به‌های هه‌ڵبژاردن له‌وه‌دایه‌ که‌ تاک ئازاد بێت له‌ ده‌ربڕین و ویست و ئیراده‌ی خۆی، به‌ میتۆدی پره‌نسیپ و بنه‌ماکانی دیموکراسی مافی ده‌نگده‌ر له‌ کاتی ده‌نگدان پارێزراو بێ، هاووڵاتیان له‌ چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان سه‌رپشک بکرێن، به‌بێ فشار و زۆرلێکردن سزادان به‌ ویستی ڕه‌ها و ئازادی خۆیانه‌وه‌، ده‌نگ به‌ لیست و کاندیده‌کان بده‌ن، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ له‌ جیاتی ئه‌وان بیربکاته‌وه ‌و ده‌نگ بدات، که‌ چه‌ندان ساڵه‌ ئه‌و پێشێلکاریانه‌ له‌ پرۆسه‌کانی ده‌نگدان له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕووده‌دات!!

یه‌کێ له‌ پره‌نسیپی دیموکراسی زۆرینه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی که‌مینه‌ ده‌کات، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ که‌ هه‌موو جارێک و هه‌موو بڕیاره‌کانی زۆرینه‌ ڕاست و بێ گرفت بێت، هه‌ندێک جار زۆرینه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت هه‌ڵه‌ وچه‌واشه‌کاری ده‌کات، لێکدانه‌وه ‌و هاوکێشه‌کان به‌ ناڕێکی ده‌رده‌خات و ده‌خوێنێته‌وه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ هات و هاوار و به‌یاننامه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و چوار لایه‌نه‌ سیاسیه‌، جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کاری و بێ بنه‌ماکردن و بێ بایه‌خکردنی پرۆسه‌ و ڕه‌وشی هه‌ڵبژاردن‌، هه‌نگاوێکی ترسناکه‌ بۆ په‌شێوی ئاڵۆزکردنی ده‌ڤه‌ره‌که‌، چونکه‌ به‌ کام لۆژیک و پێوه‌ر یه‌ک تاکه‌ لایه‌ن، که‌ ئه‌وپه‌ری ئازادی و ئارامی و ئازادی ده‌نگدان و ئازادی ڕاده‌ربڕینی فه‌راهم کردووه‌، هه‌وڵی ته‌زویرو ساخته‌کاری بدات، ئه‌و جاره‌ یه‌کێتیی ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی خستۆته‌گه‌ڕ، تاکو ڕێگری له‌ ساخته‌کاری و ته‌زویری هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بگرێت، که‌ له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندانی وێستگه‌کانی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو ئه‌نجام ده‌دران، هه‌ربۆیه‌ مه‌رجی سه‌ره‌کی دیموکراسی ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و چوار لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ڕێزو به‌های مرۆڤه‌کان بگرن و ده‌نگی ده‌نگده‌ران به‌ پارێزراوی بهێلنه‌وه‌!!

سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاگاو هوشیارن، ده‌زانن کام لایه‌ن هه‌وڵی ته‌زویر و ساخته‌کاری ده‌دات، هیچ به‌هایه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ناهێڵیته‌وه‌!

له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ یه‌کێک له‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستان ده‌نگی ناو سندوقه‌کان زیاتربوون، له‌ ڕێژه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 به‌مه‌به‌ستی ترساندنی هاونیشتیمانیان به‌ بیانوی جۆراو جۆر باره‌گاکانی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ هه‌مان ده‌ڤه‌ر سوتێنران و چه‌ند که‌سێک کوژران!!

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلولی 2013 له‌ پێناوی ڕێگری کردن له‌ ساخته‌کاری کاکه‌ (سه‌رکه‌وت عومه‌ر) له‌به‌رده‌م باوکی گوڵله‌باران و شه‌هیدکرا.

ئه‌رێ ئه‌وه‌ کام لایه‌نه‌یه‌ ناوی مردووه‌کان ناسڕێته‌وه‌ و ناوی دووباره‌ ئه‌ژمار ده‌کات؟ کام فراکسیۆنی په‌رله‌مانی پێداگری له‌سه‌ر لیستێکی پوختی ده‌نگده‌ران ده‌کات و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناوی مردووه‌کان ده‌دات؟؟ کام لایه‌نه‌یه‌ بێ ڕێزی به‌ هاونیشتمانانی به‌شه‌کانی تری کوردستان ده‌کات و له‌ پێناوی ده‌ستبه‌رکرکردنی ژیانێکی کۆڵه‌مه‌رگی بۆ ساخته‌کاری و ته‌زویر به‌کاریان ده‌هێنێ؟

ئه‌وه‌ کام لایه‌نه‌ له‌ وڵاتێکی به‌رقه‌راری دیموکراسی وه‌ک هۆڵه‌ندا له‌ وێستگه‌یه‌کی ده‌نگدان ژماره‌کان ئاوه‌ژوو ده‌کات و ساخته‌کاری له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدان ده‌کات؟! من وه‌ک کادیرێکی یه‌کێتی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ نوسراوێکی فه‌رمی یه‌کێتیم له‌و خروقات و به‌ربه‌ستانه‌ ئاگادارکرده‌وه‌، که‌ هه‌ندێک لایه‌ن له‌ ڕێگای کارمه‌ندانی کۆمسیۆن هه‌وڵی ساخته‌کاری ده‌ده‌ن له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدان، که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلولی 2013 ئه‌و ساخته‌کاریه‌ ئه‌نجامدرا..

زۆرێک له‌ ئێمه‌مانان حکایه‌تی به‌سه‌رهاتی حه‌زره‌تی یوسف ده‌زانین، بۆیه‌ یه‌کێتیی و به‌سه‌رهاتی حه‌زره‌تی یوسف دوانه‌یه‌کی له‌یه‌کچوون:.

براکانی حه‌زره‌تی یوسف ویستیان بیکوژن، به‌ڵام نه‌مرد..له‌سه‌ره‌تای ده‌مه‌زراندنی یه‌کێتیی، پارتی و داگیرکه‌ران و هێزه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان ویستیان یه‌کێتیی له‌ناو ببه‌ن، (پێویست به‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژوو ناکات)، به‌ڵام بۆیان نه‌کرا!!

دووباره‌ ویستیان به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ئاسه‌واری حه‌زره‌تی یوسف نه‌هێڵن، به‌ڵام پایه‌ی به‌رزبووه‌وه‌..ویستیان یه‌کێتیی له‌ 31ی ئابی 1996 دا شاربه‌ده‌ر بکه‌ن و بچووکی بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام یه‌کێتیی به‌ حیکمه‌تی دامه‌زرێنه‌ره‌ حه‌کیمه‌که‌ی و کادره‌ له‌ خۆبووردوووه‌کان و سه‌رکردایه‌تیه‌ ژیره‌که‌ی کاریگه‌ری زیاتربوو..

ئینجا براکانی یوسف ویستیان خۆشه‌ویستی له‌ دڵی باوکی ده‌ربکه‌ن، به‌ڵام دیسان خۆشه‌ویستی زیاتربوو..یه‌کێتیی به‌درۆ و چه‌واشه‌کاری و هه‌ندێ کادیری خراپ و گه‌نده‌ڵ ویستیان لای جه‌ماوه‌ر ناشیرن و لاوازی بکه‌ن، به‌ڵام خۆشه‌ویست و پێگه‌ی یه‌کێتیی ڕۆژبه‌رۆژ به‌هێزتر ده‌بێ..

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێتیی هه‌ڵقوڵاوی نێو جه‌ماوه‌ره‌ و بۆ جه‌ماوه‌ره‌، هه‌ر پیلان و گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌کی لێبکرێت، به‌ ئیراده‌ی له‌بننه‌هاتووی گه‌ل سه‌رده‌که‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ده‌ڵێت سه‌فین له‌بن بێت، یه‌کێتیی له‌بن نایه‌ت..

                                        م.عه‌ونی جۆشناو

                                        هۆڵه‌ندا / لاهای