ڕوداو و پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین زۆرجار ئه‌وه‌نده‌ به‌خێرایی ڕوده‌ده‌ن مرۆڤ ناتوانی شرۆڤه‌یه‌كی متمانه‌داریان بۆ بكات، له‌هێرشه‌كانی ئه‌م دوو مانگه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆسه‌ر سوپاكه‌ی مالیكی گه‌لێك ڕوداو و لێدوانی هه‌مه‌جۆری له‌ئێراق و ناوچه‌كه‌و جیهاندا هێنایه‌بون له‌م نێوه‌نده‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌95%ی ناوچه‌كانی سنوری ماده‌ی 140ی كۆنترۆڵ كردو بارزانی لای خۆیه‌وه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌میدیاكانه‌وه‌ وروژاندو هه‌روه‌ها چه‌كدارانی داعشیش ده‌وڵه‌تی ئیسلامی خۆیان له‌ئێراق ڕاگه‌یاندو شاری موسڵیان كرده‌ یه‌كه‌م ولایه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌و له‌ئاست نێوده‌وڵه‌تیشدا هه‌ردوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا سه‌ردانی ناوچه‌كه‌و به‌غداو هه‌ولێریان كردو وه‌زیرانی هه‌ردوو وڵات له‌م سه‌ردانه‌یاندا نه‌ك هه‌ر هه‌گبه‌كه‌یان بۆ هه‌ولێر به‌تاڵبوو به‌ڵكو ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌بۆ ڕاپرسی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی هه‌بوو له‌باریان بردو هه‌رله‌م باره‌وه‌ مالیكی گه‌فی زڕاندنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردو گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی سوپاكه‌ی له‌ده‌ستیداون ئاراسته‌ی هه‌ولێرو داعشی كردن!؟ سه‌رئه‌نجام لێدوانه‌ دبلۆماسیه‌ لوتكه‌ییه‌كان و گه‌فی مالیكی وڵاتانی ناوچه‌كه‌و شپرزه‌یی و دوبه‌ره‌كی نێوماڵی هه‌رێم وهتد. . وایكرد په‌رله‌مانتارانی كورد بۆ شه‌رعیه‌تدانی سیاسی و یاسایی به‌ولایه‌تی سێیه‌می مالیكی ڕویان له‌به‌غدا كردو تاهه‌نوكه‌ش هیچ جۆره‌ پێشمه‌رجێكی پرۆتۆكۆڵی ئه‌وتۆ له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێردا به‌دی ناكری و تاوه‌كو پاساوێك بی بۆ ئه‌م ئاماژه‌یه‌!! له‌25/7دا بانكی مۆن به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غداو دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مالیكی له‌باره‌ی ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوخۆی ئێراق و ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێری كردو له‌گه‌ڵ مسعود بارزانی كۆبویه‌وه‌، به‌شێك له‌شرۆڤه‌كاران وایان ده‌بینی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بانكی و بارزانی ئاماده‌كاری گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردبی، به‌ڵام به‌پێی پرسیارو لێدوانه‌كانی هه‌ردولا له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یاندا بانكی مۆن هیچ ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی به‌و خواسته‌ی بارزانی نه‌داوه‌و به‌م پێیه‌ش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ خواستی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمدا نیه‌!؟، ئه‌وه‌ی له‌نێوان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری گه‌لی كوردو به‌غدادا ئه‌مینێته‌وه‌و (به‌ڵی و نه‌خێر) ئاراسته‌ی كاملا ئه‌كات بێگومان (بارزانی) یه‌، له‌م باره‌وه‌ هه‌ندێك چاودێر پێیانوایه‌ ورژاندنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی ناوبه‌ناو له‌لایه‌ن (بارزانی) یه‌وه‌ ته‌نها له‌پێناو به‌ماف زانینی نه‌وه‌ی داهاتوی كوردو سوكه‌ گوشارێكه‌ بۆسه‌ر به‌رپرسانی به‌غداو هیچی تر، به‌ڕای من ئه‌م ئاماژه‌یه‌ له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تدا هیچ په‌ناگایه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌ تاوه‌كو جێگای بێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا تاكه‌ وه‌ڵامێكی مامناوه‌ند بارزانی بتوانی بۆ گه‌لی كورد بیداته‌وه‌ پاش شكستهێنانی داعش له‌ئێراقدا نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ هێڵی شین، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ش كاتێك دروست ئه‌بی هه‌ولێر و به‌غدا به‌م هۆیه‌وه‌ دوچاری شه‌ڕ نه‌بنه‌وه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دام هیچكات به‌غدا ڕێگه‌ به‌مانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كانی گرته‌وه‌ی ماده‌ی140دا نادا بۆیه‌ وایده‌بینم وه‌ك كایه‌كانی ڕابردو به‌رپرسانی هه‌رێم به‌بیانوی مانه‌وه‌ی ده‌سسه‌ڵاتیان به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆو به‌بیانوی له‌بارنه‌چونی ئه‌زمونی هه‌رێم جارێكی دیكه‌ مرونه‌تێكی تر ئه‌نوێن و پاشه‌كشه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ ئه‌كه‌ن!! ئه‌وه‌ی له‌م ئاماژه‌یه‌و مانشێتی بابه‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ له‌ڕوی جه‌ماوه‌ری و پارسه‌نگی سیاسیه‌وه‌ زیانمه‌ند ئه‌بی بێگومان (مسعود بارزانی) یه‌.