چه‌مکی ئازادی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چه‌مکێکی فه‌لسه‌فیه‌، به‌ میتۆدی ئه‌وه‌ی هیچ شتێک ڕێگر نه‌بێت، له‌به‌رده‌م ئیراده‌ی تاکدا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان، به‌ مه‌رجێک له‌گه‌ڵ ئازادی گشتی به‌ریه‌ک نه‌که‌ون، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ به‌ واتای ئازادبوونی ڕه‌ها نایه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادی و مافی ئازادی ڕاده‌ڕبڕین مافێکی سه‌ره‌تایی تاکه‌، ناکرێ له‌لایه‌ن هیچ که‌س و گروپ و هێزێک ئه‌و مافه‌ پێشێل و زه‌وت بکرێت، چونکه‌ نرخ و گرنگی و به‌هاو زیندوویه‌تی ئه‌و مافه‌ کاریگه‌ره‌، به‌سه‌ر گه‌شه‌پێدان و پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆڤدۆست و یه‌کسان و دیموکراسی، هه‌ربۆیه‌ ململانێی حزبایه‌تی نابێت ببێته‌ ڕێگر بۆ پانتاییه‌ ئازادییه‌کان.

ئه‌گه‌ر کوردستان سیسته‌مێکی دیموکراسیه‌، که‌ زۆرێک له‌ به‌رپرسانی کوردستان شانازی به‌ ئازادی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌که‌ن، ده‌بێت سازان و پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردن و پێکه‌وه‌ژیان و ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌ک و یه‌کسان بۆ هاوڵاتی و هاونیشتمانیان بڕه‌خسێت، نابێ هێزێکی سیاسی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستکه‌وته‌ حزبیه‌کان دروشمه‌کانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بێت و له ‌لایه‌کی تر ترس و تۆقاندن و ده‌نگه‌ ئازاده‌کان کپ و خامۆش بکات، باره‌گای میدیایی و ڕێکخراوه‌یی ڕێگا پێدراو قه‌ده‌غه‌ و یاساغ بکات!! هێرش و په‌لا‌ماری هێزه‌کانی پارتی بۆ سه‌ر باره‌گاکانی پارتی چاره‌سه‌ر، که‌ پێکهاتوون له‌ ده‌زگای مێدیایی و ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و بیرۆی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد داخست و چالاکوانه‌کانیانی ده‌ستبه‌سه‌رکرد، گرتن و ترس و تۆقاندن بۆ ئه‌ندام و دۆست و هه‌وادارانی پارتی چاره‌سه‌ر به‌رده‌وامه‌!!

به‌و ڕه‌هه‌نده‌ ڕفتارکردن له‌گه‌ل هێزه‌ نیشتمانیه‌کان و هاونیشتمانیان کارێکی قێزه‌ونه‌، هیچ ماناو به‌هایه‌ک بۆ ئازادی ناهێڵێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئازادیخوازان ئیدانه‌ی ئه‌و پێشێلکاریه‌ ئاشکرایه‌ی هێزه‌کانی پارتی بکه‌ن، ئه‌رکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌ سنورێک بۆ ئه‌و پێشێلکاریانه‌ دابنێت و یاسایه‌ک ده‌ربکات، بۆ هیچ هێزو لایه‌نێکی سیاسی نه‌بێت، به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ تاک و مێدیا و ڕێکخراوه‌کان قه‌ده‌غه‌ بکات، چونکه‌ هه‌ر بڕیارێک بۆ سنوردارکردنی ئازادییه‌کان، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێمی کوردستان، که‌ به‌ خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هید هاتۆته‌ کایه‌وه‌، ده‌که‌وێته‌ ژێر پرسیار، که‌ ئاشتی و دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیانی کردۆته‌ دروشم، چونکه‌ ئازادی و ئازادی ڕاده‌ڕبڕین خێرو سه‌ده‌قه‌و دیاری نیه‌، که‌ هێزێک به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌ هێزێکی تر ببه‌خشێت..

پرسیارێک بۆ هه‌ڤاڵانی پارتی ئایا ڕای جیاواز و ئایدیای جیاواز، به‌ پێشێلکاری به‌رامبه‌ر ده‌کرێت و بنه‌و باره‌گاکانیان داده‌خرێن و چالاکوانه‌کانیان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێن؟؟ یاخود به‌هۆی لۆژیکی دیالۆک و لێکتێگه‌یشتن جیاوازیه‌کان که‌م ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌و ناکۆکیه‌کان ده‌ده‌ن؟! چونکه‌ فره‌حزبی و ڕای جۆراوجۆر و ئایدیای جیاواز نه‌بێت، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نابن و کۆمه‌ڵگاش پێش ناکه‌وێت....!

ئه‌وه‌ی جێگای هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌رکردنه‌، له‌ ئه‌نجامی ڕێکه‌وتنی ژووره‌ تاریکه‌کانی هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و تامه‌زرۆی دابه‌شکردنی کێکی ده‌سته‌ڵات،چاویان داخراوه‌ و گوێچکه‌یان که‌ڕ و زمانیان لاڵ بووه‌، چالاکوان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مێدیاکاران و ڕۆژنامه‌نوسانی به‌ ناو سه‌ربه‌خۆ نوزه‌یان لێوه‌ نایه‌ت....!! نازانم بۆچی بۆ پشتیوانی و هاوکاری هاوپیشه‌کانیان ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ ناکه‌ن؟! یاخود کارو چالاکی ئه‌وانیش بانێکه‌ و دوو هه‌وا!!

دوا په‌یام بۆ گشت هێز لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان، تاکه‌ ڕێگا چاره‌ له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، دانیشتن و دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتنه‌، نه‌وه‌ک ناوزڕاندن و لێدوانی نابه‌رپرسانه ‌و هێرش و تۆمه‌تبارکردنی یه‌کتر به‌ پیلانی داگیرکه‌ران!! با به‌هه‌موومان کوردستان بکه‌ینه‌ سه‌کۆیه‌کی ئازاد و وڵات به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌یی  ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی به‌رین..

                                                   م.عه‌ونی خۆشناو

                                                     هۆڵه‌ندا/ لاهای