خۆ بگرێت و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پێش هه‌موو به‌‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌وه‌ بێت، ده‌بێت خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسی به‌شێكی دانه‌بڕاوی خه‌باتی سیاسیی و كولتوورییكورد بێت، پێویسته‌ ڕووبه‌ری ئه‌و خه‌باته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا به‌رفه‌راوان بێت و به‌شه‌ جیاوازه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ ژیان و گووزه‌رانی كۆمه‌ڵگا كه‌ ئازادی و دیموكراسی به‌به‌شێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و خه‌باته‌ پێناسه‌ ده‌كرێت له‌خۆیدا جێ بكاته‌وه‌. واتا خه‌باتی ئێمه‌ بۆ دابینكردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسیی كورد له‌ چوارچێوه‌ی درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا، به‌ڵام هاوكات ده‌بێ خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسیش به‌شێك له‌ كۆی گشتیی ئه‌و تێكۆشانه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ كولتووریی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ بێت و ئه‌و خه‌باته‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا خۆی ڕێكبخات كه‌ بۆ ڕزگاری یه‌كجاره‌كیی نه‌ته‌وه‌ییده‌ستی پێكردووه‌.

كۆی وتار؛

كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك (كۆدار)، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیك، فیدرالیزم و به‌ فیدراڵی كردنی ئێران ‌به‌شێك له‌و پلان و به‌رنامه كێشه‌زا و ئاڵۆزانه‌ن‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌كانی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هه‌ركام به‌چه‌شن و شێوازێكی نوێ‌ ده‌یهه‌وێت جیاوازبوونی خۆی بسه‌لمێنێت و به‌ كۆمه‌ڵگا بڵێت كه‌ سیاسه‌ت و ئیستراتیژی سیاسیی ئه‌و گونجاوه‌‌‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگای كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هیچكام له‌و پلانانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا نین، چونكه‌ له‌ پلانی هه‌ر هه‌موویاندا ژێرده‌ستی و بنده‌ستی درێژه‌ ده‌كێشێت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ئاڵۆزتر ده‌كات و په‌ره‌ به‌ ئێرانیچێتی ده‌دات. له‌ كۆتایی ئه‌م كورته‌ وتاره‌دا به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ پارته‌كان چ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ سیستمی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك هه‌یه‌ و چ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌ سیستمی فیدراڵی هه‌یه‌ خه‌باتیان له‌یه‌ك ئاست و بۆ یه‌ك مه‌به‌ستی هاوبه‌شبه‌ره‌و پێش ده‌چێت.

هه‌روه‌ها كێشه‌كانی نێوانیان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ئاڵووگۆڕانه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ڕوو ده‌ده‌ن و به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ش دژكرده‌وه‌یان له‌خۆ پێشان داوه‌ و له‌یه‌كێ له‌ هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی ژئۆپلۆتیك كه‌ خۆنه‌ویستانه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌پاوه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان ئه‌و هێزانه‌ دابنێت. بۆیه‌ پێم وایه‌ كه‌ دامه‌زراندنی ڕێكخراوێكی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ وه‌ك چه‌ترێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ هه‌موو پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ژێر باڵی خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌، پرسێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌ك پارت بڕیاری له‌سه‌ر بدات و بانگهێشتی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بكات، هه‌رچه‌ند سیستمی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك پتر پێوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگای ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و كوردستانیش وه‌ك به‌شێكی بچووك له‌و‌ كۆمه‌ڵگایه‌‌ پێناسه‌‌ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ باییخ به‌ كوردستان ده‌دات، پێویسته‌ كه‌‌ كونگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرێت و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌‌ بدات. بۆیه‌ ده‌ڵێم سیستمی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك وه‌ك سیستمی به‌ فیدراڵی كردنی ئێرانو كونگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ك. ن. ك. به‌ مردوویی له‌ دایك بوو.